ئەمریکا لەڕێگەى FBI لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەى مەنبج دەکات

- 1/18/2019 9:03:00 AM 3334 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دواى ئەو تەقینەوە بەهێزەى لە شارى مەنبج لە رۆژئاڤا روویدا، ئەمریکا لەڕێگەى ناردنى تیمێکى FBI لێکۆڵینەوەى لە رووداوەکە دەستپێکرد.

روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ کە بارەگاکەى لەلەندەنى پایتەختى بریتانیایە رایگەیاندوە، ئەمریکا لەسەر ئاستێکى باڵا لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەى رۆژى چوار شەممەى مەنبج دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکى نوسینگەى لێکۆڵینەوەى فیدراڵى ئەمەریکا (FBI) گەیشتونەتە مەنبج و دەستیان کردوە بە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە.

كاتژمێر 12 و 30ى خوله‌كى رۆژى چوارشه‌ممه‌، تەقینەوەیەكی خۆكوژی لەشاری مه‌نبج-ى رۆژئاڤا هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی كردە ئامانج و بەپێى دواین ئامار چوار سەربازى ئەمریکى و پێنج شەڕڤان و ١٠ هاوڵاتى مەدەنى کوژران و زیاتر لە ١٥ کەسیش برینداربوون.

هەر دواى تەقینەوەکەش رێکخراوى تیرۆریستى داعش له‌ ڕێگه‌ى پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانى خۆیه‌وه‌ له‌ تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، خۆکوژێکیان بەناوی ئەبویاسین ئەلشامی لەڕێگەی چاکەتێکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی بەچەند سەربازێکی هاوپەیماناندا له‌شه‌قامى سندوسى مه‌نبج تەقاندوەتەوە.

دوێنێش ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی مەنبج ئاشکرایکرد کە توانیویانە گروپێکى تیرۆریستى دەستگیربکەن کە ژمارەیان حەوت کەس بوەو په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دەزگاى هه‌واڵگیری توركیا هه‌بووه‌ و راسته‌وخۆ فه‌رمانیان له‌ گروپه‌كانی‌ قه‌ڵغانی‌ فوڕات و هه‌واڵگیری‌ توركیا وه‌رگرتووه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP