سازان یان ترازان؟
پارتى و یەکێتى بەرەو کوێ؟

- 1/28/2019 9:35:00 PM 53711 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هه‌نگاوه‌كانی پارتی و یه‌كێتی بۆ داڕشتنی پلانی چوار ساڵی ئاینده‌یان له‌ كۆتایی نزیكبوه‌ته‌وه‌ و رۆژی سێشه‌ممه‌ش كۆبونه‌وه‌ی باڵای هه‌ردولا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خه‌ندان زانیویه‌تی، یه‌كێتی نه‌خشه‌رێگایه‌ك له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان راده‌ستی پارتی ده‌كات.

پارتى چه‌ند كاندیدێكی یه‌كێتی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ و ڤیتۆی له‌سه‌رداناون

 

به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتوه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان تاڕاده‌یه‌ك نه‌رمی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك نواندوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند كاندیدێكی  یه‌كێتی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ و ڤیتۆی له‌سه‌رداناون.

سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خه‌ندان كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری پێگه‌كه‌ی پێی باش نه‌بوو ناوی بهێندرێت ده‌ڵێت، "جه‌مسه‌ره‌كانی ناو یه‌كێتی تاڕاده‌یه‌ك گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ دانانی كه‌سێك به‌ پارێزگاری كه‌ركوك، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پۆسته‌كانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رچاورونیان هه‌یه‌ و گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن". 

 

خه‌ندان زانیویه‌تی، یه‌كێتی چوار كاندیدی خستوه‌ته ‌به‌رده‌م پارتی و داوای لێكردوه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كاندیدێكیان ده‌رببرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ پێكهاتون له‌ (ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، ئاسۆ ئه‌ڵمانی، رزگار عه‌لی و خالید شوانی، به‌ڵام پارتی سه‌رجه‌میانی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ و ڤیتۆی له‌سه‌ر داناون.

دوو کەس بۆ پارێزگارى داهاتووى کەرکوک ناویان هاتوە

 

هه‌ربه‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 27-1-2019 یه‌كێتی له‌ ئاستی باڵادا كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامداوه‌ بۆ دیاریكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ناوی دوو كه‌س هاتوه‌ كه‌ ده‌كرێت یه‌كێكیان وه‌كو كاندیدی یه‌كێتی بكرێته‌ پارێزگاری كه‌ركوك، هه‌ڵبه‌ت دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی پارتی.

ئه‌و كۆبونه‌وه‌ داخراوه‌ی یه‌كێتی كه‌ لە ئاستی باڵادا به‌ڕێوه‌چووه‌ پێش كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی دێت كه‌ بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 29-1-2019 له‌ شاری هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خه‌ندان وتیشی، "یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ بكرێته‌ پارێزگاری كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانییه‌، به‌ڵام مه‌رجی ئه‌وه‌ دانراوه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك ببێته‌ پارێزگای كه‌ركوك ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و هێڵانه‌ بێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یەکێتى ده‌یكێشێت".

یه‌كێتی نه‌خشه‌ ڕێگه‌كه‌یان ئاماده‌كردوه‌ و ڕاده‌ستى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌كرێت 

 

رێبوار كه‌ریم وه‌لی، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ری نزیك له‌ پارتی ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌عدی پیره‌م بیستوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی نه‌خشه‌ ڕێگه‌كه‌یان ئاماده‌كردوه‌ و ڕاده‌ستى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌كرێت له‌ كۆبونه‌وه‌ى رۆژی سێشه‌ممه‌دا.

 

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ به‌ خه‌ندان-ی وت، "پارتى له ‌زۆر شت پاشه‌كشه‌ى كردوه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دانانى پارێزگارى كه‌ركوك، كێ داده‌نرێت ئه‌و كێشه‌ى نیه‌،  كێشه‌ مابێته‌وه‌ به‌غدایه‌، ئه‌ویش یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى وه‌زاره‌تى داده‌ و هیچ كێشه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ ئارادا نییه،‌ ئه‌وانیش به‌ ئیجابى باس له‌ چاره‌سەربونى كێشه‌كان ده‌كه‌ن و منیش ڕاموایه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێـت و كێشه‌كان زه‌قییه‌كه‌ى جارانى نه‌ماوه"‌.

پارتى وتویه‌تى كێ داده‌نێن بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك دایبنێن

 

ئه‌وه‌شی وت، "پارتى له‌وه‌ش زیاتر وتویه‌تى كێ داده‌نێن بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك دایبنێن كێشه‌مان نییه‌، به‌غدا گرنگه‌، پێیویسته‌ خه‌ته‌ گشتییه‌كه دیاریی بكه‌ین‌و له‌سه‌رى ڕێكبكه‌وین،  ئه‌گینا شەخس یان كه‌سه‌کە ئاسانه‌ و كارى دو هه‌فته‌یه".‌

هه‌ربه‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، پارتی وازی له‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی کەرکوک و ئه‌ندامی پێشوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هێناوه‌ كه‌ پێداگیری ده‌كرد له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر كورسییه‌كه‌ی له‌كه‌ركوك. 

یه‌كێتی له‌ناوخۆیدا له‌سه‌ر پۆسته‌كانی كابینه‌ی نۆ و سەرۆکى پەرلەمان گه‌یشتووه‌ته‌ رێكکه‌وتن

 

یه‌كێتی له‌ناوخۆیدا له‌سه‌ر پۆسته‌كانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم و سەرۆکى پەرلەمان گه‌یشتووه‌ته‌ رێكکه‌وتن، پارتیش رەزامەندە بەوەى جێگرى سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێم تەنها یەک جێگریان هەبێت و یەکێتیش ئەو دوو پۆستە بە دەسەڵاتى کردەییەوە بە ئیستحقاقى نەگۆڕى خۆی دەزانێت.

لەسەر پۆستەکانى هەرێم پارتى خۆى یەکلاییکردۆتەوە

 

وه‌لی ده‌شڵێت، "گرنگه‌ له‌ناو یه‌كێتى له‌سه‌ر پۆسته‌كانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان پێكبێن، چونكه‌ ئێستا پارتى خۆى یه‌كلاكردوه‌ته‌وه‌ و هێمن هه‌ورامى ده‌بێته‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و توركمانێكیش وه‌ك جێگرى دووه‌می سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان داده‌نێن".

رێبوار کەریم پێشی وایه‌، "پارتى ده‌بێت بزانێت ئه‌گه‌ر 100 كورسى په‌رله‌مانیش بهێنێت ناتوانێت حكومه‌ت به‌ته‌نها پێكبهێنێت ئه‌وه‌ واقعى هه‌رێمى كوردستانه‌".

پارتى و یه‌كێتى ده‌بوایه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كیان هه‌بوایه‌

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پارتى و یه‌كێتى ده‌بوایه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كیان هه‌بوایه‌، چونكه‌ پاش هه‌ڵبژاردن تووشى ئه‌و ئه‌زمه‌یه‌ بوون كه‌ بوون، پارتى مه‌غرور بوه‌ و یه‌كێتىش له‌ناو خۆى ڕێگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى قه‌رار بدات و فره‌ كوێخاى زۆره‌ له‌ناو یه‌كێتیدا".

به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، پارتی ئاماده‌ی رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی به‌غدا، زۆرایەتى یه‌كێتیش پێیانوایه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتی بكرێت و سه‌رجه‌م دۆسیه‌كان له‌گه‌ل یه‌كه‌م حزبی گه‌وره‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بە هاوتایی و هاوسەنگى یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

مه‌رجی پارتی دروستكردنی "حكومه‌تێكی به‌هێزه‌" 

 

مه‌رجی پارتی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی كه‌ركوك و كێشه‌كانی به‌غدا دروستكردنی "حكومه‌تێكی به‌هێزه‌" كه‌ له‌ ئێستاوه‌ دیاره‌ مه‌سرور بارزانی، كوڕی گه‌وره‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، بەڵام یەکێتى هۆشدارى داوەتە پارتی ئه‌گه‌ر هاوكارنه‌بن لەسەر یەکتێزی و یەکڕیزى بۆ رێککەوتن لەسەر پرسى کەرکوک و بەغداد ئەوا دروستكردنی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌ لە سلێمانی و كه‌ركوك و رەنگدانەوەشى لە بەغداد ئاسان نابێت".

پێشتر به‌رپرسانی پارتی لێدوانی توندیان له‌باره‌ی د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌ ده‌دا، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ رۆژی 3-10-2018 به‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانی عێراق سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی مه‌سعود بارزانیدا تۆماركرد.

له ‌نزیكترین كاتدا سه‌رۆك كۆمارى عێراق دێته‌ هه‌ولێر و پێشوازى فه‌رمى لێده‌كرێت

 

رێبوار كه‌ریم له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "لێره‌و له‌وێ قسه‌ی زۆر ده‌كرێت، به‌ڵام  ڕاى پارتى زۆر جیاوازه‌ و ئه‌وه‌یه ‌كه‌ له ‌نزیكترین كاتدا سه‌رۆك كۆمارى عێراق دێته‌ هه‌ولێر و پێشوازى فه‌رمى لێده‌كرێت، ناكرێت كه‌سێك سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌ و خه‌ڵك هه‌ڵیبژاردوه‌ و ته‌عامولى له‌گه‌ڵ نه‌كه‌یت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى 16ی ئۆكتۆبه‌ریان كردوه‌ له‌سه‌ر یه‌ك مێز دانیشتوه‌ ئێستا كاك به‌رهه‌م چیكردوه‌ تا له‌گه‌ڵى دانه‌نیشێت".

ناکرێت لە هەرێم رێکبکەوین و لە بەغدا و کەرکوک کێشەمان هەبێت

 

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌ڵێت، "یەکێتى هەر لە سەرەتاوە بە پارتى وتوە ناکرێت لە هەرێم رێکبکەوین و لە بەغدا و کەرکوک کێشەمان هەبێت، بۆیە سورین لەسەر ئەوەى پێش پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان رێککەوتن لەسەر کێشەکانى هەرێم و کەرکوک و بەغداد بکرێت".


رەهبەر سەید برایم به‌ خه‌ندانی وت، "یەکێتى مافى خۆیەتى پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکوک دابنێت، چونکە زۆرترین دەنگى هێناوە لەو شارەو پێویستە پارتى لەو روەوە پشتگیرى ئەو کەسە بکات کە یەکێتى دەیکاتە کاندید بۆ پارێزگارى کەرکوک".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یه‌كێتی ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی داد به‌ مافی خۆی ده‌زانێت، هاوكات داوای له‌ لایەنە سیاسییەکان كرد ئەگەر بیانەوێت بەزوترین کات حکومەت پێکبهێنن، دەبێت نەرمى بنوێنن لە داواکارییەکانیان.

چاودێرێکى سیاسى بۆچونى جیاوازى هەیە لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێم و پێیوایە یەکێتى و پارتى بە واقع دورن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نۆ.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پێكیش بێت ماوه‌یه‌كى زۆر به‌رده‌وام نابێت

 

مه‌سعود عه‌بدولخالق چاودێرى سیاسى بۆ خەندان وتى:"ئاسۆى پێكهێنانى حكومه‌ت زۆر نزیك نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى دوو بۆچونى جیاواز هه‌یه‌، پارتى ده‌ڵێت  من 45 كورسیم هێناوه‌ و وه‌كو جاران حكومه‌ت پێكناهێنم، یه‌كێتیش ده‌ڵێت چیتر شه‌راكه‌ت نه‌بێت به‌شدارنابین ئه‌وه‌ ده‌یسله‌مێنێت به‌ واقع درون، گۆڕانیش كار له‌سه‌ر كارنامه‌ ده‌كات، تائێستا به‌زه‌حمه‌ت حكومه‌ت پێكهاتوه‌ و حكومه‌ته‌كان نه‌یانتوانیوه‌ پێناسە یاسایییه‌كه‌ى حكومه‌ت بکەن، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پێكیش بێت ماوه‌یه‌كى زۆر به‌رده‌وام نابێت".

ئەو چاودێرە دەشڵێت:"حكومه‌ت به‌ته‌نها به‌یه‌كێتى و پارتى پێكنایه‌ت، پارتى مه‌به‌ستێتى گۆڕان به‌شدارى پێبكات دیاره‌ هه‌ر لایه‌ و مه‌به‌ستێكى هه‌یه‌، به‌و شێوه‌ كتوپڕه‌ و له‌دواى ڕیفراندۆم و 16ى ئۆكتۆبه‌ر، پێموانیه‌ حکومەت به‌ئاسانى پێكبێت.

یه‌كێتی له‌ پڕۆژه‌كه‌یدا پێشنیازی جددی ده‌داته‌ پارتی

 

خه‌ندان زانیویه‌تی، یه‌كێتی له‌ پڕۆژه‌كه‌یدا پێشنیازی جددی ده‌داته‌ پارتی له‌باره‌ی دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئێران و توركیا و ئه‌مریكا و روسیا و مامەڵەکردن لەگەڵ پارچەکانى ترى کوردستان و وڵاتانی دیكه‌، كه‌ له‌ ئێستادا هه‌ریه‌كه‌ لە یەکێتى و پارتى به‌جیا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ندان كه‌ لە ئاستی باڵادایه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا وتی، "جه‌مسه‌ره‌كانی یه‌كێتی هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چیتر نابێت پارتی و یه‌كێتی به‌جیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ردوكیان پێكه‌وه‌ هه‌رێمێك به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP