50 گۆڕی مۆمیاکراو لە میسر دۆزرانەوە

- 2/3/2019 11:55:00 AM 33638 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد 

لە ناوچەی ئەلمینیای میسر 50 گۆڕی مۆمیاکراو دۆزراونەتەوە، کە مێژوەکەیان بۆ ساڵی 305ی پێش زاینی دەگەڕێتەوە.

تۆڕی هەواڵی BBCی بریتانی بڵاویکردەوە، شوێنەوارناسانی میسر و وەزیری ئەنتیکەی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردوە، 50 گۆڕی مۆمیاکراو دۆزراونەتەوە کە مێژوەکەیان بۆ سەردەمی بەتلەمیە دەگەڕێتەوە کە ماوەی حکومڕانیان 30 بۆ 305ی پێش زاین بوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، گۆڕە دۆزراوەکان 12یان گۆڕی منداڵ بون، کە لە چوار ژوری ناشتندا نێژراون، لە چیای جەبەل تونەی ناوچەی ئەلمینیا لە بەشی باشوری قاهیرەی پایتەخت.

بەشێک لە جەستە مۆمیاکراوەکان لەناو کەتاندا هەڵگیراون و بەشێکیشیان لەناو کفن و هەندێکی دیکەشیان لەناوی سندوقی داردا دانراون. 


هەرچەندە کەسایەتی گۆڕە مۆمیاکراوەکان و پێگەی کۆمەڵایەتییان دیارینەکراوە، بەڵام بەرپرسانی میسر رایانگەیاندوە، "مۆمیاکراوەکان کەسانی گرنگ بون".


هاوکات وەزیری ئەنتیکی میسر رایگەیاندوە، بەپێی ئاماژە زانستییەکان مۆمیاکراوەکان لە گۆڕێکی خێزانیدا بون کە سەر بە چینێکی مامناوەندی کۆمەڵگا بون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP