بافل تاڵەبانى: با هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان پشتگیرى سەرۆککۆمار بکەین
کۆنگرەى نوێبوونەوە دەبەستین و بۆ کەرکوک دۆخێکى نوێ دێتە پێشەوە

- 1/23/2019 5:31:00 PM 13293 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە میواندارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: "چاکسازی ریشەیی لە ھەرێم دەکەین و حکومەتی ھاوڵاتیبون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەچەسپێنین و چیتر یەکێتی پاشکۆ نابێت و بڕیاری سیاسیشمان سەربەخۆ دەبێت، ھەتا یەکێتیەکیش مابێت دەست لەکەرکوک بەرنادرێت".
مەرجمان  بۆ گفتوگۆکانی پێکھێنانی  حکومەت رێکەوتنی سیاسیە لە پێناو چاکسازی ریشەیی لە کایەی بەڕێوەبردن و ھێنانەکایەی حکومەتی ھاوڵاتیبون 
سەبارەت بە سیاسەتى ئێستاى یەکێتى بافڵ تاڵەبانی وتی: "بۆ یەکێتی لە پۆست و دەسکەوتی حزبی گرنگتر رێکەوتنی سیاسیە لە سەر شێوازی بەڕێوەبردن و حکومڕانی ئەوەشى کردۆتە مەرج، چونکە پێمانوایە کاتی گۆڕانکاری ڕیشەیی ھاتوە لە کۆی جومگەکان و چاکسازی لە ئیدارەدان و ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەھێزترکردنەوەی ئابوری ھەرێم و یەکخستنەوەی ماڵی کورد کە ئەمەش تەنھا دروشم و قسە نەبێت لە واقیعدا بەرجەستەی بکەین".

وتیشى :"دڵنیابن بۆ وڵاتانی زلھێزی جیھان و ناوچەکەش دەرکەوت یەکێتی لە دووساڵی رابردو سیاسەتی حەکیمانەو واقیعی پەیڕەوکردوە، ئەمڕۆش پێشنیارو بڕیارەکانمان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراق و ناوچەکە گوێلێگیراو و سەرچاوەی بڕیارە ستراتیژییەکانە".

لە درێژەى وتەکانیدا رایگەیاند:" خەمی ئێمە خەمی ھاوڵاتیبون و هەرێمێکە کە یاسا لەسەرو ھەموانەوە بێت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بچەسپێت، هەر ئەوەش تاکە مەرجمانە بۆ گفتوگۆکانمان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم، بۆ ئەم ئامانجەش نوێنەرەکانى یەکێتى لە هەرێم و بەغداد سەرقاڵى بەئاکام گەیاندنى پرۆژەیەکى ستراتیژین بۆ پەرەپێدانى ژێرخانى ئابوورى کوردستان".
كەرکوک شاری  برایەتی و پێکەوە ژیانە، بەڵام قودسی  کوردستانە و بە ھیچ شێوەیەک سازشناکرێت لە سەر پرسی پارێزگار کە ھی کوردە و لە نێویشیدا ھی یەکێتی دەبێت، قۆناغێکێ نوێش بۆ کەرکوک بەرێوەیەوە 
سەبارەت بە کەرکوک بافڵ تاڵەبانی وتی: "کەرکوک قودسی کوردستانە، یەکێتی چۆن لە رابردودا کەرکوکی جێنەھێشت، بۆ داھاتووش ھەر لە شارەکەی خۆمان دەمێنینەوە. ئەوەش وەسێت و خەونی ھەڤاڵ مامجەلال بوە و پەیڕەوی دەکەین و دەھێنینە دی. لەسەر پرسی پارێزگار و مافەکانیشمان  ھیچ تەنازولێ ناکرێت و نەشمانکردوە، دڵنیابن پۆستی پارێزگار بۆ کورد دەبێت و یەکێتیش دەبێت، کە ئەوە قابیلی ھیچ جۆرە گفتوگۆ وسازشێک نیە ئەوە کۆتایی پێھاتوە کەرکوک شاری یەکێتییە".
 
لەبەشێکى ترى وتەکەیدا بافڵ تاڵەبانی داواى لە کەرکوکییەکان کرد "چیتر گوێمەدەنە پەیامی ژەھراوی ھەندێ راگەیاندن، بۆیە بیان سڕنەوەو ئێوەی دڵسۆز لەگەڵمان بن و ھاوکارمان بن بۆ تەواوکردنی ھەوڵەکانمان کە ئەوەندە نابات دۆخێکی دیکە دێتە پێشەوەو بەدڵی ھەموان دەبێت". 
یەکێتی یەک بڕیاری ھەیە و کۆنگرەی نوێبونەوەش دەبەستین
یەکیەتى ناو یەکێتیی و بەستنی کۆنگرە تەوەرێکی دیکەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بو، تاڵەبانى رایگەیاند: "یەکێتی ئێستا یەک بڕیاری سیاسی ھەیە بۆ کۆی پرسەکان و ھەر بڕیارێکیش کە دەیدات بڕیاری نیشتمانی و رەنگدانەوەی داخوازی خەڵک دەبێت، بەرنامەیەکیش جێبەجێدەکەین بۆ رێکخستنەوەی تەواوی کاروباری رێکخراوەیی و پاداشت و سزا دەکەینە پێوەری کارەکانمان  و چیتر یەکێتی پاشکۆی ھیچ حزبێک نییە و ئەو سەردەمەش تەواو بو یەکێتی پاشکۆیەتی و پەراوێزبون قبوڵ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرەى نوێبونەوەو بوژانەوەى گیانى یەکێتى دەبەستین.
با بە ھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان پشتگیری لە دکتۆر بەرھەم سەرۆککۆماری عێراق بکەین

لەبارەی بەغداد و پێشھاتەکانی ناوچەکەو سیاسەتی گۆڕاوی نێودەوڵەتی بەرامبەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بافڵ تاڵەبانی وتی:"یەکێتی سیاسەتێکی ھاوسەنگ و واقیعی پەیڕەو دەکات کە بە قازانجی زیاتر بەھێزترکردنی پێگەکەمان بشکێتەوە، لە کۆی گۆڕانکارییەکانیش وەک کورد براوەبین، لەو پێناوەشدا کاردەکەین بۆ یەکخستنەوەی ماڵی کوردو یەک خستنی پەیامی نیشتیمانیمان،

ھەربڕیارێک پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمانەوە ھەبێت، دەبێت بڕیاری نیشتمانی بێت

وتیشى : لەمەودوا ھەربڕیارێک پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمانەوە ھەبێت، دەبێت بڕیاری نیشتمانی بێت و کۆدەنگی ھەموو لایەکی لەسەر بێت و قۆناغی بڕیاری تاک لایەنانە بەسەرچوو، ھەمووانیش پشتگیری نوێنەرەکانمان بکەین لە بەغدادو کارەکانمان لە پێناو ھەرێمێکی بەھێزتربێت".

لە کۆتایشدا داواى کرد "با بە ھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان پشتگیری لە دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بکەین و پشتیوانی بین لە سەرخستنی ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و عێراق و خزمەتکردنی زیاتری ھەرێم، چونکە ئێستا نوێنەری ھەموومانە لە بەغداد و پێکەوە لایەنە سیاسیە کوردییەکان پرۆژەمان ھەبێت بۆی و نەبینە ئاستەنگ لەبەردەمی و دور لە ئینتیمای سیاسی و بیرکردنەوەی حزبی لەگەڵی بین لە پێناو بەدەستیھێنانی مافەکانی گەلەکەمان".

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP