پارتی و یەکێتی لە چیدا کۆک و لە کوێدا ناکۆکن؟
یەکێتی کوردستان بۆ چوار سەرۆکایەتی دابەش دەکات

- 1/29/2019 8:27:00 PM 61968 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیاربو رۆژی سێشەممە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە و تاوتوێی چەندین پرسی گرنگ بکەن، بەڵام پڕۆژەیەکی کتوپڕی یەکێتی بۆ دابەشکردنی چوار سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان و لێدوانە میدیایەکانی بەرپرسانی پارتی دژی یەکێتی کۆبونەوەکەی دواخست.

سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە ناو یەکێتییەوە بە خەندان-ی راگەیاند، "یەکێتی پڕۆژەیەکی ئامادەکردوە و بەنیازبوە لە کۆبونەوەی رۆژی سێشەممەدا رادەستی پارتی بکات، کە تێیدا پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دادوەری لە نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا بەشکردوە".

بەپێی زانیاریەکان، بەرلە ئەنجامدانی کۆبونەوەکە پارتی لە رێگەی کۆبونەوەیەکی بچوک و نافەرمییەوە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەی یەکێتی وەرگرتوە، واتا بەر لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ کە دواخرا یەکێتی و پارتی روئیای یەکتریان وەرگرتوە و "تێگەیشتون کە ناکۆکی قوڵیان هەیە" بۆیە کۆبونەوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە.

یەکێتی و بەدیلی "شەراكەتی ڕاستەقینە"

خەندان زانیویەتی، یەكێتی وەك بەدیلی "شەراكەتی ڕاستەقینە" داواى کردوە لە دابەشکردنی چوار دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان (سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری) هاوسەنگیی لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان رابگیرێت.

پەیامی یەکێتی بۆ پارتی

خەندان زانیویەتی، یەکێتی بەرونی بە پارتی وتووە، "وێڕای رێزگرتن لە سەربەخۆیی و سەروەری دەسەڵاتی دادوەری جەخت لە رێککەوتنی رون دەکەینەوە لەسەر بەرنامەی کاری ئەو چوار سەرۆکایەتییە، بەتایبەت لە پرسە نیشتیمانی و ستراتیژییەکاندا".

هەرچەندە پارتی تاکلایەنە کاندیدی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی دیاریکردوە و یەکێتی لەسەرەتادا پیرۆزبایی لە کاندیدی نوێ بۆ سەرۆکی حکومەت کردو هیچ نیگەرانییەکی لەبارەی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەرنەبڕی، بەڵام ئێستا یەکێتی داوا دەکات پۆستی سەرۆکی هەرێمی پێبدرێت.

‎یەکێتی پێشنیازی کردوە، پۆستی سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان بێت و پۆستی سەرۆکی ھەرێمیش بۆ یەکێتی، بەڵام ئەگەر پارتی ڕازی نەبوو پۆستی سەرۆکی ھەرێم بدات بەیەکێتی، ئەوا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم، بدرێتە یەکێتی ، پاشان پۆستەکانی دیکەی هەرێم بەپێی پشک و بەرکەوتەیان بە رەچاوکردنی هاوسەنگی لە وەزارەتە سیادیەکاندا دابەشبکرێت.

کۆبونەوەی پێش کۆبونەوە

خەندان زانیویەتی، بڕیاربو پێش کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کە ئەنجامنەدرا چەند سەرکردەیەکی باڵای ئەمنی هەردو حزب کۆببنەوە و لەبارەی بەرکەوتەی یەکێتی  لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بکەن.

"یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەیەوێت پێگەیەکی بەهێزی هەبێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا بە تایبەت دوای ئەوەی مەسرور بارزانی کە ئێستا راوێژکاری ئەو دەزگا گرنگەی هەرێمە پۆستەکە بەجێدەهێڵێت و دەبێتە سەرۆکی کابینەی نۆ"، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەکەی خەندان.

پێشتریش لە 26-1-2019 دا مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە رێگەی سەعدی پیرە-وە بەفەرمی رایگەیاندبو، داوای شەراکەتی راستەقینە دەکات لە دۆسیەی نەوت و ئەمنیدا لە هەرێمی کوردستان.

ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر چین؟

سەرچاوە تایبەتەکەی خەندان وتی، "پارتی تا ئێستا بیر لە رێککەوتن دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچی یەکێتیشە دەیەوێت رێککەوتنێکی فراوان و گشتگیر، لەبارەی سەرجەم پرسەکانەوە بۆ بەڕێوەبردنی چوار ساڵی داهاتوی هەرێمی کوردستان واژۆبکرێت".

دەشڵێت، "پارتی تەنانەت سورە لەسەر رەتکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق".

"ئەو کاراکتەرانەی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک کاندیدیان دەکات پارتی رەتیاندەکاتەوە، ئەو کەسانەشی کە پارتی ئامادەیە ئۆکەی بۆ بکات مەرجی یاساکەی بریمەریان تێدا نییە، کە دەبێت کەرکوکی بن و لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەنگی لەسەر بدرێت".

سەرچاوەیەکی باڵا لە مەکتەبی سیاسی پارتی بە خەندان-ی وت، "پارتی بە کەسایەتیەکی هەرێمی کوردستان رازییە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کە ئەویش عوسمان حاجی مەحمود، ئەندامی پێشوی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان و پێشتریش ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە".

پارتی و یەکێتی لەچیدا کۆکن؟

هەریەکە لە پارتی و یەکێتی دانبەوەدان دەنێن کە هەردولا خاوەنی هێز و جوگرافیا و دارایی و دەسەڵاتن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێکیان نیە و کۆک نین لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی هەرێم پێکەوە و دروستکردنی یەک هەرێمی یەکگرتو لە دو قەڵەمڕەوە جیاوازەکەدا.

سەرچاوەکەی خەندان کە لە ئاستی باڵای یەکێتیدایە وتیشی، حزبەکەی بەو پشکە رازی نیە کە پارتی بۆی دیاریکردوە بەپێی سیستەمی خاڵبەندی، کە 27 خاڵ بۆ یەکێتی و 57 خاڵ بۆ پارتی و 16 خاڵ بۆ گۆڕان دیاریکراوە.

خەندان لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ناو یەکێتیەوە زانیویەتی، نزمترین ئاستی داواکاریەکانی یەکێتی هەریەکە لە پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، بەو مەرجەی دەسەڵاتی تەواوەتیان پێبدرێت لەکارەکانیاندا و ئەوەش بە "رێککەوتنێکی بەرفراوانی رێزلێگیراو" لە نێوان ئەو دو حزبەدا جێگیربکرێت.

"یەکێتی داوای کردوە دۆسیەی سامانی سروشتی و دارایی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنێکەوە بەڕێوەببرێت، بەڵام پارتی ئەو داوایەی رەتکردۆتەوە و دەیەوێت ئەو میکانزمەی ئێستا بەڕێوەی دەبات بمێنێتەوە کە پارتی تێیدا سودمەندە"، سەرچاوەکەی خەندان وایوت.

رەتکردنەوەی ئەو داوایە تەنها یەکێتی نیگەران نەکردوە، بەڵکو خەندان زانیویەتی، باڵێک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانن لەبارەی گۆڕینی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکان و مەترسی ئەوە دەکەن سەرچاوەی داهاتی بەشێک لەو کەناڵە ببڕدرێت کە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی داهاتوی هەرێمی کوردستانەوە نزیک نین.

سەرچاوەیەکی باڵای پارتی کە لەبەر هەستیاری پێگەکەی پێیباش نەبو ناوی بهێنرێت بە خەندان-ی وت، تیمی نوێی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم سەرقاڵی لێکۆڵێنەوەن لە کاروبارەکانی چەند وەزارەتێکی کابینەی هەشتی حکومەت، کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات.

خەندان ئەوەشی زانیوە، بەشێک لە وەزیر و بەرپرسەکانی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی بە نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێریشەوە دەسەڵاتی واژۆکردنیان لێسەندراوەتەوە.

رێبوار کەریم وەلی، لە وتاری هەفتانەیدا کە لە رۆژنامەی روداوی نزیک لە نێچیرڤان بارزانى بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتی، "سەرباری ئەوەی كە حکومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە، بەڵام حكومەتێكی بەهێزە و كاری خۆیشی دەكات، ئەگەرچی هەندێك لە وەزیر و بەرپرسەكانی، دەسەڵاتی ئیمزایان نەماوە".

کێ دەیەوێت پێکهێنانی کابینەی نۆ دوابکەوێت؟

بەپێی بەدواداچونەکانی خەندان، بەشێک لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات دەیەوێت پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم دوابکەوێت، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەو باڵە لە دروستبونی چەندین ئاڵنگاری کە رەنگە دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن مەسرور بارزانی-یەوە بێتە رێگەیان.

ئەو مەترسییانە زیاتر دەرکەوتن کاتێک فازیل میرانی لە بارەی قوباد تاڵەبانی و میدیاکانی پارتیش لە بارەی حاکم قادر، سەرۆکی شاندی یەکێتیەوە چەندین لێدوانی رۆژنامەوانیان دا کە یەکێتیان نیگەران کرد و ناچاری وەڵامدانەوەیان کرد. 

لە ئاستی دەرەکیشدا حکومەتی تورکیا ئارەزو دەکات دروستکردنی کابینەکەی مەسرور بارزانی درێژە بکێشێت، چونکە مەترسی هەیە کارەکانی رێککەوتنامەی 50 ساڵەی تورکیا و هەرێمی کوردستان تایبەت بە دۆسیەی نەوت هاوشێوەی سەردەمی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی نەڕوات بەڕێوە.

یەکێتی لە چی دەترسێت؟

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، یەکێتی ترسی لە رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان  هەیە، چونکە گومان دەکات هاوشێوەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هاوسەنگی بە قازانجی پارتی بگۆڕێت، لە ئەگەری نەگەیشتنی شاندی یەکێتی و پارتی بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت".

بەپێی زانیاریەکان، یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ گۆڕان گفتوگۆکانی دەستپێبکات و بگاتە رێککەوتن بۆ رەوینەوەی ئەو ترسە، بەڵام تا ئێستا گۆڕان کۆبونەوەی دو قۆڵی لەگەڵ یەکێتی قبوڵ نەکردوە و یەکێتیش کۆبونەوەی سێقۆڵی (پارتی، گۆڕان، یەکێتی) رەتکردۆتەوە.

بەرپرسێکی باڵای گۆڕان کە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ خەندان کرد رایگەیاند، "گۆڕان پێناچێت ویستی رێککەوتنی هەبێت بەبێ ئاگاداری پارتی، چونکە نایانەوێت ئەو ریسەی لێببێتەوە بەخوری کە لە چەندین کۆبونەوەی رابردوی لەگەڵ پارتی پێی گەیشتوە".

زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، یەکێتی تەنانەت کێشەی لەسەر دیاریکردنی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە لە پەیڕەوی ناوخۆی ساڵی رابردو ناوەکەی گۆڕدرا بۆ جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان.

یەکێتی نایەوێت پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدرێتە پارتی یان لایەنێکی نزیک لە پارتی، چونکە مەترسی هەیە لەوەی لە ئەگەری دروستبونی هەردۆخێکی نائاسایی سیاسیدا، سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ جێگری یەکەمى سەرۆکی پەرلەمان دەتوانن بەبێ سەرۆکی پەرلەمانیش کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ببەن بەڕێوە، چونکە یەکێتی پێیوایە " لە حاڵەتێکی ئاوهادا ئەوە پێدانی سەرۆکی پەرلەمانە بەدەستێک و وەرگرتنەوەیەتی بەدەستەکەی دیکە".

مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵوێست وەردەگرێت

رۆژی چوارشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە، بەپێی زانیاریەکانی خەندان، جگە لە وەی گفتوگۆ لەبارەی وتەکانی فازیل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی قوباد تاڵەبانی و یەکێتیەوە دەکات، باس لەو هێرشانەش دەکات کە شەوی پێش وادەی کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی میدیای نزیک لە پارتی کردیانە سەر حاکم قادر، سەرۆکی شاندی یەکێتی.

یەکێتی هەروەها باسی ئەو هێرشانە دەکات کە پارتی لە رێگەی میدیا فەرمی سێبەرەکانی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیەوە بەردەوام دەیکاتە سەر د. بەرهەم ساڵح، جێگری دوەمی سکرتێری گشتی بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری عێراق. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP