فازڵ نەبی: بەغدا نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت

- 2/3/2019 10:06:00 AM 112055 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەگەر 250 هەزار بەرمیل نەوتیش لەلایەن هەرێمەوە رادەستی بەغدا نەکرێت.

فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، لە ماددەی 10ی پڕۆژە یاسای بودجەدا لە بڕگەی ج-دا هاتوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوت رادەست نەکات،  ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نابێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هەیە، جگە لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە.
وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نابێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم جگە لە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە
ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی عێراق نیازی هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەگەر 250 هەزار بەرمیلەکەش لەلایەن هەرێمەوە رادەستنەکرێت".

لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانوی "زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان" کار بە سیتەمی پاشەکەوتی موچە دەکات، و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی هەڵگرتنی پاشەکەوتی موچەن دوای رەوانەکردنی پکشی کورد لە بەغداوە.

فازڵ نەبی راشیگەیاند، "پەرلەمانتارە کوردەکان دو دەقیان بۆ پشکی کورد ئامادەکردوە، کە یەکەمیان ئەوەیە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە هەژماربکەین دەکاتە 522 ملیار دینار، واتا حکومەتی عێراق مانگانە دەینێرێت بۆ هەرێم ئەگەر هەرێمیش نەوتەکەی رادەست نەکات".

رونیشیکردەوە، ئەو بڕگەیە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرنەدراوە و عەرەبەکان کە زۆرینەن پێی رازی نەبون، لە بەرامبەردا دەقێکی دیکەیان نوسی و پەسەندکرا کە دەڵێت، "حکومەتی عێراق دەبێت پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە موچەشەوە، بەڵام لەبەرامبەر رادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP