نێچیرڤان بارزانى : دەبێت هەمو کاتێک پارتى و یەکێتى پێکەوە کاربکەن

- 2/1/2019 11:17:00 AM 5961 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئەمڕۆ لە ساڵیادى شەهیدانى یەکى شوبات نێچیرڤان بارزانى لە وتارێکدا رایگەیاند: دەبێت هەمو کاتێک پارتى و یەکێتى پێکەوە کاربکەن و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە لە سەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان.

لە وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان دواى سەرەخۆشى لە کەسوکارو قوربانیانى کەسوکارى شەهیدانى کردەوە تیرۆرسیتیەکانى یەکى شوبات رایگەیاند: پێویستە هەمیشە یەکگرتو بین و هەمو لایەکمان یەکڕیزى بپارێزین.

لە بارەى مەترسیەکانى داعش و بەشداریی کردنى پێشمەرگە لە روبەروبونەوەى تیرۆر رایگەیاند: داعش هێشتا کۆتایی نەهاتوەو دەبێت هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و جیهان بەردەوام بن لە روبەروبونەوەى تیرۆر و ستراتیژیەتێکى نوێ دابنێن بە بەشدارى پێشمەرگە بۆ روبەروبونەوەى تیرۆر لە عێراق، بۆیە دەبێت ئاگامان لەو مەترسیانە بێت و بەتوندى رێگرى بکەین لە سەرلەنوێ هەڵدانەوەى داعش.

پارتى و یەکێتى پێکەوە خوێنیان رژاوەو دەبێت هەمو کات پێکەوەبن

 

نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵى خۆى بەو لێکتێگەشتنە دەربڕى کە لەنێوان حکومەتى هەرێم و بەغداد هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان و رایگەیاند: داعش و هاوشێوەکانى سود لە ناکۆکى نێوان بەغداد و هەولێر دەبینن، بۆیە دەبێت هاوکارى نێوان هەولێر و بەغدا بەهێز بکەین و چارەسەرى کێشەکان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە زۆر بە گرنگ دەزانین.

لەبەشێکى ترى وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانى باسى لەو قۆناغانەى خەباتکرد کە پارتى و یەکێتى پێکەوە ئەنجامیانداوە، لە بەدەستهێنانى دەستکەوتەکانى هەرێمى کوردستان و روبەروبونەوەى تیرۆر، لەو روەوە رایگەیاند: هەموو دەستکەوت و کارەساتەکانمان پێکەوەبون، ئەمڕۆ کە ئەم یادە دەکەینەوە، پێش هەمو شتێک، دەبینین کە خوێنى بەرپرس و کادرانى یەکێتى و پارتى پێکەوە رژاوە، بۆیە دەبێت هەمو کاتێک پارتى و یەکێتى پێکەوە کاربکەن و چارەسەر بۆ پرسە جیاوازەکان بدۆزنەوە.

 

داواشى کرد کە هێزو لایەنە سیاسیەکان پێکەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و لە پرس و پرۆسە سیاسیەکاندا لێکتێگەشتنیان زیادبکەن لەسەر ئاستى هەێم و عێراق بۆ ئەوەى حکومەتى داهاتو دور لە کێشە بەڕێوەبچێت و چارەسەرى هەمو کێشەکان بکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP