هەواڵی ئەمڕۆ

تەرمى پەنابەرە کوردەکەى سلێمانى لە ئیتاڵیا دۆزرایەوە

- 1/20/2019 9:51:00 PM 57848 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ لە ئیتاڵیا تەرمى ئەو پەنابەرە کوردە دۆزرایەوە کە ماوەى رابردوو لەگەڵ ٥١ سەرنشینى تر بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت، بەو هۆیەشەوە دوو قاچاخچى لە ئێستادا دەستبەسەرن.

پەنابەرەکە ناوى (هەڵکەوت محەمەد عەلى) یەو خەڵکى سلێمانیە، ویستویەتى بەرەو ئەوروپا کۆچ بکات، بەڵام دواى نۆ رۆژ، ئەمڕۆ پۆلیس تەرمەکەى دۆزیەوە.  

شەهرام حەمە، نوینەری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ئەوروپا بەخەندان-ى راگەیاند: ئەمڕۆ تەرمى هەڵکەوت محەمەد لە دوورى ٣٠٠ مەتر لە کەناراوەکانى ئیتاڵیا دۆزریەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى بێسەروشوێن بوونى دوو کەس لە کەسوکارەکەى لە ئێستادا لە ئیتاڵیان، بەڵام ئەمڕۆ توانرا تەرمەکەى بدۆزرێتەوە، بەهۆى ئەو کەیسەشەوە دوو قاچاخچى رووسى کە هەڵگرى پاسپۆرتى فەلەستینى بوون دەستگیرکراون و سزاى سێ ساڵ زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێنراوە ئەو سزایەش پێش هەبوونى بەڵگەى روون بووە لەسەر رووداوەکە، بەڵام ئەمڕۆ کاتێک تەرمى ئەو گەنجە دۆزرایەوە، گۆڕانکارى لە سزاى ئەو تۆمەتبارانەدا روودەدات.

ئەوەشى خستەروو، کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەماهەنگیدان و بۆ دروستکردنى پاسپۆرتى کاتى بۆ ئەوەى لەگەڵ کەسوکارەکەى تەرمەکەى بگەڕێنرێتەوە بۆ کوردستان.

"بە وتەى شایەتحاڵەکان هەڵکەوت یەکەمین کەس بووە کە کاتێک یەختەکە تێکشکاوە خۆى هەڵداوەتە ناو ئاوەکەوە بۆ ئەوەى خۆى ڕزگاربکات، بەڵام بەهۆى ئەوەى یەختەکە دوور بووە لە کەناراوەکەوە سەرجەم سەرنشینەکان لەلایەن پۆلیسەوە رزگارکران و نەتوانراوە لەو کاتەدا بدۆزرێتەوە". شەهرام حەمە وادەڵێت.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP