بەپەلە

ترەمپ و پێلۆسی رێكەوتن

- 1/29/2019 4:16:00 PM 4499 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شادان عەلى

نانسی پێلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە مەبەستی پێشكەشكردنی وتاری ساڵانە لەناو بنكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی وڵاتەكەی بانگهێشتكرد.

دوێنێ دوشەممە، درو هامیڵ، وتەبێژی نوسینگەی نانسی پێلۆسی، لە تویتێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر، راستەوخۆ بە دۆناڵد ترەمپ-ی راگەیاند ”سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بانگهێشتیدەكات بۆ ئەنجامدانی وتاری ساڵانەی خۆی لەناو بنكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا”.

دواتریش، رونیكردەوە پێلۆسی لەگەڵ ترەمپدا قسەی كردوە و لەسەر كات و بەرواری پێشكەشكردنی وتارەكە كە تەلەفزیۆنی ئەمریكا پەخشیدەكات رێكەوتون.

بڕیاربوو لە بەرواری 29ی كانونی دوەمی ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ وتاری ساڵانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەناو بنكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەیدا پێشكەش بكات، بەڵام بەهۆی بریاردانی دروستكردنی دیواری سنوری مەكسیك و ئەمریكا كە بوە هۆی لەكاركەوتنی حكومەتەكەی و پێی نابوە 34 رۆژەوە و دروستبونی قەیرانی دارایی لەو وڵاتەدا، ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی 24ی كانونی دوەمی 2019 رایانگەیاند، رێگەنادەن بە ترەمپ وتاری ساڵانەی پێشكەشبكات. 
ساڵانە سەرۆكی ئەمریكا، لە وتاری ساڵانەیدا، كارە گرنگەكانی بەرێوەبردنی خۆی بۆ ساڵی داهاتو دەستنیشاندەكات

 

دوابەدوای راگەیاندنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەرواری 25ی كانونی دوەمی 2019 دا، دۆناڵد ترەمپ، كاراكردنەوەی حكومەتەكەی تا بەرواری 15ی شوبات راگەیاند و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بە شێوەیەكی كاتی دەستیان بە كارەكانیان كردەوە.

هەر لە چوارچێوەی كاراكردنەوە كاتیەكەی حكومەتی ئەمریكادا، دوێنێ دوشەممە، دۆناڵد ترەمپ و نانسی پێلۆسی لەبارەی پێشكەشكردنی وتاری ساڵانەی دۆناڵد ترەمپ رێكەوتن، كە بریاریانداوە لە بەرواری 5ی شوباتی 2019 دا لە بنكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامیبدات.  

ساڵانە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، وتاری ساڵانەی خۆی پێشكەشدەكات، تێیدا كارە گرنگەكانی بەرێوەبردنی خۆی بۆ ساڵی داهاتو دەستنیشاندەكات.

رۆژی هەینی پێشو، حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، پاش35 رۆژ داخستنی كاراكرایەوە وئەوەش بوە هۆی دیاریكردنی بەروارێكی نوێ بۆ وتارە ساڵانەكەی دۆناڵد ترەمپ.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP