وردەكاری بڕیارەكە و چۆنیەتی گەشتن بە کەنەدا لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە

- 1/19/2019 9:44:00 PM 162740 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

پەرلەمانی كەنەدا بڕیاریدا لەماوەی سێ ساڵی ئایندەدا پێشوازی لەیەك ملیۆن كۆچبەر بكات بۆ وڵاتەكەی، ئەو رێژەیەش نزیكەی لەسەدا یەكی رێژەی دانیشتوانی ساڵانەی كەنەدا پێكدەهێنێت. 
لەساڵی 2017 دا كەنەدا پێشوازی لە 280 هەزار كۆچبەر كردووە و بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش پێشبینی دەكەن ئەو رێژەیە لەمساڵدا بگاتە 350 هەزار كۆچبەر كە داوای مانەوەی هەمیشەیی دەكەن. 

لەماوەی 15 ساڵی رابردودا هەنگاوی لەوجۆرە هەڵنەگیراوە

بەپێی بڕیارەكە لەساڵی 2020 دا ئەو وڵاتە پێشوازی لە 360 هەزار پەنابەری هەمیشەیی و  بۆ ساڵی 2021 یش 370 هەزار پەنابەر پێشوازی دەكرێن، بەوەش لەسێ ساڵی ئایندەدا كەنەدا پێشوازی لە نزیكەی یەك ملیۆن كۆچبەر و هاوڵاتی كەنەدی نوێ دەكات. 
لەبارەی گرنگی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە ئەحمەد حسێن وەزیری پەنابەران و هاوڵاتیان رایگەیاندووە، بەهۆی پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران و كۆچبەران لەماوەی رابردوودا ئێستا كەنەدا وڵاتێكی بەهێز و كاریگەرە. 

ئەو وەزیرە كە خۆی كۆچبەرێكی بەرەگەز سۆماڵییە دەڵێت، بەهاتنی زیاتری خەڵك كێشەی زیادبونی رێژەی تەمەن و كەمبونەوەی رێژەی لەدایكبون كەمدەبێتەوە و دەستی كاریش لەوڵاتدا زیاددەكات. 
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان، لەساڵی 2017 دا رێژەی پەنابەران لەسەرئاستی جیهان ریكۆردی شكاندووە گەشتۆتە 68 ملیۆن نیو كەس. 
وەزارەتی كۆچ و پەنابەرانی كەنەداش بەڵێنیداوە رێژەی وەرگرتن بگەیەننە 5.6 ملیۆن كەس ئەوەش بەمەبەستی پشتگیریكردن و كەمكردنەوەی كێشەی نیشتەجێبون لەسەر ئاستی جیهان. 

پلانی 2019- 2021  بۆ وەرگرتنی پەنابەران
پلانی نوێی راگەیەندراوی كەنەدا بۆ سێ ساڵی ئایندە جێگەی ئەو پلانە دەگرێتەوە كە لەپایزی ساڵی 2017 دا بۆ پرسی وەرگرتنی پەنابەران ئاشكرا كرا، گۆڕینی پلانی پەنابەرێتی لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا هەنگاوێكی دەگمەنە و لەماوەی 15 ساڵی رابردودا هەنگاوی لەو جۆرە هەڵنەگیراوە. 

بەپێی پلانە نوێیەكەی كەنەدا كە وەزیری كۆچی ئەو وڵاتە هەموو پایزێك چاوی پیادەخشێنێتەوە، لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 كەنەدا گرنگی بە وەرگرتنی كرێكاری خاوەن بڕوانامە و خاوەن ئەزمونی زۆر لەكاركردن دەدات، هاوكات پلانی یەكگرتنەوەی خێزان درێژەپێدەدات و رێژەیەكی زیاتری پەنابەرانیش وەردەگرێت. بۆ ئەمەش وەزارەتی كۆچی كەنەدا رایگەیاندوە، لەگەڵ تەواوی سێكتەرەکان لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان تا بتوانن پرۆسەكە بەسەركەوتویی ئەنجامبدەن و وەرگرتنی هەمیشەیی پەنابەران سەركەوتووتربێت. 

زانیارییە داواكراوەكان 
كەنەدا بەچەندین رێگا پێشوازی لەكۆچبەران و پەنابەران دەكات كە گرنگترینیان رێگای ئیشكردن، خوێندن، گەشتكردن، پرۆگرامەكانی كۆچبەران و پێدانی مافی پەنابەرێتییە لەرێگای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. هەریەكێك لەو رێگایانەش داواكاری و مەرجی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پرۆگرامەكە پرسیار لەسەر ئەم خاڵانە دەكات: نەتەوە، تەمەن، توانای زمان ( ئینگلیزی و فەرەنسی)، ژمارەی ئەندامانی خێزان، بڕوانامە، ئەزمونی ئیشكردن، بڕی داهات و داواكاری ئاستی ئیشكردن لەگەڵ وردەكاری ئەو ئیشەی كە دەتەوێت بیكەیت.

بەپێی هەڵسەنگاندنێكی سەرەتایی و بەپشت بەستن لەسەر زانیارییەكانی ئەو خاڵانەی سەرەوە، جۆری ئەو پرۆگرامە دیاریدەكرێت كە داواكار گونجاوە بۆی. 

رێگاكانی كۆچكردن بۆ كەنەدا
هەرچەندە تا ئێستا زانیاری تایبەت بەمیكانیزمی وەرگرتنی ئەو یەك ملیۆن كۆچبەرە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەهەمان ئەو میكانیزمانە دەبێت كە لەماوەی ساڵانی رابردوو كاریان لەسەر كراوەو لەرێگەیانەوە سەدان هەزار كۆچبەر گەیشتونەتە ئەو وڵاتە. لەگرنگترین ئەو رێگایانەش:

یەكەم/ بەرنامەی كرێكارانی شارەزای ویلایەتی كیوبیك
ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو كەسانەیە كە لەبواری تایبەتی خۆیاندا شارەزاییەكی باشیان هەیەو دەیانەوێت بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەویلایەتی كیوبیكی كەنەدا بژین. 
ویلایەتی كیوبیك رێككەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ حكومەتی كەنەدا هەیە و یاسای تایبەتی خۆشی هەیە بۆ پرۆگرامەكانی كۆچبەری كە ئاسانكاری زۆری تێدایە بۆ كۆچبەران.
پرۆگرامی كیوبیك بە پرۆگرامی كرێكارانی هەڵبژێردراو شارەزای كیوبیك ( Quebec Selected skilled workers  )، كۆچكردن بەم رێگایە پێویستی بەدوو هەنگاوە ئەوانیش:
یەكەم/ پێشكەشكردن بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی رێگەپێدان لە ویلایەتی كیوبیك( CSQ)

پاش تەقدیمكردن، حكومەتی ویلایەتی كیوبیك هەڵسەنگاندن بۆ زانیارییە پێشكەشكراوەكانت دەكات بەپشتبەستن بە یاساكانی خۆی.
وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە بەواتای ئەوە دێت كە حكومەتی ویلایەتی كیوبیك تۆی وەك كۆچبەر قبوڵكردووە و دەتوانیت پاش ئەو قۆناغە داوا لەوەزارەتی كۆچی كەنەدا بكەیت بۆ وەرگرتنی ڤیزا و سەفەركردن. 

دووەم/ رێگای خۆدامەزراندن
ئەم پرۆگرامە رێگە بەمانەوەی هەمیشەیی ئەو كەسانە دەدات كە دەیانەوێت خۆیان كاری سەربەخۆ بكەن وبۆ ئەو مەبەستەش دوو مەرجی سەرەكی هەیە:
یەكەم/ ئەزمونی زۆری كولتوری و وەرزشی هەبێت
دووەم/ توانای ئەوەی هەبێت داهێنانی نوێ و پرۆژەی نوێ پێشكەشی كۆمەڵگەی كەنەدا بكات لەرووی وەرزشی و كولتورییەوە

سێیەم/ لەرێگای بەرنامەی بژاردەی پارێزگاو ویلایەتەكان ( PNP) 
ئەم بەرنامەیە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە:
بڕوانامە و ئەزمون و توانایەكی ئەوتۆی هەبێت كە بتوانێت یارمەتی ئابوری و شێوازی ئیشكردنی تایبەت بەو ویلایەتەی هەبێت كە داوایدەكات
بیەوێت لەو ویلایەتە بژی و بمێنێتەوە
بیەوێت ببێت بە دانیشتوی هەمیشەیی كەنەدا 
هەر ویلایەت و ناوچەیەكیش پرۆگرام و داواكاری خۆی هەیە بۆ ئەم رێگایە، بەجۆرێك هەریەكێك لەو ویلایەتانە پێدەچێت یەكێك لەم توێژانەی خوارەوە بكاتە ئامانج:
خوێندكار
بازرگانەكان
كرێكارانی بەئەزمون
كرێكارانی دیكە

چۆنیەتی پێشكەشكردنی ئەم رێگایە

ئەم پرۆگرامە (رێگای بەرنامەی بژاردەی پارێزگاو ویلایەتەكان ( PNP) دوو رێگای سەرەكی هەیە بۆ پێشكەشكردن ئەوانیش:
رێگای پێشكەشكردن بەدەستی 
ئەم رێگایە پێویستی بە دەرچون لە پشكنینی پزیشكی و رێكارەكانی پۆلیس هەیە كە پەیوەندییان بەئاسایشییەوە هەیە، ئەویش بەرێگای پڕكردنەوەی فۆرم و پێشكەشكردنی راستەوخۆ دەبێت كە داواكار مەرجەكانی پرۆگرامەكەی تێدابێت. پاش دەرچون لە پشكنینی پزیشكی و پۆلیس، داواكار پێشكەشی مانەوەی هەمیشەیی لە وەزارەتی كۆچ دەكات. ئەم رێگایە ماوەیەكی زۆرتری پێدەچێت لە رێگای هەڵبژاردنی كرێكارە بەتواناو بەهرەمەندەكان بەرێگای ئۆنلاین. 

ئەو وڵاتە مافی مانەوە دەداتە ئەو كەسانەی كە مەترسی لەسەر ژیانیانە

رێگای پێشكەشكردن بەئۆنلاین 
داواكار پەیوەندی بەو ویلایەتەوە دەكات كەدەیەوێت بچێت بۆی، ئەگەر ویلایەتەكە رازیبوو بەوەرگرتنی و كاندیدكردنی وەك كۆچبەر، ئەوا پرۆفایلێكی لەبەرنامەكە بۆدەكاتەوە كە نیشانیدەدات ئەو كەسە كاندیدی ئەو ویلایەتەیە بۆ پرۆگرامەكە.

لەهەموو حاڵەتێكدا داواكار پێویستە هەمو مەرجە داواكراوەكانی تێدابێت و هەندێك جاریش بانگێشتنامەی تایبەت بەم پرۆگرامە هەیە. 

بۆ پێشكەشكردن بەم رێگایە کلیک بکە:

چوارەم/ مافی پەنابەرێتی
ئەم رێگایە لەناوخۆی كەنەدا و پاش گەشتی پەنابەر بەو وڵاتە جێبەجێدەكرێت كە لەیەكێك لە رێگاكانی گەشتن بەقاچاغ یان بەرێگای ڤیزا یان سپۆنسەری یان لەرێگای نەتەوەیەكگرتوەكان گەشتونەتە كەنەدا.

پاش گەشتن، دواكار پێشكەشی مانەوەی هەمیشەیی دەكات و بە پرۆسێسێكی دوورودرێژدا تێدەپەڕێت تا حكومەت بەمانەوەی خۆی رازیدەكات. ئەم رێگایە جگەلە قاچاغی هاوكات پەنابەران لەرێگای ڤیزاشەوە خۆیان دەگەیەننە كەنەداو داوای مانەوە دەكەن، لەیاسایی كەنەدا هاتووە ئەو وڵاتە مافی مانەوە دەداتە ئەو كەسانەی كە مەترسی لەسەر ژیانیانە و لەترسی كوشتن هەڵهاتوون، ئیتر باسی چۆنیەتی گەشتن بەو وڵاتە نەكراوە.

پێنجەم/ لەرێگای بەرنامەی وەبەرهێنەری كۆچبەری ( Immigrant Investor Program )  
ئەم پرۆگرامە لەساڵی 2014 ەوە راگیراوە و لە ئێستادا هیچ كاری پێناكرێت.

شەشەم/ رێگای سپۆنسەری خێزانی
ئەم پرۆگرامە تایبەتە بەو كەسانەی كە هاوڵاتی كەنەدین یان مافی مانەوەی هەمیشەییان پێدراوە یان وەك هندی لەكەنەدا تۆماركراون. لەرێگای ئەم بەرنامەیەوە داواكار دەتوانێت سپۆنسەری باوك و دایك و باپیرەوداپیرە، كچ و كوڕ، خزم و كەسوكار، منداڵێك كەبتەوێت بەخێوی بكەیت یان كەسێك بتەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بكەیت.  ئەم رێگایە بۆ ئەوانەی هاوسەریان هەیە و مافی پەنابەرێتییان پێدراوە جیاوازە و راكێشانی هاوسەرەكانیان بەپرۆسێسێكی تردا دەڕوات.

بۆ تێگەشتنی زیاتر و پڕكردنەوەی ئەم فۆڕمە کلیک بکە: 

حەوتەم/ پێشكەشكردن بەرێگای كردنەوەی پرۆژەیەكی بازرگانی
ئەم پرۆگرامە بۆ ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت دەست بە پرۆژەیەكی بازرگانی بكەن و دەرفەتی كار دروستبكەن یاخود دەیانەوێت هاوكاری وەبەرهێنەرە بەتواناكان بكەن. پرۆگرامەكە چەند بەشێكی هەیە و هەریەك لەو بەشانە بەپێی جۆری داواكارییەكە مەرج و رێنمایی خۆیان هەیە، بۆنمونە پرۆژەی وەبەرهێنەران و بازرگانان و خاوەن پرۆژەكان جیاوازن، بەڵام لەئەگەری جێبەجێكردنی مەرجەكان پرۆسێسەكە لەرێگاكانی دیكە خێراتر و كاریگەر ترە.
ئەم لینكە، وردەكاری زیاتری لەبارەی چۆنیەتی پێشكەشكردن و دۆزینەوەی پشتگیری بازرگانی بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی كۆچبەری تێدایە.

هەشتەم/ بەرنامەی چاودێری مناڵان و پەككەوتوان و خاوەن پێداویستی تایبەت
ئەم رێگایە پۆڵێنكراوە بۆ سێ جۆر:
بەرنامەی داواكاری بۆ چاودێری منداڵان
بەرنامەی چاودێری خاوەن پێداویستی تایبەت
بەرنامەی چاودێری پیرو پەككەتەو نەخۆشەكانی ماڵ

داواكار مەرجی ئەزمونی كاركردن و توانای چاودێریكردنی بۆدانراوە و ئەویش پرۆسێسێكە بەچەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت تا داواكارییەكەی قبوڵدەكرێت. گرنگترین مەرجی ئەم پرۆگرامە هەبوونی دوو ساڵ ئەزمونی كاركردنە لەناو كەنەدا هاوكات پەرستاران و پسپۆڕانی پزیشكیش پشكی سەرەكییان بەردەكەوێت.

بۆ پێشكەشكردن و تێگەشتنی زیاتر کلیک بکە:

لەكۆتایدا ماوەتەوە بڵێین، كۆچكردن بۆ كەنەدا لەرێگای پرۆگرام و بەرنامەی تایبەتەوە دەبێت و لەهەموو رێگاكانیشەوە ئەزمونی ئیشكردن و توانای قسەكردن و نوسین بەزمانی ئینگلیزی پاڵنەری باشدەبن بۆ سەركەوتن لە پرۆسەكە.


نیشانەکردن :

#كه‌نه‌دا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP