به‌هۆی نه‌بونی ئارامی و ئاسایش پێكهاته‌كان ناوچەكانیان جێدەهێڵن

- 1/18/2019 11:20:00 AM 5657 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

رێكخه‌ری هاوپه‌یمانیه‌تی كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌مایه‌تییه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی ئارامی و ئاسایش ناوچه‌كانیان جێدەهێڵن و چۆڵی ده‌كه‌ن .

کاتژمێر 10 پێشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ هەینى لە شارى هەولێر كۆنفراسی دابینكردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكانی كەمایەتییەكان دەستى پێکرد، هۆگر چەتۆ رێكخەری هاوپەیمانییەتی كەمایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بە خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌ رێگای ئەو كۆنفراسە دەمانەوێت روونی بكەینەوە كە لایەنی كەمتەرخەم له‌ خراپی ئارامی و ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كانی لێ نیشته‌جێیه‌ كێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتو كار له‌سه‌ر به‌رقه‌راربونی سه‌قامگیری و ئارامی و ئاسایش له‌و ناوچانه‌ بكرێت.

وتیشی، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كان بۆ ناوچه‌كانیان له‌ دوای شه‌ڕی داعش  بەداخەوە ئارامی و ئاسایش له‌ ناوچه‌كانیان بەدیناكرێت بە تایبەتی لە موسڵ و شه‌نگال و تلكێف و حەمدانییە .

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ، له‌ ئێستادا ئه‌وان كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر دیارییكردنی كه‌موكوڕێیه‌كان و هۆكاره‌كانی نه‌بونی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌ی نیشته‌جێبونی كه‌مایه‌تییه‌كان، دواتر دروستكردنی هه‌ماهەنگی له‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دابین بكرێت و گیان و ماڵ و سامانی كه‌مایه‌تییه‌كان بپارێزرێت و كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كان بكرێت بۆ ناوچه‌كانیان .


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP