پارتی و یەکێتی رێککەوتنامەی ستراتیژی نۆژەندەکەنەوە
پلانی بەڕێوەبردنی چوار ساڵی ئایندەی هەرێمی کوردستان دادەڕێژن

- 1/20/2019 3:53:00 PM 10740 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لیژنەیەکی باڵای هاوبەشیان بۆ پێداچونەوە بە پەیوەندیەکانی نێوانیان پێکهێناوە و دەیانەوێت جارێکی دیکە لەسەر بنەمای رێککەوتنامەی ستراتیژی پەیوەندیەکانیان نوێ بکەنەوە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرس لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "پارتی و یەکێتی شاندێکی باڵایان پێکهێناوە و لە ئامادەکاریدان بۆ دروستکردنی لێتێگەیشتنێکی نوێ بەشێوازی نوێ لەسەر بنەمای رێککەوتنامەی ستراتیژی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتی و یەکێتی دەیانەوێت رێککەوتنامەی ستراتیژی نۆژەنبکەنەوە و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە، رێککەوتنامەیەکی نوێ لە نێوانیاندا بۆ ماوەی چوار ساڵ واژۆ بکەن و پرسە ناکۆکەکانی نێوانیان لەو رێککەوتنەدا یەکلایی بکەنەوە".
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت رێککەوتنامەیەکی نوێ لە نێوانیاندا بۆ ماوەی چوار ساڵ واژۆ بکەن
ئەندامانی لیژنەکە، لە پارتی پێکهاتون لە رۆژ نوری شاوەیس، هۆشیار زێباری و مەحمود محەممەد لە یەکێتیش ئەندامانی شاندەکە پێکهاتون لە ئەرسەلان بایز، ئاسۆ مامەند و سەعدی پیرە.

بەپێی وتەی سەرچاوە تایبەتەکەی خەندان، "رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی هەموو بوارەکانی حوکمڕانی، نەوت و بەڕێوەبردن و دۆسیەی ئەمنی و پەیوەندیەکانی دەرەوە و ناوچە دابڕێندراوەکان و بەغدا دەگرێتەوە".
رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت
لیژنەکەی پارتی و یەکێتی لە لایەنە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی-یەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

مامجەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ساڵی 2007 رێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد، کە بە رێککەوتننامەی ستراتیژی ناسراوە و بەھۆیەوە پۆستە باڵاکانی بەغدا و ھەرێمی کوردستان لە نێوان ھەر دوو حیزبدا دابەشکرا.

پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنێک لەبارەی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێمەوە، بەتایبەت پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر بەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بو، بەڵام دوای بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بە هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتیەوە، دەبێت پارتی باجی وەرگرتنی ئەو پۆستە بداتە یەکێتی.
دەبێت پارتی باجی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بداتە یەکێتی
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە بەمەرجی ناونەهێنانی بۆ بە خەندان دوا وتی، "یەکێتی پێیوایە باڵانسی کوردستان تێکچوە و پێویستە میکانزمێک بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لە بەڕێوەبردن و ئیدارەداندا بدۆزرێتەوە".

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، "خیلافی گەورەی یەکێتی و پارتی و لە نەوت و داهاتی هەرێمی کوردستانە، و یەکێتی دەیەوێت رێگەیەکی دیکەی ئیدارەدان بدۆزرێتەوە".
خیلافی گەورەی یەکێتی و پارتی و لە نەوت و داهاتی هەرێمی کوردستانە
رونیشیکردەوە، "یەکێتی پێشنیازی بۆ پارتی کردوە ئەنجومەنێکی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکرێت، بەڵام پارتی ئەو پێشنیازەی رەتکردوەتەوە و دەیەوێت لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بەوجۆرەی ئێستای هەیە بەردەوامبێت".
 
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە پەیوەندیەکانی دەرەوەشدا ببنە شوێنگرەوەی یەکدی، بەجۆرێک پارتی هەنگاو بۆ نزیکبونەوە لە تاران دەنێت و یەکێتیش دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوە، کە زیاتر لە دوو ساڵە تێکچوە و نوێنەرەکەی رەوانەی سلێمانی کراوەتەوە.
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە پەیوەندیەکانی دەرەوەشدا ببنە شوێنگرەوەی یەکدی
پارتی و یەکێتی بۆچونی جیاوازیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، تەنانەت هەریەکەیان بە شاندی جیاواز لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆدەبنەوە و هێشتاش رون نییە ئەو دوو حزبە چۆن چارەسەرى ئەو ناکۆکیانە لەناو رێککەوتنە نوێیەکەیاندا جێدەکەنەوە.

نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP