دابەشکردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو دەستپێدەکات

- 1/28/2019 11:36:00 AM 211323 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرەتای مانگی شوبات دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو دەستپێدەکات و یەکەم وەزارەتیش پێشمەرگەیە کە موچە وەردەگرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، پێنجی مانگی (شوبات/2) دابەشکردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو دەستپێدەکات و هاوشێوەی مانگەکانی رابردو یەکەم وەزارەت پێشمەرگە موچە وەردەگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی خەندان، رۆژی سێشەممە 5-2-2019 موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان و رۆژی چوارشەممە 6-2-2019 موچەی یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە 7-2-2019 موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی نۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد، بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵیش رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ساڵی 2019 دا دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاندوە، بۆ دابەشکردنی موچە پشتدەبەستێت بە 317 ملیار دینار کە مانگانە لە بەغداوە دەگاتە هەرێم لەگەڵ ئەو پارەیەی کە لە داهاتی فرۆشی نەوت دەستی دەکەوێت کە زیاتر لە 378 ملیۆن دۆلارە.

نیشانەکردن :

#موچه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP