هەواڵی ئەمڕۆ

چاودێرى دارایی: بەڵگەى پێویست لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان پێشکەش ناکرێت

- 1/22/2019 6:00:00 PM 4286 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆكى دیوانى چاودێری دارایى هه‌رێمى كوردستان هۆکاری دواخستنی پرۆژە یاساى چاکسازى ئاشکرادەکات و دەڵێت" هۆیه‌كانى ئه‌م دواخستنه‌ و پێشتریش گۆڕینى داڕشتنى چه‌ند مادده‌یه‌ك له‌ ره‌شنووسه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسى و كه‌سیى بوون زیاتر له‌ هۆکارى هونه‌رى و كارگێرى".

لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ خەندان خالد هادى چاوشلی، سه‌رۆكى دیوانى چاودێری دارایى هه‌رێمى كوردستان باس لە کارەکانی دیوانی چاودێری دارایی دەکات لەماوەی دروستبوونیەوە تا ئێستا و دەڵێت" هەرچەندە و به‌پێی یاسای دیوان كار و چالاكیه‌كانى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و كه‌رتى نه‌وت و گاز ده‌كه‌ونه‌ ژێر ركێفى دیوان، بەڵام لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار رێخۆشكه‌ر نه‌بووه‌ بۆ پێشكه‌شكردنى دۆكیومنت و زانیاری پێویست هاوشێوه‌ى وه‌زاره‌ت و كه‌رته‌كانى دیكه‌ بۆیه‌ دیوان نه‌یتوانیوه‌ وردبینى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكات".

خەندان: لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا کارەکانى دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان چۆن بووە؟

 خالد چاوشلی: به‌پێى یاساى ژماره‌ (2)ى ساڵى 2008 په‌یكه‌رى كارگێڕى و سنوورى ئامانج و ئه‌ركه‌كانى دیوانى چاودێرى دارایى له‌هه‌رێمى كوردستان رێكخراو و بنه‌مای یه‌كگرتنى هه‌ر دوو دیوانى ئیداره‌ى هه‌ولێر و سلێمانى داندرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌راى له‌كارخستنى دیوان به‌هۆى بۆشایى پۆستى سه‌رۆكى دیوان بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ ئه‌م یاسایه‌ له‌ ماوه‌ى 2008 تاكو 2014 به‌شێوه‌كى كرده‌یى جێبه‌جێنه‌كرا.
دوای ده‌ستبه‌كاربوونم له‌م پۆسته‌ له‌ 10/5/2014 و به‌هاوكارى به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كان و كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی دیوان ده‌ستمانكرد به‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نى چاودێرى دارایى هه‌رێم و، په‌یڕه‌وى ناوخۆى دیوانمان ده‌ركرد، دواتر به‌ پێى مادده‌كانى ( 6 و8 ) ى یاساى دیوان و په‌یڕه‌وه‌كه‌ى ده‌ستمانكرد به‌هاوتاكردنى پێگه‌ ئیدارییه‌كانى دیوان و رێكخستنى كاره‌كانیان، به‌مه‌ش كارو فه‌رمانه‌كانی دیوانمان خسته‌ سه‌ر سكه‌. جگه‌ له‌وانه‌ش توانیمان رێژه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ ئامانج و پلانه‌كانمان به‌دیبهێنین، هه‌رچه‌نده‌ هیواو ئاواته‌كانی دیوان زۆر له‌مانه‌ زیاتر بوون. بێگومان زۆربه‌ى هۆیه‌كانی كورتهێنانه‌كان ده‌ره‌كى و له‌ده‌ره‌وه‌ى كونترۆڵى دیوان بوون. 

خەندان: دەسەڵاتەکانى دیوانى چاودێرى دارایی چین؟

خالد هادى چاوشلی: پێش هه‌موو شتێك به‌ پێویستى ده‌زانم كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت ئه‌وانەى پسپۆر نین له‌بواره‌كانی یاسا و وردبینى یاخود ئه‌زموونى وه‌زیفیان نیه‌ ئه‌م ڕاستى و بنه‌مایانه‌ بزانن كه‌ له‌ رووى پیشه‌ییه‌وه‌ ئه‌ركى چاودێرى و وردبینى سه‌ره‌كى (ده‌ربڕینى ڕایه‌) به‌به‌راودكرن له‌گه‌ڵ بنه‌ما و یاسا و رێنماییه‌ دارایى و كارگێڕییه‌ به‌ركاره‌كان و، ئه‌م كاره‌ش بۆخۆی هیچ به‌هایه‌كى نابێت ئه‌گه‌ر له‌ نێو بازنه‌یه‌كى كارا و ته‌واوى حوكمڕانى و ژینگه‌ى پێویست و ته‌ندروست كاره‌كانى خۆی ئه‌نجام نه‌دات.
به‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌كى خێرا بۆ ئه‌م بازنه‌ و ژینگه‌یه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رێمى كوردستان تاكو ئێستا خاوه‌ن ده‌ستوور و دادگاى ده‌ستوورى نییه‌، هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ى سیماى دوو ئیداره‌یى به‌هۆى مانه‌وه‌ى به‌شێكى گه‌وره‌ له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى چه‌ترى دامه‌زراوه‌یی پێویست كار ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ش بێگومان كاریگه‌ریى نه‌رێنى گه‌وره‌یان ده‌بێت له‌سه‌ر قۆناغه‌كانى داهاتووى ئه‌م بازنه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر تواناى دادوه‌رى و جێبه‌جێى كردنى  بڕیارى دادگاكان، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شه‌دا دیوان وه‌ك چۆن ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتى بۆ دیارى كراوه‌ له‌ یاسایه‌كه‌یدا داوا له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندار ده‌كات به‌ لابردنی سه‌رپێچیه‌كان و له‌ كاتى پێویستیشدا داوا له‌ وه‌زاره‌ت یاخود له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌كات (به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى داواكارى گشتى ) لێكۆڵینه‌وه‌ى پێویست ئه‌نجام بده‌ن.  ئه‌مه‌ش به‌ ڕه‌چاوكردنى  جۆر و ئاستى سه‌رپێچى و به‌هاكه‌ى. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ دیوان بۆى هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ هه‌ندێك كه‌یس ڕه‌وانه‌ى داواكارى گشتى بكات.

خەندان: ئایا دیوان توانیویەتى مومارەسەى دەسەڵاتەکانى بکات، ئەگەر کردویەتى چۆن و ئەگەر نەیتوانیوە بۆ؟
خالد چاوشلی: ده‌توانم بڵێم دیوان ده‌رفه‌ت و مه‌رجه‌كانى پیشه‌یى پێویستی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ تاكو بتوانێ گشت ئه‌ركه‌كانى خۆى جێبه‌جێبكات ، به‌ڕەچاوكردنى ڕوونكردنه‌وه‌ى پێشكه‌شكراو له‌ وەڵامى پرسیارى دووه‌م و كه‌مى كادر و جێبه‌جێ نه‌كرنى بڕگه‌ی سێیه‌م له‌ مادده‌ (7)ى یاسای دیوان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ پاش هه‌ڵبژاردن و ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى دیوان ئه‌نجامبدرێت ( پرۆسه‌ى دامه‌زراندن بۆ پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانى دیوان وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى دیوان و به‌شێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانى) كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریه‌كى نه‌رینى ڕاسته‌وخۆی كرده‌ سه‌ر سه‌رپه‌رشتىكردن و به‌رێوه‌بردنى به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌كانى دیوان و كار و چالاكیه‌كانیان.
 سه‌ره‌ڕاى  هۆكاره‌كانی سه‌ره‌وه‌ دیوان نه‌یتوانیوه‌ به‌شێوه‌كى ڕه‌ها گشت ده‌سه‌ڵاته‌كانى یاسایى خۆى موماره‌سه‌ بكات، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكى ئاساییه‌ بۆ لاوازى بیرى دامه‌زراوه‌یى له‌ سیستمى حوكمڕانى له‌ هه‌رێم به‌ تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كانى دارایى سه‌رۆكى دیوان كه‌ له‌ مادده‌ (5)ی یاساكه‌یدا هاتووه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌كانى له‌سه‌ر پرۆسه‌و توانای چاودێرى و كارگێڕى. هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ى به‌شێك له‌ بابه‌ت و داموده‌زگاكان له‌ ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى چاودێرین كه‌ له‌ مادده‌كانى ( 10و11و12) له‌ یاساكه‌ دیارىكراون ئه‌ویش به‌هۆى رێگه‌ خۆشنه‌كردن و پێشكه‌شنه‌كردنى زانیارى پێویست له‌باره‌ی گرێبه‌سته‌كان بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ دام وده‌زگا حكوومیه‌كان.

خەندان: ماوەى چەندین ساڵە یاساى تایبەت بە بودجە نییە، ئایا دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان توانیویەتى چى بکات؟
خالد چاوشلی: به‌ درێژایى ساڵانى 2014 و2015 و2016 و2017 و له‌ رێگاى چه‌ند نووسراوێكى فه‌رمى و له‌ رێگاى ئه‌و پڕۆژه‌ چاكسازیانه‌ی كه‌ دیوان ئاماده‌ى كردبوون، داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووری كردبوو (له‌ هه‌مان كاتیشدا ئاگادارى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانمان كردووه‌) به‌ گرتنه‌به‌رى هه‌نگاوه‌كانى پێویست بۆ ده‌ركردنى یاساى بودجه‌ى ساڵانه‌ له‌ كاتى خۆیداو له‌ به‌ر گرنگى به‌هاى ئه‌م بودجه‌یه‌ بۆ پاراستنى ماڵ و سامانى گشتى كه‌ ده‌بێته‌ چوارچێوه‌یه‌كى یاسایى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهات و سه‌رچاوه‌كانى، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كانى خه‌رجكردن به‌پێی كه‌رت و شوێن و به‌شێوه‌ى پلانێك كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت بۆ فه‌لسه‌فه‌ى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ مه‌ش ئه‌م بواره‌ و بوارى دیكه‌ی هاوشێوه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى لایه‌نى به‌رپرس به‌ لێپێچینه‌وه‌ و میواندارى و دانه‌وه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ حوكمه‌ت و وه‌زیره‌كانى .... ئه‌ویش په‌ڕله‌مانى كوردستانه‌ نه‌ك دیوانى چاودێرى دارایى.

خەندان: هۆکار چى بوو پرۆژە یاساى چاکسازى دواخرا، پێتوایە لە خولى پێنجەمى پەرلەمان ئەو پرۆژەیە بکرێتە یاسا؟
خالد چاوشلی: به‌بۆچوونی من هۆیه‌كانى ئه‌م دواخستنه‌ و پێشتریش گۆڕینى داڕشتنى چه‌ند ماده‌یه‌ك له‌ ره‌شنووسه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندى سیاسى و كه‌سیى بوون زیاتر له‌ هۆى هونه‌رى و كارگێرى.

خەندان: جیاوازى لە نێوان دەستەى نەزاهەو دیوانى چاودێرى دارایی چییە؟
خالد چاوشلی: به‌شى گه‌وره‌ى راپۆرته‌كانى دیوان په‌پێى پلانى ساڵانه‌ ئاماده‌ده‌كرین و دیارى كردنى سه‌رپێچى و هه‌بوونى گه‌نده‌ڵى تاكه‌ ئامانجى دیوان نییه‌، به‌ڵكو لاى ئێمه‌ پشتگیرى هونه‌رى بۆ ئه‌م دام و ده‌زگایانه‌ پێشكه‌شى بكه‌ین گرنگتره‌. ئه‌مانه‌و سه‌ره‌ڕای دیارىكردنى سه‌رچاوه‌كانى ئاستى نزمى به‌دیهێنان و شێوه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچوونه‌كان و پاراستنى مافى خه‌زینه‌ى هه‌رێم، به‌ڵام راپۆرته‌كانى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى شێوه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ و دادوه‌رى هه‌یه‌ و له‌ماوه‌كانی رابردووشدا به‌شێكى گه‌وره‌ى زانیاریه‌كانیان له‌ رێگاى هه‌واڵده‌ر و ده‌زگا حكومییه‌ باڵاكانى هه‌رێمه‌وه‌ پێیان ده‌درا. 

خەندان: ئێوە تاچەند کار لەسەر ئەو راپۆرتانە دەکەن کە دەستەى نەزاهە بڵاویدەکاتەوە؟
خالد چاوشلی: دیوان و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌ماهه‌نگییه‌كى كارایان هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش روونبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پرسیاره‌، كارى چاودێرى و وردبینى له‌پێشتره‌ له‌ كارى لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ڕووى ریزبه‌ندى چالاكیه‌كان، بۆیه‌ (سه‌ره‌ڕاى سه‌رچاوه‌كانى خۆیان) ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى سوود له‌ راپۆرته‌كانى دیوان وه‌رده‌گرێت و له‌ هه‌ندێك كه‌یسیش به‌ نووسراوى فه‌رمى داواى راى دیوان ده‌كه‌ن.

خەندان: ئایا دیوانى چاودێرى دارایی بە تەواوى یەکیگرتۆتەوە، وەک دەوترێت یەکگرتنەوەکە تەنها بە رووکەشەو لە ناوەرۆکدا دوو دیوانى چاودێرى دارایی هەیە لە هەرێم، بەڵگە چییە کە یەکیگرتۆتەوە؟
خالد چاوشلی: هه‌روه‌كو زۆر جار ئه‌وه‌م دووپاتكردوەته‌وه‌ كه‌ شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌ولێر یاخود سلێمانى و ئه‌گه‌ر بابه‌تیانه‌ بیرى لێبكه‌ینه‌وه‌ بۆ نموونه‌ له‌ سلێمانى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان نه‌ماون تاكو له‌وێ دیوان هه‌بێت، و قه‌باره‌ و پێكهاته‌ى پێویست ته‌نها به‌و ڕاده‌یه‌یه‌ كه‌ چاودێرى ووردبینى داموده‌زگا خۆجێییه‌كانى پارێزگاى سلێمانى ئه‌نجامبدات، ئه‌ویش به‌پێى یاسا فه‌رمانگه‌ى وردبینى پارێزگاى سلێمانی و شان به‌شانى فه‌رمانگه‌ى وردبینى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ داموده‌زگاكانى خۆجێى پارێزگاى هه‌ولێر و له‌ ئاینده‌شدا فه‌رمانگه‌كانى دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پێى یاسا كارا ده‌بن و بۆ زانیاریش ئه‌م پێكهاتانه‌ به‌گوێره‌ی سنووره‌ جوگرافییه‌كان ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تى دیوان سه‌ره‌ڕاى سه‌رپه‌رشتى فه‌رمانگه‌ جوگرافییه‌كان ئه‌ركى (قگاعی) یاخود مه‌ڵبه‌ندى جێبه‌جێده‌كات له‌ رێگاى فه‌رمانگه‌ مه‌ڵبه‌ندییه‌كان بۆ وردبینى سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان كه‌ ته‌نها له‌ هه‌ولێر بوونیان هه‌یه‌ ئه‌ویش وه‌ك پایه‌ته‌ختى هه‌رێم  نه‌ك به‌شێوه‌ی پارێزگا.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌نه‌شدا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى هێشتا گومانیان ماوه‌: 
-سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى وردبینى سلێمانى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى به‌ فه‌رمانى دیوانى له‌ سه‌رۆكى دیوان وه‌رگرتوه‌.
-گشت راپۆرته‌كانى فه‌رمانگه‌ى وردبینى پارێزگای سلێمانى ده‌نێردرێن بۆ سه‌رۆكایه‌تى دیوان بۆ په‌سه‌ندكردن له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى دیوان یاخود ئه‌نجوومه‌نى چاودێرى دارایى هه‌رێم به‌هاوشێوه‌ى راپۆرته‌كانى فه‌رمانگه‌ى وردبینى پارێزگای هه‌ولێر وفه‌رمانگه‌ مه‌ڵبه‌ندیه‌كان.

خەندان: ئایا ئێوە دەتوانن چاودێرى گرێبەستەکانى وەزارەتى سامانەسروشتییەکان بکەن، ئەگەر کردوتانە چۆن و ئەگەر نەتانکردووە هۆکار چییە؟
خالد چاوشلی: پێشه‌كى گرێبه‌سته‌كانى كه‌رتى نه‌وت و گاز و دواتر به‌دواداچوونى ده‌رئه‌نجامی جێبه‌جێكردنیان وه‌ك هه‌ر گرێبه‌ستێكی دیكه‌ ورده‌كاری و تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕاى بنه‌ما یاسایى و داراییه‌ گشتیه‌كان كه‌ هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ گرێبه‌سته‌كانى كه‌رته‌كانى دیكه‌ و به‌شێكیش له‌وان گرێبه‌سته‌كانى ڕاسپاردنى ئه‌رك و به‌شدارىكردن له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌تن، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم كه‌ دیوان توانایه‌كى باشی هه‌یه‌ له‌م بواره‌دا و شتێكى ئاساییه‌ كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى ئه‌نجامدانى هه‌ر پیشه‌یه‌ك سه‌ره‌ڕای پسپۆرى و مه‌شقكردن پێویستى به‌ چه‌ند ئه‌زموونێكى كرده‌یى هه‌یه‌ تاكو شاره‌زایى به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ش بۆ گشت جۆر و كه‌رته‌كان دروسته‌ وه‌ك گرێبه‌ست و كارو چالاكى كه‌رتى ته‌ندروستى و سه‌ربازی و خوێندنى باڵا و دراو و بانكه‌كان .....هتد نه‌ك ته‌نها بۆ  كه‌رتى نه‌وت و گاز، به‌پێ مادده‌ (10و11و12)ى یاسای دیوان كار و چالاكیه‌كانى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان  و كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستان ( كه‌ گرێبه‌سته‌كانیشیان به‌شێكن  له‌م پرۆسه‌یه‌) ده‌كه‌ونه‌ ژێر ڕكێفى دیوان و به‌پێى یاسا و رێچكه‌ى هه‌ڵاوێركردنى هه‌ر كه‌رتێك له‌ پرۆسه‌ى چاودێرى دیوان به‌ یاسا دیارىكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا لایه‌نى په‌یوه‌ندار رێخۆشكه‌ر نه‌بووه‌ بۆ پێشكه‌شكردنى دۆكیومنت و زانیاری پێویست هاوشێوه‌ى وه‌زاره‌ت و كه‌رته‌كانى دیكه‌ بۆیه‌ دیوان نه‌یتوانیوه‌ وردبینى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكات.

خەندان: ماوەى رابردوو وەزیرى ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند ئەو پارانەی بەناوی ڕێگاو بانەوە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ناوخۆ وەردەگیرێت هیچی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، ئێوە تا چەند توانیوتانە چاودێرى ئەو بابەتە بکەن، ئەگەر نەتانتوانیوە هۆکار چییە؟
خالد چاوشلی: ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌ سه‌باره‌ت به‌و پارانه‌ى كه‌ بۆ رێگاوبان وه‌رده‌گیرێن نموونه‌ى دیكه‌شى هه‌یه‌ وه‌ك سندووقى خانه‌نشین و شێرپه‌نجه‌ و سیووله‌ى ژمێره‌ى جۆراو جۆرى بانكه‌كان ...هتد، له‌ رووى وردبینیشه‌وه‌ ئه‌مانه‌ به‌ سه‌رُپێچی دارایی هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام له‌ رووى راستى رصیدى ده‌فته‌رى هیچ كێشه‌كیان نییه‌ و ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كى راسته‌وخۆى  قه‌یرانى دارایى و كه‌می نه‌ختینه‌ و لاوازى سستمى بانكى حكومى و نه‌بوونى یاساى بودجه‌ن و كارانه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م سندووقانه‌ كه‌ به‌رپرسن له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و گوژمانه‌ى كه‌ كۆده‌كرێنه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستى دیاریكراو له‌یاساو رێنماییه‌كانیان.

خەندان؛ ئایا چەند ساڵە بودجەى پارتە سیاسییەکان نەدراوە و یاساى تایبەت بەو بابەتە چى لێ بەسەرهاتووە، ئایا کارى پێدەکرێت؟
خالد چاوشلی: په‌پێى ئه‌م یاسایه‌ ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى رێنمایى پێویست بۆ جێبه‌جێكردنى ده‌ربكات، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئاڕاسته‌كردنى چه‌ند نووسراوێك ئه‌م رێنماییانه‌ تاكو ئێستا ده‌رنه‌كراون بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و پێمان وایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ هۆیه‌كانى په‌یوه‌ست بوون به‌ قه‌یرانى دارایى و بارودۆخى سیاسى و په‌رله‌مانى كوردستان.

خەندان:  پرۆژەى دیوانى چاودێرى دارایی چییە بۆ ساڵى ٢٠١٩؟
خالد چاوشلی: سه‌ره‌ڕای پلانى وردبینى و مه‌شقكردنى ساڵانه‌ له‌ ئه‌جێنداى دیوان ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ش هه‌ن:
-ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌ى یاساى نوێى دیوان كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى چاودێرى په‌سه‌ندكرا و دواترى رێكارى بۆ ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ته‌شریع بكرێت.
-ده‌ركردنى رراپۆرتى ساڵانه‌ى دووه‌مى دیوان بۆ ساڵانى دارایى (12016و2017 و2018) له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا.
-ده‌ركردنى چاپى دووه‌مى نوێ كراوه‌ له‌ رێبه‌رى پێناساندن و ناردنى بۆ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا حكوومیه‌كان.
-ته‌واوكردنى پێكهاته‌كانى كارگێڕى و چاودێرى دیوان و هه‌نگاوی پێویست بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان پاش ده‌ستنیشانكردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان. 

خەندان: دەستکەوتەکانى دیوانى چاودێرى دارایی لە ماوەى پێنج ساڵى رابردوودا چی بووە، دەوترێت کەمتەرخەمییەکى زۆرتان هەیە، هۆکارى ئەوە چییە؟
خالد چاوشلی: بێگومان هه‌ر داموده‌زگایه‌ك كێشه‌و كه‌م و كوڕى ده‌بێت و بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكى زانستى و بێلایه‌نانه‌ پێویسته‌ لایه‌نێكى ده‌ره‌كى یاخود به‌رپرسی باڵاتر ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ دیارىبكات و به‌راوردیان بكات به‌ دۆخى دیوان له‌ساڵی 2013 له‌گه‌ڵ ئێستادا، من له‌ لایه‌ن خۆمه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم دیوان هه‌نگاوى به‌رچاوی له‌ رووی رێكخستن و به‌هێزكردنى تواناى پیشه‌یى هه‌ڵیناوه‌، له‌هه‌مووشیان گرنگتر به‌هێزكردنى كه‌لتووری بێلایه‌نى و سه‌ربه‌خۆیى دیوان كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانیان سه‌دان راپۆرتى مه‌یدانى و تایبه‌ت و دۆسیه‌ى دادوه‌ری و ده‌ستپاكین كه‌ به‌شێكیان جێبه‌جێكراون و داخراون و به‌شێكی دیكه‌شیان له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌ت و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و داواكارى گشتى و ده‌سته‌ى ده‌ست پاكى خراونه‌ته‌ قوناغى لێكۆڵینه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى هه‌بوونى كه‌مته‌رخه‌مى داوام وایه‌ كه‌ به‌شێوه‌كى كراوه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌ نه‌خه‌نه‌ ڕوو. 
بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ وه‌ها باشتره‌ ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌مان به‌ ووردی دیاری بكه‌ن له‌ هه‌ركات و شۆینێكدا ڕوویدابێت و منیش ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ست خوێنه‌رانى :-
ئایا دیوان هیچ ژمێره‌یەكى حكومى له‌ هه‌ر ئاست و شوێنێك بووبێت به‌ پێچه‌وانه‌ى به‌ڵگه‌ و راستیه‌كانی پیشه‌یى و یاسایی په‌سه‌ندكردوه‌؟ 
-ئایا كه‌سێك به‌ڵگه‌ى هه‌یه‌ كه‌ دیوان راپۆرته‌كان و تێبینییه‌كانى خۆی به‌بێ بێلایه‌نى یاخود به‌ جیاوازی ره‌نگی سیاسی وه‌زیر یاخود به‌رپرسه‌كه‌ ئاماده‌ كردبێت ؟
-ئایا كه‌س به‌ڵگه‌ى یاخود گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ دیوان ركابه‌ری دامه‌زراوه‌یی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌زگا حكوومی باڵاكانى هه‌رێم و یاخود له‌ ڕاپۆرت و نووسراوه‌كانیدا ڕاوبۆچوونى خۆی به‌سه‌ربه‌خۆیى ده‌رنه‌بڕیووه‌ ؟



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP