هەواڵی ئەمڕۆ

یه‌كێتی "هێڵی سور" بۆ پارتی داده‌نێت

- 1/30/2019 9:36:00 PM 58272 جار خوێندراوەتەوە
یەکێتی و پارتی

خەندان-

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی هێرشی میدیایی و لێدوانی سه‌ركرده‌كانی پارتی دژی سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامه‌كانی كۆبوه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای پێدانی هۆشداری به‌و حزبه‌، ده‌یه‌وێت لێره‌ به‌دوا "هێڵی سور"ی بۆ دابنێت.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سلێمانی به‌ سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی  کۆبوەوە، بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە نیگەرانییەکانیان لە لێدوانی سەرکردەکانی پارتی و هێرشه‌كانیان كردوه‌ له‌ رێگه‌ی میدیاکانیانه‌وه‌.
یەکێتی هێڵی سور دادەنێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یه‌كێتی بە خەندان-ی وت، "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا یەکێتی بڕیاریدا پارتی لە لێدوانی بەرپرسەکانی و هێرشەکانی لە میدیاکانەوە ئاگاداربکاتەوە و هێڵی سوری بۆ دابنێت، هاوكات هۆشداری ئەوەی پێبدات ئەو هێرشانە پەیوەندیەکانیان زیاتر ئاڵۆز دەکات".
پارتی هەوڵی تێکدانی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌دات

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پارتی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بیر له‌ ته‌بایی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردو حزب و دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێك بۆ كێشه‌كانی نێوانیان بكاته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی هه‌وڵی تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌دات".

سه‌رچاوه‌كه‌ باڵای خه‌ندان وتیشی، "پارتی پێشتر دژی ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ بوو، به‌ ئیرهابی فیكری ناوی ده‌برد، به‌ڵام ئێستا به‌ پلان و به‌ فۆڕمی جیاجیا ئه‌نجامی ده‌دات و یه‌كێتی ناچار به‌ وه‌ڵامی توند ده‌كات".

 

دوای ته‌واوبونی كۆبونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی، یه‌كێتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دوپاتیكرده‌وه‌، "بۆ به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه‌ی گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و به‌غدا، پێویسته‌ كه‌شێكی دۆستانه‌و ئارام هه‌بێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی حزبی و سێبه‌ری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خۆیان دوربگرن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ و ناوزڕاندنی سه‌ركرده‌و كادره‌كان و لێدوانی نابه‌رپرسیارانه‌".

 كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن خۆیان دوربگرن له‌بڵاوکردنەوەی پڕوپاگه‌نده‌ و ناوزڕاندنی سه‌ركرده‌ و کادرەکان

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ سیاسه‌تی چه‌سپاو  له‌ مێژیینه‌ی یه‌كێتی له‌ باره‌ی یه‌كڕیزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرایه‌وه‌، له‌ پێناوی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لی كوردستان".

سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ندان وتیشی، "یه‌كێتی نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ چه‌ند گروپێكی جیا و باڵ و ئاڕاسته‌ جیاكانی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان".
یەکێتی نیگەرانە لەهەوڵی پارتی بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ ئاڕاستە جیاکانی یەکێتی
"هه‌رپرسێك كاتێك بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌درێت له‌ ناو یه‌كێتیدا ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا جێگه‌ی قبوڵكردن نییه‌ و نابێت"، سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ندان وایوت.
هه‌رپرسێك كاتێك بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌درێت له‌ ناو یه‌كێتیدا ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی یه‌كلایی بكاته‌وه‌
خه‌ندان زانیویه‌تی، یه‌كێتی به‌ دوای رێگه‌یه‌كی نوێدا ده‌گه‌ڕێت بۆ لێكنزیك بونه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه‌ به‌ هاوبه‌شی و پێكه‌وە حكومه‌تی سلێمانی ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ندان، "یه‌كێتی پێیی وایه‌ چۆن له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ گۆڕان پێكه‌وه‌ شه‌ریكن ده‌بێت له‌ هه‌رێمیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك و كێشه‌كانیان چاسه‌ربكه‌ن".
یه‌كێتی به‌ دوای رێگه‌یه‌كی نوێدا ده‌گه‌ڕێت بۆ لێك نزیكبونه‌وه‌ گۆڕان
هه‌ربه‌پێی زانیاریه‌كان یه‌كێتی هه‌وڵده‌دات ره‌زامه‌ندی گۆڕان به‌ده‌ستبهێنێت بۆ پشتیوانیكردن له‌ پڕۆژه‌ فراوانه‌كه‌ی، كه‌ بڕیاروایه‌ پێشكه‌شی پارتی بكات، و تێیدا چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی به‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی و گۆڕاندا به‌شكردوه‌.
 یەکێتی هەوڵدەدات ڕەزامەندی گۆڕان بەدەستبهێنێت بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆژە فراوانەکەی 
پێشتر خه‌ندان له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردبوه‌وه‌، یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ گۆڕان گفتوگۆکانی دەستپێبکات و بگاتە رێککەوتن، ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی.

بەرپرسێکی باڵای گۆڕان کە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ خەندان کردبو رایگەیاندبو، "گۆڕان پێناچێت ویستی رێککەوتنی هەبێت بەبێ ئاگاداری پارتی، چونکە نایانەوێت ئەو ریسەی لێببێتەوە بەخوری کە لە چەندین کۆبونەوەی رابردوی لەگەڵ پارتی پێی گەیشتوە".
تا ئێستا گۆڕان نیگه‌رانه‌ له‌ یه‌كێتی
به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، تا ئێستا گۆڕان نیگه‌رانه‌ له‌ یه‌كێتی و پێیوایه‌ "واژۆكردنی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان نابێت".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ 17ی مانگی ئایاری ساڵی 2016، یەکێتی و گۆڕان به‌ ئاماده‌بونی مامجه‌لال، سكرتێری كۆچكردوی یه‌كێتی و نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی كۆچكردوی گۆڕان رێککەوتنێکیان واژۆکردبو.

رێكه‌وتنه‌كه‌ی دو حزبه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ی سلێمانی لە 11 بەش‌و 25 ماددە پێکھاتوە، تێیدا ھەردولا تێڕوانینی ھاوبەشی خۆیان خستوەتەڕو دەربارەی پرسەکانی تایبەت بە حزب، ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، عێراق‌و ناوچەکە لەروی سیاسی‌و ئابورییەوه‌.

به‌ڵام دوای روداوه‌كانی شه‌وی 12ی ئایاری ساڵی 2018 كه‌ تێیدا هێرشكرایه‌ سه‌ر گردی زه‌رگه‌ته‌ و ده‌ستڕێژی گولله‌ له‌ وێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كرا، په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان گه‌یشته‌ بنبه‌ست و تا ئێستاش په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاسایی نه‌بوه‌ته‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP