فەیسبوك و تویتەر سەدان هەژماری ساختە دادەخەن

- 2/1/2019 10:09:00 PM 4464 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- شادان عەلی

هەردو كۆمپانیای فەیسبوك و تویتەر، بە سەدان هەژماریان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیاندا سڕیوەتەوە كە زۆرینەیان لە وڵاتانی ئێران و روسیا و ڤەنزێلا-وە سەرچاوەیان گرتوە.

بە پێی بڵاوكراوەیەكی تەلەفزیۆنی "سی ئێن بی سی" ئەمریكی، كۆمپانیاكانی تویتەر و فەیسبوك، سەدان هەژماریان سڕیوەتەوە كە بە مەبەستی دروستكردنی كاریگەری نەرێنی  لەسەر سیاسەت و راوبۆچونی خەڵك و وڵاتانی دیكە دروستكراون.
کۆمپانیای فەیسبوک حەوت سەدو 83 هەژماری تایبەت و گروپ و پەڕەی لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكەیدا سڕیوەتەوە

 

دوێنێ پێنجشەممە، كۆمپانیای فەیسبوك رایگەیاندوە، حەوت سەدو 83 هەژماری تایبەت و گروپ و پەڕەی لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكەیدا سڕیوەتەوە، كە تێوەگلابون لە بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروست و بەلاڕێدابردنی بەكارهێنەرانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكە، كە لە رێگەی چەند هەژمارێكی ساختە یاخود دزراوەوە ئەنجامدراون.
کۆمپانیای تویتەر دووهەزار و شەش سەد و 17هەژماری سڕیوەتەوە كە زانیاری هەڵەیان بڵاوكردوەتەوە 

 

لە هەمانكاتدا، كۆمپانیای تویتەر رایگەیاند، لە مانگی ئابی ساڵی 2018وە تا ئێستا، دووهەزار و شەش سەدو 17هەژماری سڕیوەتەوە كە زانیاری هەڵەیان بڵاوكردوەتەوە و زۆرینەی هەژمارەكان پەیوەندیان بە وڵاتی ئێرانەوە هەبوە، لەنێویاندا هەژماری ساختەی دیكەی وڵاتانی بەنگلادش و روسیا و ڤەنزوێلای تێدایە.
هەڵمەتی بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە بە مەبەستی دابەشكردن و بڵاوكردنەوەی ئاژاوەگێڕییە

 

بە پێی بەرپرسانی هەردو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكە، هەڵمەتی بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە بە مەبەستی دابەشكردن و بڵاوكردنەوەی ئاژاوەگێڕی و خراپكردنی دۆخی ئەو وڵاتانەیە كە لەو هەڵمەتەدا لە لایەن چەند وڵاتێكی دیكەوە بەئامانجگیراون.

بەرپرسی ئاسایشی ئینتەرنێتی كۆمپانیای فەیسبوك رونیكردوەتەوە، پاش ئەوەی كۆمپانیای تویتەر كێشەی هەبونی هەژماری ساختەی بڵاوكردوەتەوە و فەیسبوك بەدواداچونی بۆ هەمان كێشە كردوە، لە ئەنجامدا هەردو كۆمپانیا پێكەوە بۆ دەستنیشانكردنی هەژمارە ساختەكان كاریانكردوە.

بەڕێوەبەرێكی كۆمپانیای تویتەریش رایگەیاندوە، بەردەوامدەبن لە بەدواداچونەكانیان بۆ دەستنیشانكردنی هەژمار و پەڕە ساختەكانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكەیان.

ئەو ھەڵمەتەی هەردو كۆمپانیای فەیسبوك و تویتەر، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیاندایە بۆ دۆزینەوە و لابردنی ئەو كێشانەی بەهۆی ناوەڕۆك و زانیاری ساختەوە دێتە رێی بەكارهێنەرانیان.

نیشانەکردن :

#فەیسبوک #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP