ترەمپ بە چاوى فرمێسکاویەوە ژنە کوردەکەى بینیوە

- 2/2/2019 6:25:00 PM 82466 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

راوێژکارێکى کۆمارییەکان ئاشکراى دەکات، دیدارى نێوان سەرۆکى ئەمریکا و هاوسەرۆکى ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بەڕێکەوت بوەو دواى ئەوەى ترەمپ چاوى بە ئیلهام ئەحمەد کەوتوە کە فرمێسک دەرێژێت، دڵنیایی داوەتە کوردەکانى سوریا.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتدپرێس بڵاویکردبویەوە کە سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا کۆبونەوەى لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات ئەنجامداوە و ترەمپ رایگەیاندوە کە واشنتن هەوڵدەدات لە نێوان توركیا و شەڕڤاناندا لە سوریا رێکكەوتنێك بەدیبهێنێت، هەروەها وتوشیەتی، "من کوردم خۆشدەوێت".

ئیلهام ئەحمەد پێشتر چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ترەمپ بۆ رێکنەخرابو

 

لەبارەى ئەو هەواڵەوە زەردەشت بابان راوێژکارى کۆماریەکان بڵاویکردۆتەوە کە ئیلهام ئەحمەد بەهیچ جۆرێک پێشتر چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ترەمپ بۆ رێکنەخرابو،  بەڵکو ئیلهام ئەو شەوە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ترەمپ نانی خواردوە و ترەمپیش بەمەبەستی دیدارێکی تایبەت بە زیادکردنی بودجە لەوێ بوە.

ئەوەشى خستۆتەروو، ترەمپ چاوی بە ئیلهام کەوتوە کە فرمێسکی رشتوە و دڵنیای کردۆتەوە کە ئەمەریکا رێگەنادات کوردەکان بکوژرێن.

دووشەممەی رابردو ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات سەردانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای کردو چاویکەوتوە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

واشنتن هەوڵدەدات رێکكەوتنێك لە نێوان توركیا و شەڕڤاناندا بەدیبهێنێت

 

ئیلهام ئەحمەد لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتدپرێس رایگەیاند، بەمەبەستی رێگریكردن لە دروستبونی جەنگ لە نێوان توركیا و هێزە كوردیەكانی باكوری رۆژئاوای سوریا، دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەتەواوی لەو خاكە دەكشێنەوە، دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵی ئەوەدایە هەردولا بگەیەنێت بە رێكکەوتنێک.

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت چاوەڕێبكەین و بزانین ئایا هەوڵەكانی ئەمریكا سەركەوتودەبن یاخود نا".

ئیلهام ئەحمەد لەمیانی سەردانەکەیدا لە ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كۆبوەتەوە و بە وردی باسیان لە چۆنیەتی دروستكردنی ناوچەی ئارامكردوە لە خاكی سوریا. 

کۆبونەوەکەی ئیلهام ئه‌حمه‌د و دۆناڵد ترەمپ لە هۆتێلێک لەکاتی نان خواردندا ئەنجامدراوە و چەند ئەندامێکی گۆنگرێسی ئامادەبون و گفتوگۆکانیان ماوەی 10 خولەکی خایاندوە.

گفتوگۆکانی ئیلهام ئه‌حمه‌د و دۆناڵد ترەمپ ماوەی 10 خولەکی خایاندوە

 

ترەمپ بە ئیلهام ئه‌حمه‌د-ی راگەیاندوە، "من کوردم خۆشدەوێت و پەیمان دەدەم بە تەنیا جێتان نەهێڵم، دوای کشانەوەی هێزەکانمان لە سوریا".

من کوردم خۆشدەوێت و پەیمان دەدەم بە تەنیا جێتان نەهێڵم

 

سەردانی ئیلهام ئەحمەد بۆ واشنتن بەمەبەستی كۆكردنەوەی دەنگە بۆ دانوستانەكان لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خاكی سوریا و دڵنیایدان بە ئاسایشی مانەوەی شەڕڤانان لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریادا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP