تیریزا مەى خۆى بۆ پلانى B ئامادە دەکات

- 1/18/2019 3:20:00 PM 7643 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

تیریزا مەى سەرۆک وەزیرانى بریتانیا کە رۆژى ١٥ ى ئەم مانگە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە دەنگدان لەسەر رێککەوتنى برێکزیت، لە ئێستادا لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشکەشکردنى پلانى B بە پەرلەمانى وڵاتەکەى.

بڕیارە رۆژى دوو شەممە  تیریزا مەى پلانە نوێکەى پێشکەشى پەرلەمانتارانى بریتانیا بکات بۆ تاووتوێکردن و بڕیاردان لەسەرى کە تایبەتە بە پرسى کشانەوەى بریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا.

بەپێى ئاژانسە هەواڵییەکان ئەگەر مەى لە پلانی B شکستبھێنێت ئەوا ڕەنگە بریتانیا بەبێ ھیچ مامەڵەی ڕێککەوتنێک لە٢٩ / ٣ ى ئەمساڵ لەیەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە.

گەورە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا ھوشداریانداوە، لە ئەگەرى دەرچوونى بریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا بەبێ مامەڵەى رێککەوتن بۆ دەرچونى لە یەکێتییەکە، قوربانیانى یەکەم هاوڵاتیانى ئەوروپاى و بریتانى دەبن.

جێرمی کۆربین کەسەرۆکی پارتی کرێکارانە و پارتەکەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، بەتوندی رەتیدەکاتەوە پشتیوانی ھیچ پلانێکی تێرزا مەی بکات و رایگەیاندووە کە نە پشتیوانى لە پلانە تازەکەى مەى دەکات کە بە پلانى B ناسراوە نە پلانى دووبارە ئەنجامدانەوەى ریفراندۆم کە وەک رێگەچارەى سێهەم باس دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى دەرچوونى بریتانیا لە یەکێتى ئەورویا.

ترسی تێریزا مەی و پارتەکەی لە جێرمی کۆربین ترسێکی ڕاستەقینەیە، چونکە بەسەرکردەیەکی پۆپۆلیست،چەپڕەو، ڕادیکاڵ سەیری دەکەن و پێیانوایە بەھاتنە سەرکاری کۆربین شوناسی فەرمانڕەوای بریتانیا توشی مەترسی ڕاستەقینە دەبێتەوە، لەوەش زیاتر ئەوەی دەبینرێت لەنێوان مەترسیەکانی برێکزێت و ھاتنەسەر تەختی دەسەڵاتی جێرمی کۆربین، فۆکسی سەرکردەکانی پارێزگاران لەسەر ئەگەری بەدەسەڵات گەیشتنی جێرمی کۆربینە، ئەوەش یەکێکە لە ھۆکارەکانی مانەوەی مەی لە حوکم، چونکە کاتێک بابەتەکە برێکزێتە پەرلەمانتارانی پارتەکەی لەدژی مەی دەوەستنەوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە بەرەو ڕوخانی مەی و ھاتنە سەرکاری جێرمی کۆربین وەردەچەرخێت یەکسەر ئەندامانی پەرلەمانی پارتی پارێزگاران و بریتانیا پشتیوانی لەمانەوەی مەی دەکەن وەک ئەوەی لەنێوان خراپ و خراپتردا خراپەکە ھەڵدەبژێرن.

تێرزا مەی لەناو سیاسییەکانی بریتانیا ڕیکۆردی شکاندوە، چونکە لەمێژوی سیاسییەکانی بریتانیا ڕووینەداوە سەرۆکوەزیران بە ٢٣٠ دەنگ توشی قورسترین دۆڕان ببێت، بەڵام وێراى ئەوەش توانى لە دەسەڵات بمێنێتەوە و لە پێدانەوەی متمانەدا دەنگی پارلەمانتارانی بریتانیا و پارتەکەی خۆی بەدەستهێنایەوە.

لەڕوی لۆژیکی و بەڕەچاوکردنی پارێزگاری لەئاستی گەشەکردنی سەرمایەگوزاری و جێگیری ئارامی نیشتیمانی، دەبوایە ھەردوو سەرکردەی گەورە پارتەکەی بریتانیا «پارێزگاران» و «کرێکاران» بگەیەشتنایە ڕێکەوتنێکی نەرم بۆ دەرچونی وڵاتەکەیان لەیەکێتی ئەوروپا، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەردوو پارتەکە و سەرکردەکانیان « مەی و کۆربین» ترسیان ھەیە، باجی ئەو سیاسەتە بدەن لەلایەن دەنگدەرانی ولاتەکەیانەوە بۆیە ناتوانن وەھا ھەنگاوێکی پێکەوەیی بھاوێژن، ئەوە جگەلەوەی کە پارتی پارێزگاران بەچاوی سەرۆکێکی ئاسایی سەیری کۆربینی سەرۆکی پارتی کرێکاران ناکەن، چونکە بڕوایان وایە کۆربین دەبێت بەدۆناڵد ترامپێکی چەپڕەو لە بریتانیا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP