مەسنجەر و واتس ئەپ و ئینستاگرام پێکەوە دەبەسترێنەوە

- 1/26/2019 10:05:00 PM 4406 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دڵشاد بیتوێنى

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی نیۆڕک تایمزی ئەمریکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فەیسبوک مارک زوکەربێرگ پلان دادەڕێژێت بۆ تێکهەڵکێشکردنی هەریەکە لە فەیسبووک مێسنجەر و واتس ئەپ و ئینستاگرام لەگەڵ پارێزگارییکردن لە تایبەتمەندی ناردنی بە نهێنییکراو (کۆتا بۆ کۆتا ) واتا تەنها ئەو کەسەی نامەکە دەنێرێت لەگەڵ ئەو کەسەی بۆی دەنێردرێت نامەکە دەبینن و هیچ لایەنێکی دەرەکی ناتوانێت نامەکانت ببینێت و دەستی پێیان بگات.
خەڵکی دەیانەوێت نامەگۆڕینەوەکانیان سادە، و خێرابێت

 
فەیسبووک لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت : "دەمانەوێت کە باشترین ئەزمونی نامەگۆڕینەوە پێشکەش بکەین کە لەتواناماندا هەیە، خەڵکی دەیانەوێت نامەگۆڕینەوەکانیان سادە، و خێرابێت و لە هەمان کاتیشدا باوەڕپێکراو پارێزراو بێت، ئێمە کاردەکەین بۆ زیادکردنی دڵنیایی بۆ بەرنامەکانی تایبەت بە نامەگۆڕینەوە، بە رەچاوکردنی ئاسانترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە هاوڕێیان و خێزان لە سەرانسەری تۆڕەکان."

گۆڕانکاری لە شێوازی ناردنی نامەکاندا دەکرێت

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشهاتوە تێکهەڵکێشکردنەکە مانای ئەوە نییە کە بەشی نامەگۆڕینەوەکانی هەرسێ بەرنامەکە دەکرێت بەیەک بەش، بەڵکو هەرسێ بەرنامەکە وەکخۆیان دەمێننەوە، بەڵام دەکرێت گۆڕانکاری لە شێوازی ناردنی نامەکاندا بکرێت و پردێکی پەیوەندی لە نێوانیاندا دروست بکرێت، بۆ نمونە ناردنی نامە لە مێسنجەرەوە بۆ کەسێک کە بەکارهێنەری واتس ئەپ-ه بە واتایەکی دیکە گەر تۆ نامە بۆ هاوڕێیەکت بنێری لە مێسنجەر، بەڵام هاوڕێکەت بەکارهێنەری واتس ئەپ-ە ئەوا دەتوانیت ئەو کردارە لە نێوان مێسنجەر-واتس ئەپ ئەنجام بدەیت.

هەریەکە لە بەرنامەکانی فەیسبوک مێسنجەر و ئینستاگرام و واتس ئەپ خاوەنی بەکارهێنەرێکی زۆرن، بەڵام لە ئێستادا هیچ پردێکی پەیوەندی لە نێوانیاندا نییە و هەریەکەیان لەلایەن بەکارهێنەرانی تایبەت بەخۆیانەوە سەربەخۆیانە کاردەکەن.

هێشتا ئەو پلانە لە سەرەتادایە وپێویستی بە کاتە بۆ جێبەجێکردنی پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بەردەست بخرێت یان لە سەرەتای ساڵی 2020، سەبارەت بە بیرۆکەی تێکهەڵکێشکردنەکە بەگشتی لەوە ناچێت سەرنجی بەکارهێنەرێکی زۆر ڕابکێشێت و ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەوەیە بەکارهێنەران پارێزگاری دەکەن لە شێوازی ئێستا کە هەر بەرنامەیە و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ خۆبەدوورگرتن لە ئاڵۆزی و بێزاری.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP