فراکسیۆنەکان کۆدەنگن
بەرپرسانی باڵای هەرێم ناچاردەکرێن دەستبەرداری رەگەزنامەى بیانی بن

- 1/17/2019 6:27:00 PM 12785 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

هەرێمى کوردستانى عێراق خاوەنى پرۆژە دەستوورى خۆیەتى و لە کۆتایی ساڵى یەکەمى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى پرسى دەستوور یەکلایی بکرێتەوەو هەرێم ببێتە خاوەنى دەستوورى خۆى، ئەندامانى حزبە سیاسییەکانیش لەگەڵ ئەوەدان دەستوور بەرپرسە باڵاکانى هەرێم ناچار بکات کە نەتوانن هەڵگرى یەک رەگەزنامە زیاتر بن.

لە دەستوورى عێراق و بەپێى ماددەى ١٨ و بەندى ٤ هەر هاوڵاتیەکى عێراقى ڕێگەى پێدراوە زیاتر لە یەک رەگەزنامەى هەبێت, بەڵام کاتێک پۆستێکى باڵاى (سیادى) و (ئاسایش) وەردەگرێ دەبێت دەست لە هەموو رەگەزنامەکانى دیکەى هەڵبگرێت و ئەوەش بەپێى یاسا رێکدەخرێت.

سەرۆککۆمارى عێراق بەرهەم ساڵح لەکاتى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى عێراق و لە چوارچێوەى رێککارە یاساییەکان دەستبەردارى رەگەزنامە بەریتانییەکەى بوو، ئەوەش وەک رێزگرتنێک لەو یاسا بنەرەتییەى لە بەڕێوەبەردنى وڵات داینراوەو سەرجەم پێکهاتەکان دەنگیان پێداوە.

لە ژمارەیەکى زۆر لە وڵاتاندا دەستوور بەرپرسە باڵاکانی ناچارکردوە کە رەگەزنامەی وڵاتانی دیکەیان نەبێت و بۆئەوەی لەکاتی دروستبونی شەڕو ئاژاوە لە وڵاتدا یان جۆرێک لە ناسەقامگیری کە ئەوان بەرپرسیارى یەکەمن تیایدا  نەتوانن بە ئاسانى وڵاتەکەیان جێبهێڵن. 
پارتى : قبوڵ ناکەین کەسێک رەگەزنامەیەکی دیکەی هەبێت ببێتە حاکم
پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە و خۆی بە خاوەنی پشکی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت دەزانێت دەڵێت" قبوڵ ناکەین کەسێک رەگەزنامەیەکی دیکەی هەبێت ببێتە حاکم".

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی  بە خەندان-ی رایگەیاند، "قبوڵ ناکەین کەسێک رەگەزنامەیەکی دیکەی هەبێت و ببێتە حاکمی ئەو وڵاتە"، بەپێویستیشى زانى هاوشێوەى دەستوورى عێراق کە سەرۆککۆمارى ناچارکردوە بەدەستبەرداربون لە رەگەزنامەى دوەمى لە هەرێمیش دەستور بەرپرسە باڵاکان ناچار بکات هەڵگرى یەک رەگەزنامە زیاترنەبن.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ یاسایه‌ك له‌ ده‌ستوری ئه‌مه‌ریكادا نیه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستبه‌رداربوونی هاوڵاتیبوونی (رەگەزنامەى) یه‌كێك له‌ وڵاته‌كان له‌ كاتێك ده‌بیته‌ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌، ته‌نها یاسا لە ئەمریکا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ى دەبێتە سەرۆک له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌دایك بووبێت و دایك و باوكی جنسیه‌ی ئه‌مه‌ریكایان هه‌بێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی بۆچونه‌كان ده‌ڵێن سه‌رۆكی وڵات ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری جنسیه‌ی وڵاتی دووه‌م ببێت تا ئینتیمای بۆ وڵاته‌كه‌ی نه‌كه‌وێته‌ ڕاڕاییه‌وه‌.

بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە لەم خولەى پەرلەماندا پرۆژە یاسای دەستور هەمواربکرێتەوەو تیایدا بەرپرسە باڵاکانى سێ سەرۆکایەتییەکە پابەند بکرێن بە دەستبەرداربوونیان لە رەگەزنامەى دووەم.
 گۆڕان: دەبێت دەستەى سەرۆکایەتییەکان یەک رەگەزنامەى هەبێت
بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆران رایگەیاند، لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان،  جەختدەکەینەوە لەسەر بنەما سەرەکییەکانی دەستوور و بەتایبەت سیستەمی حکومرانی کە دەبێت هاوشێوەی بەغدا سیستەمی پەرلەمانی بێت، چۆن سەرۆککۆمار لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەهەمان شێوەش دەبێت سەرۆکی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت و دەسەڵاتەکانی دیاریکراو بێت.

بەڵێن ئیسماعیل وتیشى " لەم خولەی پەرلەماندا پشتیوانی تەواوی ئەوەدەکەین دەبێت دەستەی سەرۆکایەتییەکان، یەک رەگەزنامەی هەبێت و دەیکەنە یەکێک لە بنەماکانی دەستوور.

هەرچى یەکگرتوى ئیسلامى کوردستانە کە هەر لە دواى هەڵبژاردنەکان رایانگەیاند دەبنە ئۆپۆزسیۆن، ئەندامێکى پەرلەمانى ئەو حزبە دەڵێت" دەبێت هەر سێ سەرۆکایەتییەکە خۆیان بۆ هەرێمى کوردستان تەرخان بکەن و نابێت لە یەک رەگەزنامە زیاتریان هەبێت.
یەکگرتوو: دەبێت تەنها خۆیان بۆ کوردستان تەرخان بکەن
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە خەندان-ی راگەیاند، "وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ ئەو بۆچوونەین کە نابێت بە هیچ شێوەیەکی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم خاوەنی دوو رەگەزنامە بن و دەبێت تەنها خۆیان بۆ کوردستان تەرخان بکەن.

شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لەم خولەی پەرلەماندا کە دەستوری کوردستان هەموارکرایەوە لەگەڵ ئەوەدا دەبن کە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تەنها یەک رەگەزنامەی هەبێت.

هەرچى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە کە دوەم گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى کوردستانە لەگەڵ ئەوەدان هاوشێوەى دەستورى عێراق، لە کاتى هەموارکردنەوەى پرۆژە دەستوورى هەرێمى کوردستان بوونى یەک رەگەزنامە یەکلابکرێتەوەو هەرێم پابەند بێت پێیەوە.

کاروان عەبدولرەحمان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، ئەگەر پرۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان بێتە پەرلەمان و ئەوان لەگەڵ ئەو بڕگەیەدان، هەروەها دەستوری عێراقی ئەو بابەتەی یەکلایی کردۆتەوەو دەبێت هەرێمی کوردستانیش پێوەى پابەندبێت و ئەوەش بڕگەیەکى قورس نییە.

لە وڵاتى مەغریب و ژمارەیەکى زۆر لە وڵاتانى ئەفریقا دەستوور سەرۆکى وڵاتەکەیانى ناچارکردوە کە دەبێت دەستبەردارى رەگەزنامەى دوەم ببن و رێگەیان پێنادات تا لە پۆستە باڵاکاندا بن لە یەک رەگەزنامە زیاتریان هەبێت.

پسپۆڕێکى یاساى دەستورى لەبارەى ئەو کەسانەى کە دەستور ناچارى کردون یەک رەگەزنامە زیاتریان نەبێت دەڵێت" هێشتا یاسا بۆ ئەوە لە عێراق دەرنەچوەو دەبێت بە یاسا رێکبخرێت کە کێ دەگرێتەوە، بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
پسپۆڕێکى یاسایی: دەبێت یاسا دیاریی بکات کێ دەگرێتەوە
حاکم شێخ لەتیف، پسپۆڕی یاسایی دەستووری،  سەبارەت بەو پرسە بۆ خەندان وتی" ئەگەر بڕگەیەکی لەو جۆرە لە پرۆژە یاساى دەستورى هەرێمى کوردستان جێگەى بکرێتەوە، دەبێت یاسای پێدەربکرێت، هەرچەندە لە دەستوری عێراقدا هاتووە، بەڵام یاسای بۆ دەرنەکراوە، بۆیە پێویستە یاسای بۆ دەربچێت بزانین کێ دەگرێتەوە یاخود کێ ناگرێتەوە".

دەشڵیت، "لە دەستووری عێراقدا هاتووە، هەموو ئەوانەی پۆستی سیادی و ئەمنی باڵا وەردەگرن، ئەگەر رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەیان هەبوو، خۆیان سەرپشک بکەن لە نێوان رەگەزنامەی بیانی و رەگەزنامەی عێراقی و یەکێکیان هەڵببژێرن، بەڵام تا یاسای بۆدەرنەچێت لە پەرلەمانەوە نازاندرێت کێ دەگرێتەوە، دەبێت یاساکە ئەوەش دیاریی بکات کام پۆستانە سیادی و باڵان لە ناو پارێزگاکانیش کێ دەگرێتەوە".

خولى چوارەمى پەرلەمانى کوردستان، ئەندامانى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانى ناچارکردوە کە لە ساڵى یەکەمی خۆیدا پرۆژە دەستورى هەرێمى کوردستان بهێنێتە پەرلەمان و گفتوگۆى لەسەر بکات و پرسى سەرۆکایەتى هەرێم یەکلابکاتەوە.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP