عەلی حەمەساڵح: هیچ بیانویه‌ک بۆ پاشه‌که‌وتی موچە نه‌ماوه‌

- 1/24/2019 12:30:00 PM 18050 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق هیچ بیانویەک بۆ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و راگرتنی پڕۆژەکانی و چاکسازی نەماوە و داهاتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەی زۆر زیاد دەکات.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، "به‌و پاره‌یەی له‌ به‌غداوە دێتە هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ داهاتی 420 هه‌زار به‌رمیل (ئه‌گه‌ر 40 دۆلار ئه‌ژمار بکه‌ین) له‌گه‌ڵ 150 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، کۆی داهاتی مانگانه‌ی هه‌رێم ده‌گاته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ترلیۆن و 270 ملیار دینار". 

کۆی داهاتی مانگانه‌ی هه‌رێم ده‌گاته‌ یه‌ک ترلیۆن و 270 ملیار دینار

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان کە لەبەغداوە بۆی دێت و لەگەڵ داهاتی فرۆشتنی نەوت دەستیدەکەوێت نزیکه‌ی 400 ملیار دیناری له‌ پێداویستی موچه‌ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتره‌. 

ئەو پارەیەی هەرێم لە بەغداوە بۆی دێت لەگەڵ داهاتی فرۆشتنی نەوت نزیکه‌ی 400 ملیار دیناری زیاترە له‌ پێداویستی موچه‌
عەلی حەمەساڵح نوسیویەتی، "له‌ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومه‌ت، جه‌خت له‌سه‌ر چاکسازی ڕیشه‌یی له‌ خه‌رجیه‌کاندا کراوه‌ته‌وه‌، ڕێککه‌وتوین له‌ هه‌موو بارێکدا (گۆڕان به‌شدار یان ئۆپۆزسیۆن) له‌ مانگی یه‌که‌مدا یاسای چاکسازی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندکراوی تێده‌په‌ڕێت، به‌مه‌ش داهاتێکی گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی، که‌ ده‌تواندرێت کوردستانی پێ ئاوه‌دان بکرێته‌وه‌".

له‌ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومه‌ت، جه‌خت له‌سه‌ر چاکسازی ڕیشه‌یی له‌ خه‌رجیه‌کاندا کراوه‌ته‌وه‌
لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت، "گفتوگۆ و رێککه‌وتن به‌و ئاڕاسته‌یه‌یە ساڵی یه‌که‌م هه‌موو دامه‌زراوه‌کانی نه‌وت وەک، سندوقی داهات، کۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وت، کۆمپانیای تایبه‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنان و کۆمپانیای تایبه‌ت به‌ پاڵاوتن و پاشکۆکانی دروستبکرێت و له‌ ژێر چاودێری په‌رله‌مان و دیوانی چاودێری دراییدا ده‌بن". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP