هەواڵی ئەمڕۆ

بابەتی ناوخۆی یەکێتی لایەنی دیکە بۆی نیە قسەی تێدابکات
قوباد تاڵەبانی: موڵکی یەکێتیم و نیوەم هی هیچ حزبێکی دیکە نیە

- 1/28/2019 1:01:00 PM 105115 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کوڕى رابەر و دامەزرێنەرى یەکێتىی نیشتمانی کوردستانە و نیوەی هى هیچ حزبێکی دیکە نییە، دەشڵێت، "موڵکى کەسیتر نیم، تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیم‌و هەرگیز نە پارتی بووم‌و نە دەبم". 

قوباد تاڵەبانی رونکردنەوەیەکی لەبارەی وتەکانی فازیل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیای پارتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەندە کەسێکی کوردستانیم و کوڕى رابەرو دامەزرێنەرى یەکێتی نیشتمانیی کوردستان مام جەلال تاڵەبانیم ‌و نیوەم هى هیچ حزبێکی تر نییە و موڵکى کەسیتر نیم، تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیم‌و هەرگیز نە پارتی بوم‌و نە دەبم".
نیوەم هى هیچ حزبێکی تر نییە و موڵکى کەسیتر نیم
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو هاوئاهەنگى و پەیوەندییە باشەشى لەگەڵ هەڤاڵانى پارتیدا هەمبوە لە چوار ساڵى رابردووى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسۆنگەى پەرۆشى و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمکردنى ئارامى و برەودان بە کارى پێکەوەیی لەپێناو خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و تێپەڕاندنى گرژییەکانى رابردو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ کەڵکى لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی دیکە بەکاربهێنرێت".
ئەو هاوئاهەنگى و پەیوەندییە باشەى لەگەڵ هەڤاڵانى پارتیدا هەمبوە، هیچ شیاو نییە خراپ کەڵکى لێوەربگیرێت
ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ فازیل میرانی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "كێشه‌ی یه‌كێتی ئێستا پۆست نییه،‌ به‌ڵكو یه‌كێتی كێشه‌ی قوباد تاڵەبانی هه‌یه‌، ئێمەش دەمانەوێت یارمه‌تی یه‌كێتی بده‌ین له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌دا، چونكه‌ قوباد تاڵەبانی نیوه‌ی هی یه‌كێتیه‌ و نیوه‌ی هی پارتییە، باشه‌ ئه‌گه‌ر جێگری سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بێت ئه‌ی چی له ‌كاك قوباد بكه‌ین".

تاڵەبانی دەڵێت، "من شەرەفی ئەوەم پێبڕدرا سەرۆکى لیستى یەکێتیى نیشتمانیى بم لە هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان، هەر پۆست و پلەو پایەیەکیش وەربگرم لەقۆناغى داهاتوودا لەسەر داواو پێشنیارو بڕیارى تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت نەک هیچ کەس‌و لایەنێکی تر".
هەر پۆست و پلەو پایەیەکیش وەربگرم بە بڕیارى یەکێتیی دەبێت نەک هیچ کەس‌و لایەنێکی دیکە
رونیشیکردەوە، "هیچ کات لەناو یەکێتى کێشە لەسەر پۆست و پێگەى داهاتوى قوباد تاڵەبانى نەبوەو نییە، ئەگەر هەر گفتوگۆو ڕا گۆڕینەوەیەکیش لەسەر شێوازى بەشداریکردنى یەکێتى لەکابینەى نوێى حکومەتى هەرێم هەبێت، بابەتێکى ناوخۆیی حزبییەو هیچ بوارێکى تێدا نییە بۆ ئەوەى لایەنیتر قسەى تێدا بکەن، ئەو بابەتانە لە چوارچێوەى سەرکردایەتى و بنکەى جەماوەریی یەکێتى یەکلایی دەکرێنەوەو بڕیارى پێویستیان لەبارەیەوە وەردەگیرێت وەک چۆن لە پێشتریش هەر واکراوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP