پارتی هەڕه‌شەی کشانەوە دەکات
تێزەکەی د.بەرهەم سەرکەوت، یەکێتى "پڕۆژەیەکی فراوان" دەداتە پارتی

- 1/26/2019 9:01:00 PM 194104 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پڕۆژەیەکی فراوان دەداتە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لە بەغدا و هەرێم، هاوکات یەکێتی دەیەوێت پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێزبکاتەوە كه‌ هەتا ئێستاش پارتی هەڕەشەی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی دەکات .

لە پڕۆژەکەدا پەیامی نەگۆڕی یەکێتی لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و بەغدا خراوەتەڕو

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پڕۆژەیەکی فراوان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی کەرکوک و بەرکەوتەى یەکێتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئامادەکردوە و دەیداتە مەکتەبی سیاسی پارتی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پڕۆژەکەدا پەیامی نەگۆڕی یەکێتی لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و بەغدا خراوەتەڕو پێشتریش رەزامەندی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ وەرگیراوە".

پڕۆژەکەى یەکێتی دوای ئەوە دێت تێزی د.بەرهەم بۆ كاری پێکەوەیی هه‌ولێر - به‌غدا سه‌ركه‌وتو بو

 

رۆژی شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوەوە و دوای کۆبونەوەکەش سەعدی پیرە له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "لە  کۆبونەوەكه‌دا چەندین پرسی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکراون و یەکێتی داوای شەراکەتی راستەقینە لە دۆسیەی نەوت و ئەمنیدا دەکات".

سەرچاوە تایبەتەکەی خەندان وتیشی، "پڕۆژەکەی یەکێتی جەختکردنەوەیە لەسەر یەکپاکێجی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و بەغدا".

یەکێتی ئەو تێزە بەسەرکەوتوو دەزانێت، چونکە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە پاشەکەوتی موچە و گرفتە داراییەکانى هەرێم کۆتاییان دێت

 

ئەو پڕۆژەیەی یەکێتی دوای ئەوە دێت تێزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەلایەن د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشنیارکرابو تێیدا ئاماژە بەوەکراوه‌، "چارەسەر لە بەغدایە" بوەتە تێزێکی سەرکەوتو، هاوکات سەرجەم فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی عێراق لەسەری کۆکبون، جگە لە پارتی.

یەکێتی ئەو تێزە بەسەرکەوتوو دەزانێت، چونکە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە پاشەکەوتی موچە و گرفتە داراییەکانى هەرێمى کوردستان کۆتاییان دێت و دۆخی ئابوری کوردستان دەچێتە وێستگەیەکی دیکەوە، هاوکات سەرچاوەکە بە خەندان-ى راگەیاند ئەو تێزەى دکتۆر بەرهەم لایەنە عێراقییەکان و دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکە و ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکەن، كه‌ ئه‌ویش كاركردنی پێكه‌وه‌یی هه‌ولێر و به‌غداده‌. 

یەکێتی لە پڕۆژەکەیدا ترسی خۆی لە تێکچونی دوبارە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەشاردوەتەوە

 

بەپێی وتەی سەرچاوەکەی خەندان، یەکێتی لە پڕۆژەکەیدا ترسی خۆی لە تێکچونی دوبارە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەشاردوەتەوە و لە پڕۆژەکەیدا پەیامی ئەوە دەداتە پارتی کە نایه‌وێت جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر بگاتە بنبەست و هاوڵاتیانى کوردستان باجەکەى بدەن.

پارتی رێگربوو لەوەی ده‌نگ له‌سه‌ر کاندیدی وەزیری داد له‌ کابینەكه‌ی عادل عەبدولمەهدی بدرێت

 

ئەو هۆشدارییەی یەکێتی بۆ پارتی دوای ئەوە دێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێنجشەممەی رابردو رێگربو لەوەی ئەرکان قادر وەلی، کاندیدی وەزیری داد له‌ کابینەكه‌ی عادل عەبدولمەهدی له‌ پەرلەمان دەنگی لەسەربدرێت، کە یەکێک بو لە کاندیدە سەربەخۆکانى وەزارەتى دادو خەڵکى کەرکوک بو.

به‌رپرسانی باڵای پارتی هەڕەشەی کشانەوەیان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کردوه‌

 

خەندان لە زاری سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی-یەوە زانیویەتی، "بەرپرسانی باڵای پارتی رۆژی پێنجشەممە رابردو بە جددی لەسەر خەتبون تاوەکو رێگری بکەن لە دانانی ئەرکان قادر وەلی، بە وەزیری دادی عێراق، کە بە سەربەخۆ خۆی کاندید کردبو، تەنانەت هەڕەشەی کشانەوەشیان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کردبو ئه‌گه‌ر ئه‌و كاندیده‌ ببێته‌ وه‌زیری داد".

بڕیاربو پێنجشەممەی رابردو لە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکانی داد و پەروەردەی حکومەتی عێراق بدرێت، بەڵام ئەوەی یەکەمیان بەهۆی رێگری پارتی و ئەوەی دوەمیان بەهۆی ناکۆکی شیعە و سونەوە دەنگی لەسەرنەدرا، به‌هۆی پشوی زستانەى په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ مانگی ئازاری ئه‌مساڵ دواخرا.

پۆستی وەزارەتی داد پشکی یەکێتییە و هەردەشبێت بۆ یەکێتی بێت

 

میران محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا بە خەندان-ی راگەیاند، "پۆستی وەزارەتی داد پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و هەردەشبێت بۆ یەکێتی بێت، هەموو لایەنە کوردیەکانیش جگە لە پارتی لەگەڵ ئەوەدان ئەو پۆستە بۆ یەکێتی بێت، بۆیە ئەمڕۆبێت یان مانگێکی دیکە ئەو پۆستە بۆ ئێمە دەبێت".

لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا پارتی هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی و ئابوری و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی بەدەستەوەیە، بەڵام یەکێتی تا ئێستا تەنها پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی وەرگرتوە، بۆیه‌ پۆستی وه‌زاره‌تی داد به‌ پشكی خۆی ده‌زانێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP