هەواڵی ئەمڕۆ

ئەڵمانیا داوا دەکات رێگەبدرێت ئۆجەلان پارێزەران و خانەوادەکەى ببینێت

- 1/18/2019 12:12:00 PM 5132 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - 

حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت دەبێت تورکیا پابەند بێت بە پەیماننامەى مافەکانى مرۆڤ تایبەت بە زیندانیان، داواش دەکات کۆتایی بهێنرێت بە رێگرییەکانى ئۆجەلان بۆ بینینى پارێزەران و خانەوادەکەى.

لە وەڵامى پارتى چەپى ئەڵمانیا لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە، کە تایبەت بوو گۆشەگیرى سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، میشێل ڕۆت، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەوروپا، لە راگەیەندراوێکدا کە لە پەرلەمانى ئەڵمانیا خوێندیەوە دەڵێت:"دەمەوێت بە ناوی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیاوە پەیامێک بدەمە تورکیا وەک ئەندامێکی کۆنسەی ئەوروپا، دەبێت تورکیا پابەند بێت بە پەیماننامەى مافەکانى مرۆڤ تایبەت بە زیندانیان. 

حکومەتەکانى ئەوروپا لە کۆبوونەوەکانى لەگەڵ نوێنەرانى حکومەتى تورکیا پێیانوتراوە کە دەبێت مافى زیندانیکراوان جێبەجێ بکەن، حکومەتى فیدراڵى ئەڵمانیا دژى دادگاى تورکیایە لە پرسى دیموکراسى و دەبێت تورکیا دەستبەردارى دژایەتیکردنى دیموکراسى بێت.

میشێل ڕۆت ئاشکراشى کردوە کە بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەدەپە لە پێناو بەدەستهێنانى زانیارى لەسەر دۆسیەکانى دادگاى تورکیا.

میشێل رۆت دەڵێت" حکومەتى فیدرالى ئەڵمانیا ئاگادارى تەندروستى عەبدوڵا ئۆجەلان نییە، ئەوەى دەیزانین ئەوەیە کە لەمیدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە کە رۆژى ١٢ ى ئەم مانگە محەمەد ئۆجەلان چاوى کەوتووە بە عەبدوڵا ئۆجەلان و تەندروستى باشە.

ئاماژەى بەوەشکردوە کە پێویستە حکومەتى تورکیا هەموو بەربەرستەکانى بەردەم زیندانى ئیمرالى هەڵبگرێت و رێگە بدات عەبدولا ئۆجەلان پارێزەران و خانەوادەکەى ببینێت.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP