سەرۆککۆمار و سەرکردەکانی ھەرێم ھاوخەمی بۆ ئێزیدییەکان دەردەبڕن

- 1/28/2019 8:32:00 PM 5184 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - 

لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان ژمارەیەک کەسایەتى سیاسى پرسەنامەیان ئاراستەى ئیزیدییەکان کرد بەهۆى کۆچى دوایی "میر تەحسین بەگ" میرى ئێزدیان.

سەرۆککۆمار د. بەرهەم ساڵح وێراى پرسه‌ و سه‌رخۆشی وتى:"ڕۆڵ و هه‌ڵوێستی نیشتمانی خوالێخۆشبوو میر ته‌حسین به‌گ له‌ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و تیرۆردا كه‌ یه‌خه‌ی به‌ گه‌له‌كه‌مان به ‌گشتی و برا ئێزدییه‌كان به ‌تایبه‌تی گرتبووه‌ به‌رز ده‌نرخێنین، مێژوو هه‌ڵوێستی نیشتمانی خوالێخۆشبوو وه‌ك سمبولێك بۆ یه‌كڕیزی گه‌ل تۆمار ده‌كات".

لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان نوسیویەتى: "لەدەستدانی میر تەحسین بەگ خەسارەت و بۆشاییەكی گەورەیە بۆ خوشك و برا ئێزیدییەكان و هەموو لایەكمان.

 

هەروەها لەپاڵ دەربڕینى هاوخەمى هیواشى خواست بە حیكمەت و هیممەتی هەموو لایەك ئەو بۆشاییە پڕ بكرێتەوە.

کۆسرەت رەسول عەلى جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتى هاوخەمى ئاراستەى یەزیدییەکان کردو بە دەق نوسیویەتى: كۆچی دوایی میر تەحسین بەگ، لە ناخەوە دڵگران و خەمباری كردم".

لەبارەى ئێزیدیەکانەوە کۆسرەت رەسول عەلى نوسیویەتى: لەمێژووی كوردداو لە سەردەمە جیاوازەكاندا، هەمیشە لەلایەن ڕژێمە دیكتاتۆرەكان كوردانی ئێزیدی چەوسێندراونەتەوە، کۆچى دوایی میر تەحسین بەگیش بە کۆستێکى گەورە ناودەبات.

خاتو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و هاوژینى رابەرى گەورەى کۆچکردو مامجەلال تاڵەبانى بۆ کۆچى دوایی میر تەحسین بەگ هاوخەمى دەربڕیوەو روو لە ئێزیدیەکان نوسیویەتى: پرسەو ماتەمینی قوڵی خۆمتان پێ دەگەیەنم، پرسەو سەرەخۆشیمان ئاڕاستەی خانەوادەی میر تەحسین بەگ بەتایبەت و ئەنجومەنی ڕووحانیی ئێزدی و كوردانی ئێزدی دەكەین.

لەبارەى کەسێتى میری تەحسین بەگ، خاتو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نوسیویەتى: "وەك كەسایەتییەكی دیاری كوردستان و میری ئێزدیان، پێگە و رۆڵی لەپرسە نیشتمانییەكان و بەهێزكردنی كولتوری پێكەوەژیان و نزیكردنەوەی باوەڕەكان و سڕینەوەی گیانی توندڕەویی لە كوردستان و لەناو ئێزدییان هەرگیز لەبیرناكرێت، لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەمووان".

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان نێچيرڤان بارزانى بۆ کۆچى میرى ئێزیدیان وتویەتى: به‌هيدارى و سه‌رساخيێ ل مالبات و كه‌سوكارێت وى و جڤاتا ڕووحانى و هه‌مى خوشك و برايێت مه‌ يێت ئێزدى و گه‌لێ كوردستانێ بگشتى دكه‌م. 

لەبارەى رۆڵى میر تەحسین بەگ سەرۆکى حکومەت نوسیویەتى: "مير ته‌حسين به‌گ، ته‌ڤى كو دناڤ ئێزدييادا خودان پێگه‌هـ و ڕۆڵه‌كێ جڤاكى و ئۆلى يێ ديار بوو، هه‌روسا د ته‌ڤگه‌را كوردايه‌تيێ و بتايبه‌تى ژى د شۆڕه‌شا ئه‌يلوولێدا خودانێ ڕۆل و به‌شدارييه‌كا به‌رچاڤ بوو، پشتى شۆڕه‌شێ ژى ژبه‌ر هه‌لوێستێن خۆ ده‌ربده‌رى ولاتان بوو. 

هەروەها قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دواى دەربڕینى پرسە و سەرەخۆشى لەبارەى میر تەحسین بەگ نوسیویەتى: "رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە رێكخستنی نێو ماڵی ئێزدیان  و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ لایەن وپێكهاتە و نەتەوەكانی تر و هەمیشە  پەیامی ئاشتی وتەبایی وپێكەوە ژیانیان بڵاو كردۆتەوە،  پەیوەندیەكی زۆر پتەو و مێژووییشی لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال هەبووە، ئەو پەیوەندییەش رۆڵی گەورەی هەبووە لەبەرپاكردنی ئاشتەوایی لە كوردستان وعیراق. 

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی کوڕە گەورەى رابەرى گەورەى کۆچکردو مامجەلال نوسیویەتى:" کۆچی دوایی میری ئێزیدیانی کوردستان و جیھان لە ناخەوە دڵگرانی کردین، کەسایەتییەکی بەھێزو پێگەیەکی دیاری ھەبوو لە ھەرێم و عێراق دا ، دۆستی دێرینی ھەڤاڵ مام جەلال بوو ، ھەمیشە یەکێک بوو لەو کەساییەتیانەی ، گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان و یەکتری قبوڵکردنی بەھێزتردەکرد". 

 

هەروەها لاهور شێخ جەنگى نوسیەتى :"ئەم هەواڵە لەدڵەوە خەمباری کردم وهاوبەشی خەمتانم. خوالێخۆشبو کەسایەتییەکی نیشتیمان پەروەر و مرۆڤ دۆست بوو هەمیشە بەگیانی برایەتی وتەبایی هەڵسوکەوتی دەکرد".

مەسرور بارزانى بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ سەرۆکایەتى کابینەى نۆ نوسیویەتى : "بە خەم و ‌دڵگرانیه‌كی زۆره‌وه‌‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی (میر تەحسین بەگ) میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان و كه‌سایه‌تی نیشتمانپەروەری کوردستانمان پێگه‌یشت. سه‌ره‌خۆشی لە خزم و دۆستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرجەم برا ئێزدیانی کوردستان و جیهان ده‌كه‌ین".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP