بافڵ تاڵەبانى : جیاوازییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى مەترسى نین بۆ پێگەى کورد

- 1/20/2019 9:01:00 PM 12807 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بافڵ تاڵەبانى رایگەیاد: جیاوازییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى زۆر نین و بەجۆرێک نین ببنە هۆى دروستبوونى مەترسى بۆ پێگەى کورد، ئاماژەى بەوەشکرد هەموو لایەنەکان بەشداربوون لە ریفراندۆم و کاتەکەى گونجاو نەبوو.

ئەمشەو کاتژمێر 8:30 لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی (بلا قیود)ى کەناڵى بی بی سى عەرەبى، بافڵ تاڵەبانى رایگەیاند، جیاوازییەکانی نێوان یەکێتى و پارتى لەسەر ئەو کاندیدانەن کە پێشکەشکران بۆ پۆستى سەرۆککۆمار، ئێمە کاندیدى خۆمان هەبووەو ئەوانیش هی خۆیان و ناکۆکییەکان شتێکى ئاسایین و پارتى بۆچوونى ترى هەبوە لەسەر د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستى سەرۆککۆمار .

ئاماژەى بەوەشکرد، لە بنەرەتدا رێککەوتنى ستراتیژى لە نێوان یەکێتى و پارتیدا هەبوەو بەپێى رێککەوتنەکە هەر لایەنێک پۆستى سەرۆککۆمارى لە بەغداد وەرگرتبێت لایەنەکەى تر پۆستى سەرۆکى هەرێمى وەردەگرت، هەر بۆیە پێشتر تاڵەبانى پۆستى سەرۆککۆمارى وەرگرتوەو بارزانىش سەرۆکى هەرێم، بۆیە جیاوازییەکانى نێوان ئێمە و پارتى بە جۆرێک نین کە ببنە هۆى دروستبوونى مەترسى بۆ سەر پێگەى کورد.

لەبارەى هەرسێ پۆستە باڵاکەى عێراق رایگەیاند، ئەو سێ کەسەى لە ئێستادا لە سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراقدا سێ کەسى گونجاون و تێگەشتن هەیە لە نێوانیاندا بۆ بەڕێوەبردنى کارەکانى وڵات.

بافڵ تاڵەبانى له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان وتی: كورد مافی خۆیه‌تی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ كاتی ئه‌نجامدانی پرسه‌كه‌بوو.

پێشى وایە کە هەموو لایەنەکان بەشداربوون لە ریفراندۆمدا و  بۆیە ناکرێت سه‌رزه‌نشتی لایه‌نێكی دیاریكراو بکرێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان به‌شداربوون له‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئەگەر هەڵە بووبێت هەمووان هەڵەیان کردوەو پێویستە ئێستا بزانین چۆن هەنگاو بنێین.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP