بە ڤیدیۆ.. لەهیندستان پڵنگێك شەش كەس برینداردەكات

- 2/1/2019 8:45:00 PM 43735 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 
لە هیندستان، پڵنگێكی كێوی دەچێتە ناو شارێکەوە و شەش كەس برینداردەکات.

ئەمرۆ هەینی، لە گردەكانی چواردەوری شاری جالاندهار كە دەكەوێتە باكوری هیندستانەوە، پڵنگێك چوەتە ناو شارەكە و بۆ ماوەی چەند كاتژمێریك لەناو شارەكەدا پەلاماری دانیشتوانی داوە.

بە وتەی بەرپرسانی پاراستنی ژینگە و دارستانی هیندستان، ئەو پڵنگە لە گردەكانی ناوچەی هیماچال پرادێش-ەوە بەرە و ناو شارەكە هاتوە و دواتر بە شێوەیەكی دڕندانە هەڵمەتی بۆ خەڵكی شارەكە بردوە و چەند كەسێكی برینداركردوە.

سێ دەرزی بێهۆشیان بەکارهێناوە تا گرتویانە

هێزەكانی پاراستنی ژینگە و دارستان دوای روداوەكە رایانگەیاند، دوای ئەوەی دوو دەرزیان بەكارهێناوە بۆ هێوركردنەوەی ئاژەڵەكە و سێیەمین دەرزیشیان بە مەبەستی بەتەواوەتی بێهۆشكردنی پڵنگەكە بەكارهێناوە و توانیویانە بیخەنە قەفەزێكەوە و بیگرن.

لە ئێستاشدا پڵنگەكە لە باخچەی ئاژەڵانی ئەو شارەیە و بەرپرسانی پاراستنی ژینگە و دارستان بڕیاریان نەداوە ئایا پڵنگەكە لە باخچەی ئاژەڵان دەهێڵنەوە یاخود بۆ شوێنی خۆی دەیگەڕێننەوە.

بە پێی میدیاكانی هیندستان، بەهۆی پەلاماردانی پڵنگەكەوە شەش هاوڵاتی برینداربون و هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمارنەكراوە. 

 



نیشانەکردن :

#هیندستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP