پارتی كارته‌كانی ده‌ستی ده‌گۆڕێت
چی له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و شیوعی ده‌ویست؟

- 1/31/2019 10:00:00 PM 27092 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- 

دوای تێپه‌ڕبونی 123 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا تا ئێستا پارتی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سه‌قفی داواكاریه‌كانی به‌رزكرده‌وه‌، پارتی هه‌نگاوی خێراتری نا، په‌نای بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتوی ئیسلامی و حزبی شیوعی برد.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ پارتی شاندێكی باڵای نارده‌ لای هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتوی ئیسلامی و حزبی شیوعی، كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ده‌مێكه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی تێچكوه‌ و یه‌كگرتو و شیوعیش بڕیاریانداوه‌ نه‌چنه‌ ئه‌و كابینه‌یه‌ی كه‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.

پارتی چی دەوێت؟

به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا پارتی و كۆمه‌ڵ نه‌چونه‌ته‌ ناو ورده‌كاری پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر "دۆستانه‌ و مجامه‌له‌كردنی یه‌كتر بووه‌" بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان كه‌ دوای كشانه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی كۆمه‌ڵ له‌كابینه‌ی هه‌شت په‌یوه‌ندیه‌كانی گه‌یشته‌ بنبه‌ست، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی پارتی "دۆسیه‌ی تیرۆر"ی له‌سه‌ر چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵ وروژاند.

خه‌ندان زانیویه‌تی، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا پارتی هیچ به‌ڵێنێكی به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌داوه‌ شاندی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باپیر به‌ ئه‌ندازه‌ی شانده‌كه‌ی پارتی "مجامه‌له‌ی پارتیان كردوه‌".

ئه‌و شانده‌ باڵایه‌ی كه‌ پارتی ره‌وانه‌ی لای كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و شیوعی كرد، شاندی دانوستانكار نه‌بوو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، پارتی فازیل میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی كرده‌ سه‌رۆكی شانده‌كه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی میرانی كه‌مترین لێدوانی توندی سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی داوه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردودا.

بەشێک لە کۆمەڵ کۆبونەوەی رەتکردوەتەوە

خه‌ندان له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌ زانیویه‌تی، به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵ به‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ و پێیان وابوه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ رێگاكانی گه‌یشتن به‌ كابینه‌ی نۆی حكومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی دورتر ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ فازیل میرانی، سه‌رۆكی شانده‌كه‌ له‌ باڵی نێچیرڤان بارزانی-یه‌، چونكه‌ "كۆمه‌ڵ ده‌یه‌وێت گوێی له‌ بۆچونی له‌ مه‌سرور بارزانی بێت".

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌خه‌ندان-ی وت، "كۆمه‌ڵ پێی باشبوه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكه‌وه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن، به‌ڵام پێشتر گۆڕان به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ پارتی هێڵێكی تۆخی له‌ نێوان خۆی و كۆمه‌ڵدا كێشا كه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵی رابردو له‌ یه‌ك به‌ره‌ی به‌هێزدا بون".

پارتی، کۆمەڵ وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنێت

سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ندان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ پێمان خۆش نییه‌ پارتی وه‌كو كارتی گوشار به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی به‌كارمان بهێنێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا گۆڕان به‌كارده‌هێنێت، هه‌روه‌ك چۆن پێشمان خۆش نیه‌ یه‌كێتی ئێمه‌ و گۆڕان به‌كاربهێنێت به‌رامبه‌ر به‌ پارتی".

بیلال سلێمان، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كێك له‌ به‌شداربوانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كۆمه‌ڵ و پارتی به‌ خه‌ندان-ى وت، شاندی پارتی پێیانوتون كه‌ پێیان باشه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شداری حكومه‌تی داهاتو بكه‌ن، ئه‌و داوایه‌شیان له‌ كۆمه‌ڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێم بكات.

وتیشی، "كۆمه‌ڵ له‌ داهاتودا دیراسه‌ی پرسی به‌شداریكردنی له‌ حكومه‌ت ده‌كات، ئه‌گه‌ر پارتیش ورده‌كاری چۆنیه‌تی به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵ بكات، به‌ڵام تائێستا كۆمه‌ڵ هیچ بڕیارێكی نه‌داوه‌ به‌شداری له‌ حكومه‌ت ده‌كات یاخود نا".

یەکگرتو، پارتی بێهیوا کرد

دوای كۆبونه‌وه‌ی پارتی و كۆمه‌ڵ، شانده‌كه‌ی پارتی سه‌ردانی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستانیان كرد به‌ڵام شاندی باڵای ئه‌و حزبه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداری گشتی، پارتی بێهیوا كرد و رون راشكاو پێیان وتن، "له‌ بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بون پاشگه‌زنابینه‌وه‌".

خه‌لیل ئیبراهیم، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتو دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی پارتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ئێمە وەک یەکگرتو لەسەر بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بون سورین و پاشگه‌زنابینه‌وه‌ و چاودێرى حکومەت ده‌كه‌ین لە داهاتو".

یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی 2018 دا روبه‌ڕوی شكستێكی گه‌وره‌ بوه‌وه‌ و نیوه‌ی كورسییه‌كانی له‌ده‌ستدا، بڕیاریدا به‌ پێنچ كورسییه‌وه‌ ببێته‌ "ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگه‌ر" له‌ چوار ساڵی داهاتودا.

یه‌كگرتو ده‌یه‌وێت له‌ چوار ساڵی داهاتودا رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی نه‌رم و كاریگه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت، كه‌ پێش ئه‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ 2009 دا دروستببێت یه‌كگرتو سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد.

یەکگرتو وەک "ئۆپۆزسیۆنێكی سه‌نگین و میانڕه‌و"

به‌پێی وته‌ی هه‌ندێك له‌ چاودێران، یه‌كگرتوو ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ "ئۆپۆزسیۆنێكی سه‌نگین و میانڕه‌و" له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و جارێكی دیكه‌ رابه‌رایه‌تی ره‌وتی ناڕازیی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكات، كه‌ تاوه‌كو ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وه‌ی نوێ پێكه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ره‌وته‌ ناڕه‌زاییه‌ ده‌كه‌ن.

كۆتا سه‌ردانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی شاندی پارتی بۆ لای حزبی شیوعی بو، به‌ڵام ئه‌وانیش چۆن دوای راگه‌یاندنی كورسی لایه‌نه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وتیان، ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مڕۆش هه‌مان په‌یامیان دایه‌ شاندی پارتی بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌ننه‌ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌یان.

ئەبو کاروان، ئەندامى مەکتەبى سیاسى حزبى شیوعى کوردستان له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "ئێمە لەسەر پۆست و پلە بڕیارى ئۆپۆزسیۆن بونمان نەداوە و له‌ بڕیاره‌كه‌شمان پاشگه‌زنابینه‌وه‌".

پارتی کارتی دەستی گۆڕی 

پێشتر هێمن هەورامی، ئه‌ندانی سه‌ركردایه‌تی و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندبو، بژاردەی یەکەمی حزبەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریکردنی یەکێتی و گۆڕانە، بەڵام بژاردەی دیکەشیان بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە.

ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و شیوعی گۆڕینی كارته‌كانیی ده‌ستیه‌تی كه‌ پێده‌چێت دوای به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داواكاریه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ په‌نای بۆ بردبێت تاوه‌كو هه‌نگاوه‌كانی بۆ دروستكردنی یه‌كه‌م كابینه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی  خێراتربكات.

ئه‌و هه‌وڵه‌ی پارتی بۆ فراوانكردنی به‌ره‌كه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌كاتێكدایه‌ پێشتریش یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌وڵیداوه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی نزیكببێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی پڕۆژه‌ فراوانه‌كه‌ی بكات كه‌ ده‌یداته‌ پارتی، به‌وپێیه‌ش ئێستا پارتی و یه‌كێتی كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ، هه‌ر لایه‌نێكیشیان بتوانێت ئه‌وكاره‌ بكات به‌ده‌نگ و سه‌دایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ گفتوگۆ دەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP