پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساى بودجەی 2019 دەدات

- 1/23/2019 8:45:00 AM 2989 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە کۆدەبێتەوە و کارنامەی کۆبونەوەکە سێ تەوەر لە خۆدەگرێت، کە گرنگترینیان دەنگدانە لەسەر پرۆژە یاساى بودجەی 2019ی عێراق.

بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار سوێندنی یاسایی ده‌خۆن و ده‌ست به‌كارده‌بن، هاوکات ده‌نگ له‌سه‌ر کاندیدانى هەردوو وەزارەتى داد و پەروەردەی حکومەتی عێراق دەدرێت و پاشان دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساى بودجەى 2019ى عێراق بەڕێوەدەچێت.

بڕیاربو دوێنێ سێشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەبارەی پشکی کورد لە بودجەدا دەنگدانەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

رێبوار کەریم، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە خەندان-ى راگەیاند، "هێشتا رون نییە ئایا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق ناوى کاندیدانى وەزارەتى ناوخۆ و بەرگرى پێشکەشى پەرلەمان دەکات یان نا، بەڵام ئەگەر پێشکەشى بکات دەنگ لەسەر ئەو دو کاندیدەش دەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە رۆژى پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانى عێراق بێتە پەرلەمان بەمەبەستى گفتوگۆکردن و هەماهەنگى کردن لە نێوان کارەکانى پەرلەمان و حکومەت و ئەو کێشانەى لە ئەنجومەنى وەزیران هەن.

نیشانەکردن :

#پەرلەمانی عیراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP