کۆمسیۆن رونکردنەوە لەسەر دواکەوتنی پارەی کارمەندانی دهۆک دەدات

- 1/18/2019 6:57:00 PM 13133 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

دوای زیاتر لە ٨ مانگ دواجار پارەی کارمەندانی هەڵبژاردنەکانی عێراق دابەشکرا، بەڵام لە پارێزگای دهۆک تا ئێستا پارەکە دابەشنەکراوە و جێگری بەڕێوەبەری کۆمسیۆنیش لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنەکەی روونکردنەوە دەدات.

موهەنەد رەمەزان، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسینگەی دهۆک بە خەندان-ی راگەیاند، بەهۆی کێشەی حەواڵەوە لە نێوان هەرێم و بەغداوە دواکەوتووە، دواتریش لە هەولێرەوە تا گەیشتووەتە دهۆک کاتی پێویستبوو، ماوەی دوو رۆژە پارەکە گەیشتووەتە شارەکە و رەنگە لەم هەفتەیەدا دابەشبکرێت.

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی نوسینگەی دهۆک دەشڵێت، دەبێت پارەکە بۆ سەرجەم بانکەکانی قەزاو ناحییەکان بنێرن و دواتریش، بەسەر کارمەندەکاندا دابەشیدەکەن، چونکە نزیکەی ١٠ هەزار کارمەندی کۆمسیۆن لە دهۆک هەیە.

رۆژی ١٢ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بۆ ئەو رۆژە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەندی بە شێوەی گرێبەست دامەزراند.



نیشانەکردن :

#كۆمسیۆن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP