پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستى وەزارەتى داد رێککەوتن

- 1/17/2019 8:04:00 PM 96476 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە حکومەتى عێراق رایگەیاند: پارتى و یەکێتى گەیشتونەتە رێککەوتن لەسەر وەزارەتى داد و بەپێى زانیارییەکانى خەندان کۆتایی هەفتەى داهاتوو سەرجەم وەزارەتە تەواونەکراوەکانى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى پڕدەکرێنەوە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە حکومەتى عێراق بە خەندان-ى راگەیاند: یەکێتى و پارتى رێککەوتوون لەسەر یەکلاییکردنەوەى پۆستى وەزارەتى دادو کەسێکى سەربەخۆ دادەنرێت کە سەر بە هیچ کام لەو دوو حزبە نییە.

بەوتەى ئەو سەرچاوەیە، کوردێکى دانیشتووى سلێمانى کە یەکێکە لەو کەسانەى فۆڕمى کاندیدى پڕکردۆتەوە بەشێوەیەکى سەربەخۆ و ئەندامى هیچ کام لە یەکێتى و پارتى نییە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق کاندید دەکرێت بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى داد.

لەلایەکى دیکەوە خەندان زانیویەتى کە رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە لەسەر هەریەک لە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ و پەروەردە، ئەگەر هێزە شیعەکان ناکۆکى لە نێوانیان دروست نەبێتەوە کۆتایی هەفتەى داهاتوو دەنگدان لەسەر تەواوکردنى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى ئەنجامدەدرێت.

بەهۆى ناکۆکییەکانى نێوان هێزە سیاسییەکانى عێراق هەتا ئێستا لە کۆى ٢٢ وەزارەتەکەى عێراق چوار وەزارەت بە تەواونەکراوى ماونەتەوەو پەرلەمانى عێراق نەیتوانیوە دەنگ بدات لەسەر ئەو کاندیدانەى عادل عەبدولمەهدى پێشکەشى کردووە.

دادوه‌ر ڕزگار حه‌مه‌ئه‌مین یەکێکە لەو کەسانى سیڤى پڕکردۆتەوەو وەک یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکان ناوى دەهێنرێت و چاوەڕوان دەکرێت عادل عەبدولمەهدى بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى داد کاندیدى بکات.

پێشتریش دادوه‌ر ڕزگار حه‌مه‌ئه‌مین له‌ لێدوانێكدا به‌ خه‌ندان-ى راگەیاند، وه‌ك  كه‌سێكى سه‌ربه‌خۆ سیڤیم پێشكه‌شكرد له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ى كه‌ لێیه‌وه‌ سیڤى وه‌رده‌گیرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هیچ حزب و لایه‌نێكى سیاسى قسه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كردووم،  خۆشم داواى پشتیوانیم لێنه‌كردون هه‌ر بۆیه‌ ناشزانم له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوو چى ڕووده‌دات و كاندیدبوونى ئێمه‌ به‌ڕه‌سمى ده‌چه‌سپێنرێت یان نا. 

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP