بەڤیدیۆ..
سەعید کاکەیی: بەڵگەم نیە ئەندامانی کۆمسیاران تێوەگلابن لە ساختەکاری

- 1/17/2019 11:59:00 AM 2932 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەعید کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق داوای لێبوردن لە ئەندامی دیکەی ئەنجومەنەکە دەکات، بەهۆی ئەو وتانەی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ساڵی رابردوو ئاڕاستەی کردن کە تۆمەتباری کردبون بە "گەندەڵی و ساختەکاری".

سەعید کاکەیی، کە هاوکات نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان-ه لە ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە رایگەیاند، "داوای لێبوردن دەکەم و هیچ بەڵگەیەکم نیە بیسەلمێنێت کە ئەندامانی کۆمسیاران تێوەگلابن لە ساختەکاری 12ی ئایار".


لە کۆبونەوەکەدا کاکەیی دەڵێت، "ئێوە بێبەری دەکەم کە هیچ یەکێکتان لەلایەن منەوە بە کاری ساختەکاری و گەندەڵی تۆمەتبار نییە، چونکە هیچ بەڵگەیەکم لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەندامانی کۆمسیۆن نییە".

تا ئێستا هۆکاری ئەو وتانەی سەعدی کاکەیی لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران نازاندرێت و دیارنیە لە ژێر چی دۆخێکدا لەوتەکانی پێشوی پاشگەزبوەتەوە، کە پێشتر حزبەکانی لە ئەنجامدانی ساختەکاری گەورە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئاگاردەکردەوە.

کاکەیی ئاماژە بەوەشدەکات، "داوای لێبوردن دەکەم کە هەندێک خەڵک لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و فشارە سیاسییەکانەوە دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد".

سەعید کاکەیی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ساڵی رابردو وەک یەکەم ئەندامی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ساختەکاری گەورە کراوە و یاری بە ئەنجامەکانەوە کراوە بۆ بەرژەوەندی چەند حزبێک".

خەندان وەک ئەرکێکی پیشەیی پەیوەندی کرد بە سەعید کاکەیی لە وەڵامدا وتی، "لە ئێستا هیچ شتێکم نیە بۆ وتن، بەڵام بە راگەیەندراوێک وەڵام دەدەمەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP