پارتی "یاری" به‌ كارته‌كانی ده‌ستی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات

- 1/22/2019 9:00:00 PM 27086 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گفتوگۆکانی نێوان سێ لایەنی سەرەکی براوەی هەڵبژاردنەکانی 25ی ئەیلول چوەتە قۆناغێکی دیکەوە و لە ئێستادا بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی بەرکەوتەکانیان لە کابینەی نوێی حکومەت دەکەن، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌جیا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌ و به‌وه‌ش "كارته‌كانی ده‌ستیان ئاسانتر ده‌خوێنێته‌وه‌".

پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی سێشەممە، سێیەم کۆبونەوەیان لەبارەی کابینەی نوێی حکومەتەوە لە پیرمام ئەنجامدا، ئه‌وان بڕیاریانداوه‌ دوو لیژنە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی خاڵبەندی و نوسینەوەی کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیێکبهێنن.
لیژنەکانى پارتی و گۆڕان باسی ئەو یاسا و پرۆژانە دەكەن كە دەبێت لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا حكومەت و پەرلەمان یەكلایی بكەنەوە 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لیژنەی كارنامەی حكومەتی پارتی و گۆڕان باسی ئەو یاسا و پرۆژانە دەكەن كە دەبێت لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا حكومەت و پەرلەمان یەكلایی بكەنەوە و كاتیشیان بۆ دابنرێت، وەك نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان و کارنامەو بەرنامەی حکومەت بۆ سێكتەرە خزمەتگوزاریەکان.

هەروەها پارتی و گۆڕان دەیانەوێت کێشەکانی سندوقی داهاتە نەوتییەكان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و چاكسازی یەکلایی بکەنەوە.
پارتى کارتەکانى ئاشکرا کراوە و دەیەوێت زیرەکانە یارى بەکارتەکانى یەکێتى و گۆڕان بکات
پارتی دیموکراتی کوردستان پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان کارتەکانی دەستی بۆ لایەنەکان ئاشکراکرد، ئێستا بە ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دەیەوێت زیرەکانە یاری بەکارتەکانی ئەوانەوە بکات و بەپێی کارتی دەستی هەریەکێکیان یاری لەگەڵ ئەوی دیکەدا بکات و سەرنج ئەو دوو حزبە لەسەر کارتە پێشوەخت کەشفکراوەکانی خۆی لاببات.

بەپێی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان خاڵەکانی هەریەک لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان دابەشکراوە، بەجۆرێک پارتی 57 خاڵ و یەکێتی 27 خاڵ و گۆڕان 16 خاڵی بەردەکەوێت.
گۆڕان هیچ پۆستێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و حکومەت وەرناگرێت 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێکی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و حکومەت وەرناگرێت و لەم ڕوەوە پارتی دەخوازێت بەشێوەیەکی نەرم و جیاواتر لە خولی ڕابردو "گۆڕان ھەڵدەداتەوە دەرەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت"، چونکە دەیانەوێت جارێکی دیكه‌ پارتی بەر ئەو شێوازە ڕەقەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەشداری لە حکومەت نەکەوێت كه‌ لەگەڵ گۆڕان لە خولی ڕابردودا توشی ھات. کاتێک پارتی وەک دەسەڵاتداری ڕاستەقینە، کۆنتڕۆڵی جومگە سەرەکی و گرنگەکانی ھەرێمی کردبو.

پارتی له‌كابینه‌ی هه‌شتدا بەرگەی ئەو جۆرە لە بەشداری نەگرت پەنای بۆ لەکارخستن و دەرکردنی ئەو بزوتنەوەیە برد، کە بڕیاری چوار ساڵی ئارامی و پێکەوەییان ھەبوو.

سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت
به‌پێی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت، بەڵام لە نێوان رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ هێشتا دیارنیه‌ چی باڵێكی یه‌كێتی ده‌یبات.

هه‌ربه‌پێی زانیاره‌كانی خه‌ندان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت و هێمن هەورامی پۆستەکە وەردەگرێت، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ یەکێک لە پێکهاتەکانە و هێشتا لە نێوان تورکمان و مەسیحییەکاندا یەکلایی نەبوەتەوە.
پارتی لەژێر فشار و پێداگری یەکێتی  دەستبەرداری پێشنیازی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت بوە
لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پۆستی سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی و جێگری یەکەم و ئاخیریش دەدرێتە یەکێتی، چونکە پارتی لەژێر فشار و پێداگری یەکێتی  دەستبەرداری پێشنیازی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت بوە، کە داوای دەکرد یەکێکیان بدرێتە یەکێتی و ئەودیکەیان بۆ گۆڕان لەم سۆنگەیەشەوە لە ڕێگای دوو جێگری بێ ھێزەوە سەرۆکایەتیەکی بەھێز بۆخۆی دەستەبەر بکات.

لە سەرۆکایەتی هەرێمیش پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی دیاریکردوە و دەیەوێت بەبێ بەربەست لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام تا وەکو ئێستا جێگرەکەی یەکلایی نەبوەتەوە و هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان داوای دەکەن و بە مافی خۆیانی دەزانن.
یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و بەغدا و نەوت و دۆسیەی ئەمنی چارەسەربکات 
خەندان زانیویه‌تی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ژێر فشاری سەرکردایەتیەکەیدا و دەیەوێت لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتدا پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و بەغدا و نەوت و دۆسیەی ئەمنی چارەسەربکات و لەو بارەیەوە دڵنیایی وەربگرێت.
پارتى لەوە گەیشتوە کە یەکێتی لەڕووی ئەمنیەوە تۆکمەیە و توانای دروستکردن و پارێزگاریکردنی ھاوسەنگی ھەیە 
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی لە کابینەی نۆی حكومه‌ت، کە یەکێکه‌ لەخاڵە ناكۆكه‌كانی نێوان یەکێتی و پارتی، لە ئێستادا وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە پارتی بە مامەڵەکردن و ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی بە تێوەگلان لە روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 تۆمەتباریان دەکردن لە رووی ئەمنییەوە پاشەکشەی کردبێت و لەوە گەیشتبێت کە یەکێتی لەڕووی ئەمنیەوە تۆکمەیە و توانای دروستکردن و پارێزگاریکردنی ھاوسەنگی ھەیە و ڕێگە بە پارتی نادات لە سەرۆکایەتی ئەو دۆسیەیە ڕۆڵی ھاوبەشێتی چونیەک و ڕاستەقینەی لێ بستێنێتەوە.
پێشبینی دەکرێت پارتی و یەکێتی پۆستە سیادیەکان بە فۆڕمی نزیک لە نیوە بە نیوەی جاران لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەنەوە
پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی پۆستە سیادیەکان بە فۆڕمی نزیک لە نیوە بە نیوەی جاران لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەنەوە، لە ئێستاشدا یەکێتی سەرۆکی کۆماری بەدەستەوەیە و لە کابینەی نۆشدا واچاوەڕێ دەکرێت هەریەکە لە پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت و دوو وەزارەتی سیادی لە کۆی شەش وەزارەتی سیادی وەربگرێت.

ھەرچی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمیشە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا یەکلایی نەبوەتەوە، بەڵام یەکێتیش دەسبەرداری نەبوە بۆیە لە ڕاستیدا تا ئەم ساتە یەکلایی نەبوەتەوە ئایا پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم یەکێتی یان گۆڕان  وەریدەگرێت؟.
شاندی پارتی لە کۆبونەوەکاندا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان هێڵی سوریان بەسەر چەند وەزارەتێکدا هێناوە
هەرچەندە یەکێتی لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ پارتی دەیەوێت کۆی کێشەکانی هەرێم و کەرکوک و بەغدا بە یەک پاکێچ چارەسەر بکات، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی خەندان پارتی بەشێوەیەکی تاکتیکی پاشەکشەی بە یەکێتی کردوە و لە ستراتیژی پێکھێنانی حکومەت و جیاکردنەوەی لە پاکێجی کەرکوک و بەغداد نزیکبوەتەوە. 

ھەر گوێرەی زانیاریە پشتڕاستگراوەکانی خەندان، کە لە سەرچاوەی باڵا و بەشدار لەناو یەکێتی پارتی دەستی کەوتون، شاندی پارتی لە کۆبونەوەکاندا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان هێڵی سوریان بەسەر چەند وەزارەتێکدا هێناوە كه‌ پارتی دەیەوێت بۆ چوار ساڵی دیکەش لە ژێر دەستی خۆیدا بیانهێڵێتەوە ئەوانیش وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و نەوت و سامانە سروشتیەکان و پەیوەندیەکانی دەرەوەن.
گەر یەکێتی لە دۆسیەکانی نەوت و دارایی و سامانە سروشتیەکان و پەیوەندیەکانی دەرەوە بەشداری راستەقینەی نەبێت، پێناچێت بتوانێت خزمەت هاوڵاتیانی جێ نفوزی بکات
هەرچەندە دروشمی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی 30ی ئەیلولدا ئارامی، هەلی کار و ئاوەدانی بون ھی گۆڕانیش جەخت کردنەوە بوو لەسەر گۆڕانکاری لە ژیان و بژێوی خەڵک و بەئاکام گەیاندنی چاکسازی ڕاستەقینە، بەڵام بەپێی وتەی رەخنەگران تاوەکو یەکێتی لە دۆسیەکانی نەوت و دارایی و سامانە سروشتیەکان و پەیوەندیەکانی دەرەوە بەشداری راستەقینەی نەبێت، "پێناچێت بتوانێت خزمەت هاوڵاتیانی ناوچەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەرین و گەرمیان بکات کە بە جێ نفوزی خۆی دەزانێت".
گۆڕان بەرگەی دابەزینێکی تری ڕێژەی کورسیەکان ناگرێت
یه‌كێتی لەو ناوچانە ڕوبەڕوی ڕەخنەگردنێکی زۆر و توڕەیی جەماوەر و دەنگدەرانی خۆیشی بوەتەوە، ھەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە مەترسیەکانی بەردەمی لە ھی یەکێتی کەمترنین بەتایبەت لە بابەتی خاڵبەندی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و بەرنامەی کاری حکومەتدا ئەگەر سەرکەوتونەبێت مەترسی توڕەتکردنی جەماوەر و دەنگدەرانی زیاتر دەبێت و بەرگەی دابەزینێکی تری ڕێژەی کورسیەکان ناگرێت، وەک ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا توشی ھات بەتایبەت کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیشی لەبەردەمیدایە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP