"دەعباکە" دەرکەوتەوە

- 1/29/2019 2:12:00 PM 98413 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش 53 ساڵ "دەعباکە" لە ئەمەریکا دەرکەوتەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەم دەعبایە چییە و بۆ ئەم خەڵکە دەترسێنێت؟

بەگوێرەی هەواڵێکی "دەیلی مەیلی" بەریتانیا، لە شاری برۆڤو لە ویلایەتی یۆتای ئەمەریکا، لەلایەن کۆمەڵە هاوڕێیەکەوە کە سەردانی ناوچە شاخاویەکانیان کردووە، وێنەی بونەوەرێکی سەیر گیراوە، کە تا ئێستا نازانرێت چییە و دەڵێن " زۆر گەورە بووە، بە دوو پێ رۆیشتووە و هاوشێوەی مرۆڤ یان (Bigfoot) واتە پێ گەورە  بووە".

ئەم بونەوەرە لە کوردستان بە "دەعبا" ناسراوە، چونکە لە ساڵی 2015 بەهەمانشێوە لە ناوچەی "هەریر" دەنگۆ هەبوو کە بینراوە، دواتر لە چەندین وڵاتی دیکە ئەم بونەوەرە سەیرە خەڵکانێکی سەرقاڵکرد، بە جۆرێک هەندێکجار ترس و دڵەڕاوکێی دروستدەکرد، بەبێ ئەوەی راستیەک هەبێت، ئەم دەنگۆیانە بەتەواوی پشت راست بکاتەوە.

جگە لەم وێنانەی ئەم کۆمەڵە هاوڕێیەی ویلایەتی یۆتای ئەمەریکا، چەند جارێکی دیکە لە وڵاتی جیاواز وێنە بڵاوکراوەتەوە کە بونەوەرێکی رەشی گەورە دەبینرێت لە دوورەوە، بەڵام هەندێک دەڵێن دروستکراوە یاخود وەهمی مرۆڤەکان خۆیانە.

ئۆستن کریگ، کە یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە هاوڕێیە دەڵێت "من دڵنیام ئەوە پێ گەورە بوو، مۆڵەتیشم وەرگرتووە تا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکەم".

دوای چەندینجار گەڕان و چرکاندنی چەند وێنەیەک لەلایەن کریگەوە، بەڵام هەموو هاوڕێکانی بڕوای پێناکەن و هەندێکیان دەڵێن سێبەری ورچێکە یان هەر ئاژەڵێک، یاخود مرۆڤێکی ئاسایی.

هەرچەندە پێشتریش لەلایەن چەند رێکخراوێک هەوڵدراوە لێکۆڵینەوە بکەن دەربارەی ئەم "دەعبایە"، بەڵام ئەنجامی نەبووە، لە ویلایەتی یۆتاش بڵاوبووەتەوە پێ گەورە دەرکەوتووەتەوە، چونکە لە ساڵی 1958، بۆ یەکەمجار لە کالیفۆرنیا لە چەندین وێنە گرتە ڤیدیۆیی ناڕووندا بڵاوکرایەوە بونەوەرێکی لەو شێوەیە لە چیاکان بینراوە.

 

 

 

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP