هەواڵی ئەمڕۆ

داخستننی حكومەت لە ئەمەریكا
مێژوی داخستی حكومەت و رێكارەكان و دواین كاردانەوەی ترەمپ

- 1/25/2019 2:28:00 PM 6334 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - بەهمەن ئەحمەد 
حكومەتەكەی ترەمپ ریكۆردی درێژترین ماوەی داخستنی لەمێژووی ئەمەریكادا دەشكێنێت
بەهەڵگرتنی كۆبونەوەكانی  كۆنگرێس  بۆ رۆژی یەك شەممەی داهاتوو، حكومەتی ئەمەریكا ریكۆردی هەنگاوێكی خراپ لەمێژوی وڵاتەكەیدا دەشكێنێت كە ئەویش داخستنی حكومەتە.
داخستنی حكومەت چییە؟
داخستنی حكومەت لەئەمەریكا كاتێك روودەدات كە بەشێك لەئۆفیس و بەشەكانی حكومەت دادەخرێن بەهۆی دابیننەكردنی بودجە بۆ ساڵی دارایی و بەڕێنەكردنی كارەكانیان، ئەوەش پاش ئەوە دێت كە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی لەلایەن كۆنگرێسەوە پەسەند ناكرێت بەهۆی بونی ناكۆكی و كێشە لەنێوان پارتەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.
لەماوەی داخستنی حكومەتدا بەشێكی زۆر لەو ئۆفیس و بەشانە دادەخرێن كە سەر بەحكومەتی فیدراڵین، بەشێكی دیكەشیان بەهۆی مانەوەی بەشێك لەبودجەكەیان درەنگتر دادەخرێن، بەڵام دواجار ئەوانیش لەئەگەری درێژبونەوەی داخستنەكەدا توشی قەیرانی زیاتر دەبن و دادەخرێن. 
چەند زانیارییەك لەبارەی داخستنی حكومەت
لەماوەی داخستنی حكومەتدا زۆربەی دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵی دادەخرێن
زۆربەی كرێكارە بەتواناكان بەردەوام دەبن لەكاركردن، بەڵام مەرج نیە پارە وەربگرن
كاریگەری نابێت لەسەر خانەنشینانی سەربازی و ئەوكەسانەی كە پارە بەبێ دامەزراندن وەردەگرن. 
بەهۆیەوە پێدەچێت بەشێك لەو كرێكارانەی سەربەحكومەتی فیدڕاڵی كە مۆڵەتیان هەیە بێكار ببن
داخستنی حكومەت بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەی فیدڕاڵییەوە رودەدات.
داخستنی حكومەت لەهەمو حاڵەتێكدا دەبێتەهۆی زیادبونی تێچوەكانی حكومەت
بەهۆی زیادبونی تێچوەكانی حكومەت و لەدەستدانی زیاتری دەرفەتی كار باج زیاددەكات 
مێژوی داخستنی حكومەت لەئەمریکا
لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1981 دا رۆناڵد ریگن دەیویست ملیارەها دۆلار لەخەرجی حكومەت كەمبكاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەدەستی دیموكراتەكان بون پرۆژەكەی لەوێ كورتی هێنا، سەرۆك ریگنیش ڤیتۆی بڕیاری خەرجكردنی پارەكانی كرد و داخستنی حكومەتی راگەیاند كە بۆماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 1982 لەماوەی سەرۆكایەتی رۆناڵد ریگندا بۆ ماوەی یەك رۆژ داخستنی حكومەت راگەیەنرا ئەویش بەهۆی ئەوەی هێشتا كۆنگرێس یاسای نوێی بودجەی دەرنەكردبوو ئەندامانی پەرلەمان شەوی تەواوبونی وادەكەی بەشداری بۆنەی كۆمەڵایەتییان كردبوو، دواتر پەرلەمانتاران گەڕانەوە و یاساكەیان دەركرد و كێشەكە چارەسەركرا.

لەمانگی دیسەمبەری ساڵی 1982 دا بەهەمان شێوە لەسەروبەندی حكومەتەكەی ریگندا بۆماوەی 3 رۆژ داخستنی حكومەت روویدا بەهۆی ئەوەی دیموكراتەكان كە كۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردبوو دەیانویست واژۆی خەرجكردنی ملیۆنان دۆلاربكەن بۆ دروستكردنی دەرفەتی كار، ریگن واژۆی نەدەكرد، لەبەرامبەردا دیموكراتەكانیش واژۆی خەرجكردنی بودجەی بەرنامەیەكی چەكی ئەتۆمیان نەكرد.

دیسان لەمانگی نۆڤەمبەری 1983 و لەسەردەمی سەرۆكایەتی ریگن دا سێ رۆژ داخستنی حكومەت روویدا پاش ئەوەی دیموكراتەكان داوای یەك ملیار دۆلاری زیادەیان دەكرد بۆ كەرتی پەروەردە و بودجەی بەرگری و دەرەوە، بەڵام سەرۆك ریگن پەسەندی نەدەكرد. 

لەسالانی 1984 و 1986 و 1987 دا چەندین جاری دیكە بەهۆی چەندین بابەتی دیكەی پرسی هاوكاریكردنی هەڵاتوانی نیكاراگوای و پرسی ئاو ئاوەڕۆ و دژایەتیكردنی تاوان و مافی مەدەنیەوە كێشە لەنێوان سەرۆك و ئەنجومەنی نوێنەران رویداوە و بەهۆیانەوە داخستنی حكومەت روویداوە. 
لەساڵی 1990 و لەسەردەمی بوشی باوك كە هەریەك لەئەنجومەنی نوێنەران و خانەی پیران لەژێركرنترۆڵی دیموكراتەكان بوون  بۆماوەی سێ رۆژ داخستنی حكومەت روویدا بەهۆی ئەوەی سەرۆك بوش ئامادە نەبوو بودجەی یاسادانان واژۆبكات. 

لەنێوانی ساڵانی 1995 بۆ 1996 و لەسەردەمی سەرۆكایەتی بیل كلنتۆندا كە هەردو ئەنجومەنی نوێنەران و خانەی پیران لەدەستی كۆمارییەكان بون دو جار داخستنی حكومەت روویدا كە یەكەمیان بەهۆی واژۆنەكردنی پلانی بودجەی بالانسكراو بو دووەمیشیان كە ماوەی 21 رۆژ بەردەوام بو ناكۆكی نێوان سەرۆك و كۆنگرێس بەهۆی ئەوە بوو كە چۆن بودجە بالانس بكەن. 

لەساڵی 2013 شدا لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئۆبامادا كاتێك ئەنجومەنی نوێنەران لەژێر كۆنترۆڵی كۆمارییەكان بوو، توندڕەوە كۆنەپارێزەكان سەركردەكانی كۆمارییەكانیان ناچاركرد هەڕەشەی داخستنی حكومەت بكەن تابتوانن بەشێك لەبەرنامەی چاودێری تەندروستی ئۆباما پەكبخەن. دوتر هەنگاوەكانی داخستنی حكومەت دەستیان پێكرد و لەمانگی ئۆكتۆبەردا بۆماوەی 16 رۆژ داخستنی حكومەت روویدا. 

پاش ئۆباما و هاتنی دۆناڵد ئەگەرەكانی روودانی داخستنی حكومەت زۆرتربون، لە دەرۆژی مانگی كانونی دووەمدا و لەسەر پرسی كۆچبەران كە ترەمپ دژایەتی زۆری دەكردن بۆماوەی سێ رۆژ داخستنی حكومەت روویدا هەرچەندە تەواوی كۆنگرێس بەئەنجومەنی نوێنەران و خانەی پیرانیشەوە لەژێر كۆنترۆڵی حزبەكەی سەرۆكدا بون. 

جارێكی دیكە لەمانگی شوباتی 2018  و لەسەر پرسی وەرگرتنی مناڵ وەك كۆچبەر دیموكراتەكان لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا تێكیاندا و بۆماوەی رۆژێك حكومەت داخرا.

دواین جاریش كە داخستنی حكومەت ریكۆردی درێژترین ماوەی خۆی لەمێژوی ئەمەریكادا شكاند لە 22 ی مانگی دیسەمبەری رابردوەوە لەسەر پرسی دابینكردنی بودجە بۆ دروستكردنی دیواری سنوربەندی نێوان ئەمەریكا و مەكسیك دەستی پێكردوە و تا ئێستا بەردەوامە. ئێستا دیموكراتەكان كۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردوە و پێدەچێت كێشەكە بەردەوام بێت. 
دواین كاردانەوەی ترەمپ لەبارەی داخستنی حكومەت 
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتارێکدا پێشنیازێکی دیکە دەخاتە بەردەم دیموکراتەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی کارەکانی حکومەتی ئەمریکا کە ماوەی 34 رۆژە بەشێک لەکارەکانی راگیراون.

وابڕیارە رۆژى 29 ى کانوونى دووەم دۆنالد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا وتارى ساڵانەى خۆى بۆ سەرانسەرى ئەمریکا پێشکەش بکات، وتەبێژى کۆشی سپی سارا ساندەرس ئێوارەی سێشەممە بە رۆژنامەنووسانى وت، لەم کاتەدا ئێمە بەرەو ئەوە دەچین کە سەرۆک وتارێک لەسەر ڕەوشی وڵات لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە کۆنگرێس پێشکەش بکات.
ترەمپ پێشنیازێکی نوێ لەبارەی قەیرانەکانی وڵاتەکەیەوە دەخاتە بەردەم دیموکراتەکان
لە وتارەکەیدا ترەمپ پێشنیازێکی نوێ لەبارەی قەیرانەکانی وڵاتەکەیەوە دەخاتە بەردەم دیموکراتەکان کە بەهۆیەوە زیاتر لە 34 رۆژە بەشێک لەکارەکانی حکومەتی وڵاتەکەی پەکیان کەوتوە، کە ئەوەش دەبێتە سێیه‌مین پێشنیاز كه‌ تره‌مپ ئاڕاسته‌ی دیموكراته‌كانی ده‌كات.
ترەمپ داوا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات پێنج ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی دیواری نێوان ئەمەریکا-مەکسیک تەرخان بکات
ناکۆکی نێوان دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات کە ترەمپ داوای لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی دیواری نێوان ئەمەریکا-مەکسیک تەرخان بکات، بەڵام دیموکراتەکان کە زۆرینەی کۆنگرێسیان بەدەستەوەیە داواکەیان رەتکردەوە. 
تره‌مپ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان کۆببێتەوە، به‌ڵام له‌وه‌ناچێت پاشگه‌زبوبێته‌وه‌ له‌ بڕیارەکەی 
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆشكی سپی به‌ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن راگه‌یاندوه‌، "تره‌مپ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان کۆببێتەوە، به‌ڵام له‌وه‌ناچێت پاشگه‌زبوبێته‌وه‌ له‌ بڕیاری دروستكردنی دیواره‌كه‌، به‌ڵام ترەمپ پلانی وایە به‌م رێگه‌یه‌ ده‌توانێت دیموكراته‌كان له‌ سه‌قفی پێداگریكردنیان بێنێته‌خواره‌وه‌ و ملكه‌چی بڕیاره‌كانی خۆیانی بكات".
 420 هەزار فەرمانبەری دیکە لە ئەمریکا بەبێ موچە کار دەکەن
بەهۆی پەکخستنی بەشێک لە کارەکانی حکومەتی ئەمریکا کارەکانی 380 هەزار کارمەندی حکومەتی راگیراون و 420 هەزار فەرمانبەری دیکەش بەبێ موچە کار دەکەن.

داخستنی بەشێک لە حکومەتی ئەمریکا و راگرتنی کارەکان بە درێژترین  داخستنی حکومەتی ئەمریکا دادەنرێت لە مێژوی ئەو وڵاتەدا، پێشتریش لەسەردەمی سەرۆکایەتیەکەی بیل کڵنتن، بەشێک لەکارەکانی حکومەت پەکی کەوت کە لە 15ی مانگی 12ی ساڵی 1995 بۆ 6ی مانگی یەکی ساڵی 1996بەردەوام بوو.
کۆشکى سپى سەرقاڵى ئامادەکردنى رەشنوسێکە بۆ راگەیاندنى بارى نائاسایی

لە ماوەى رابردوشدا راوێژکارێکى کۆمارییەکان رایگەیاندبوو کە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت دۆنالد ترەمپ بیر لە راگەیاندنى بارى نائاسایی بکاتەوە.
زەردەشت بابان ئەندامى کۆمارییەکان و راوێژکار لە حکومەتەکەى دۆنالد ترەمپ لەبارەى ئەو گرژیانەى لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان لە ئەمریکا دروستبوون بە خەندان-ى راگەیاندبوو: ترەمپ سورە لەسەر دروستکردنى ئەو دیوارە، ئێمە لە کۆمارییەکان داوامان لێکردووە کە بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە لە بڕیارەکەى نەکات.

ئەوەشى خستەروو، ئەگەر دیموکراتەکان پەنا ببەنە بەر ئەنجامدانى خۆپیشاندان و هاندانى هاووڵاتیانى ئەمریکا لە رێگەى دەزگا میدیاییەکانەوە، بێگومان کۆمارییەکانیش هەمان هەنگاو دەنێن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، ئەوەش کاریگەرى دەکاتە سەر تێکچوونى دۆخى ئەمنى و ئارامى ئەمریکا.

ئەو راوێژکارەى کۆمارییەکان ئاشکرایکرد کە لەگەڵ راوێژکارەکانى هاوڕێى داوایان لە ترەمپ کردووە بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە لە بڕیارەکەى نەکات و هەموو دەسەڵاتەکانى بەکاربهێنێت لەپێناو سەرخستنى بڕیارەکەى.

سەرۆکى ئەمریکا لە گێژاوێکى قوڵدایە

ئاماژەى بەوەشکرد ئەگەر داخستنى حکومەت تا کۆتایی مانگى یەک بەردەوام بێت کاریگەرى گەورە لە ئەمریکا دروست دەکات و دەبێتە هۆى ئەوەى باج نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت ئەوەش زیانى گەورەى لێدەکەوێتەوە.

لە ئێستاشدا کۆشکى سپى سەرقاڵى ئامادەکردنى رەشنوسێکە بۆ ئەوەى پێشکەشى دۆنالد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاى بکات بۆ راگەیاندنى بارى نائاسایی لە وڵاتدا.

لە ئێستادا دۆنالد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە گێژاوێکى قوڵدایە، روداوەکانى چەند رۆژى داهاتوى ئەمریکا و بڕیارەکانى ترەمپ و هەڵوێستە نوێکانى دیموکراتەکان و پشتگیریی کۆنگرێس هەموو ئەو ئەگەرانەن کە درێژە بە بڕیارى دروستکردنى دیوارەکە یاخود پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە لەلایەن ترەمپەوە دەدەن.

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP