هەواڵی ئەمڕۆ

دوو گەنج بە کارێکی خێرخوازی هاوکاری خاوەن پرسەکان دەکەن

- 2/2/2019 9:57:00 PM 8107 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

لە دەربەندیخان گروپێک ئامێر بۆ قورئان خوێندن لە پرسەکاندا بەکاردەهێنن و بە وتەی خۆیان لە ماوەی دوساڵدا توانیویانە 200 ملیۆن دینار بۆ خاوەن پرسەکان بگێڕنەوە و وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت" ئەوان ئاگاداری هیچ پرۆژەیەکی لەوجۆرە نین".

فەرمان و دوو هاوڕێکەی ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە قەزای دەربەندیخان پرۆژەیەکیان هەیە و بەشێوەیەک لە رێگەی ئامێرێکەوە قورئان بۆ پرسەکان دەخوێندرێت و لەبەرامبەردا بڕێک پارە بۆ خاوەن پرسەکان دەگێڕنەوە کە دەبێت خاوەن ماڵەکە بیداتە قورئان خوێنەکە.

فەرمان عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری گروپەکە بۆ خەندان قسەیکردو وتی، ئەوان بە خۆبەخش ئەو کارەدەکەن و دەیانەوێت لە رێگەی ئامێرێکەوە قورئان بۆ پرسەکان دابنێن و ئەرکی سەر شانی خەڵک سوک بکەن لە رووی داراییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەنگی چەند قورئان خوێنێکی خۆشیان تۆمارکردوە و بەو شێوازەی کە لە پرسەکاندا دەخوێندرێت و پێویست ناکات خاوەن پرسەکە قورئان خوێن بانگ بکات.
زیاتر لە 200 ملیۆن دیناریان بۆ خاوەن پرسەکان گەڕاندوەتەوە
فەرمان دەڵێت، "ئەوان لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا بەپێی ئاماری نافەرمی زیاتر لە 200 ملیۆن دیناریان بۆ خاوەن پرسەکان گەڕاندوەتەوە".

دەشڵێت، لەسەرەتاوە لە قەزای دەربەندیخانەوە دەستیانپێکردوە و ئێستاش لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و ناوچەکانی هەڵەبجە و شارەزور و دەستیانپێکردوە و دەیانەوێت لە هەموو شارەکانی دیکە جێبەجێیبکەن.

فەرمان دەڵێت، "وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەو بابەتانەن و زۆر هاوکاری و پشتگیریان کردوین".
وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداری پرۆژەکە نییە
لای خۆشییەوە نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوان وەک وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداری هیچ پرۆژەیەکی لەو بابەتە نین، لیژنەیەکی تایبەت هەیە لە وەزارەت سەبارەت بەو بابەتە، پێویستە ئەوقافی سنورەکە ئاگاداربکرێتەوە لەو پرۆژەیە و وەزارەت ئاگاداربکاتەوە، ئەوانیش ئەگەر پێیان باش بێت لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پێکدەهێنن و بڕیاری لەسەر دەدەن.
نرخی پرسە بۆ یەک رۆژ 75 هەزار دینارە
دەشڵێت، لە وەزارەتەوە نرخی قورئان خوێن بۆ یەک رۆژ دانراوە کە دەکاتە 75 هەزار دینار واتا دوو رۆژە دەکاتە 150هەزار دینار.

لەسەر ئەو بابەتە ناسیح مەلا حەسەن قائیمقامی دەربەندیخان بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو گروپە هاتنە لای ئێمە داوای مۆڵەتیان کرد، ئێمە بیرۆکەکەمان پێباش بوو، بۆیە مۆڵەتمان پێدان، چونکە هەندێک خێزان هەیە باری دارایی باش نییە و ناتوانێت پارە بدات بە قورئان خوێن، بۆیە ئەو پرۆژەیە زۆر باشە، هەرکەسێکیش حەز نەکات بەو ئامێرە دەتوانێت قورئان خوێن بهێنێت و خۆی پارە بدات".

قائیمقامی دەربەندیخان باسیلەوەشکرد، "سەرەتا پرۆژەکە شەرمنانە دەستیپێکرد، بەڵام ئێستا بووە بە دیاردەیەک قورئان خوێن نەماوە لە دەربەندیخان، هەرچەندە لەسەرەتادا رێگیریش هەبوو، قورئان خوێنەکان حەزیان نەدەکرد، بەڵام ئێمە پرۆژەکەمان پێباشبو بۆیە پەسەندمانکرد و ئەو رێگیریانەمان نەهێشت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP