ئێران و پارتى، لە ململانێوە بۆ دەسلەملانێ
چاودێران باوەش بەیەکترداکردنی بارزانی و زەریف چۆن دەخوێننەوە؟

- 1/16/2019 9:50:00 PM 24271 جار خوێندراوەتەوە
مەسعود بارزانی و محەمەد جەواد زەریف

خەندان-

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یه‌كه‌مجار دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی به‌ باوه‌شێكی گه‌رم و ناڕاسته‌وخۆ وتیان، خۆشحاڵن به‌دیداری یه‌كتر و ئاماده‌ن بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كه‌ "ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی" تێكی دابوو.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ سێشەممە بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی هەولێری پایتەخت نیشتەوە، ئه‌و هەرچەند دیداری لەگەڵ بەشێکی زۆر لە حزبە سیاسیەکان ئەنجامدا، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی كه‌ پلانداڕێژه‌ری ریفراندۆم بوو جیاوازبو.

تاران له‌رێگه‌ی زه‌ریفه‌وه‌ په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزی ئاڕاسته‌ی بارزانی ده‌كرد

به‌ر لەئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ 25-9-2017، تاران چه‌ندینجار له‌رێگه‌ی زه‌ریفه‌وه‌ په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی و به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌رێم ده‌كرد و داوای لێده‌كردن له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پاشگه‌زببنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان ویستیان روینه‌دا.
  
ئەبوبەکر عەلى، سیاسه‌تمه‌دار و چاودێرى سیاسى له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێران و پارتی ده‌ڵێت، "پارتى هەر لە سەردەمى شاى ئێران تا کۆمارى ئیسلامى ئێران پەیوەندییەکى بەهێزى هەبووە لەگەڵ ئێران، ئەو پەیوەندییانەش لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى دیكه‌ هەڵکشان و داکشانى بەخۆیەوە بینیوە، به‌هۆی ئەوەى دۆخى کورد چوارچێوەیەکى چەسپاوى نییە". 

پێشکەوتن لەهەر پارچەیەکى کوردستان وەکو مەترسیەک بۆ سەرخۆیان سەیردەکەن

ئەبوبەکر عه‌لی بۆ خه‌ندان وتی، "هەندێک جار هەر پێشکەوتنێک لە هەر پارچەیەکى کوردستان وەکو مەترسیەک بۆ سەرخۆیان سەیردەکەن، بەبڕواى من دۆخێکى ئاساییە کە پارتى و ئێران پەیوەندییەکانیان بەو شێوەیەیه‌، چونکە هەموو جومگەکانى حوکمڕانى هەرێمى کوردستانى بەدەستەوەیە و نوێنەرایەتى خەڵکى کوردستان دەکات بەشێوەیەکى فەرمى، دیارە پەیوەندییەکانیشی لاواز نییە لە ئێستادا بەتایبەتى لەدواى ریفراندۆم".

دوای  ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و له‌ به‌رامبه‌ر پشتگوێخستنی هۆشداریه‌كان، ئێران یه‌كێك بو له‌و وڵاتانه‌ی به‌ته‌واوه‌تی سنوره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم داخست و له‌ به‌غداشه‌وه‌ كاریكرد ته‌واوی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی ئاسمانی و هه‌ولێری راگرت، هه‌ربه‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا یارمه‌تی به‌غدایدا چه‌ندین هه‌نگاوی دژی هه‌رێم هه‌ڵبگرێت.

پارتی و ئێران پەیوەندییەکانیان بردوه‌تە ئاستێکى دیكه‌وه‌

ئه‌بوبه‌كر ئاماژه‌ به‌ ھاتنەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ده‌كات كه‌ ئێرانییەکان بەشداربون لە تیایدا، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "پارتی و ئێران پەیوەندییەکانیان بردوه‌تە ئاستێکى دیكه‌وه‌، چونكه‌ پێیانوابوە کە ئەو پەیوەندییانە خزمەت بەخۆیان و خەڵکى هەرێمى کوردستانیش دەکات".

کاروانی لەو بارەوە زیاتر ده‌ڵێت، "پارتی ناتوانێت فەرامۆشى رۆڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران بکات، تا وەک هێزێکى ئیقلیمى گەورە دراوسێى هەرێمى کوردستان بێت، دەبێت لە رووى زانستییەوە بزانین چۆنیەتى ئیدارەکردنى ئەو پەیوەندییانە چۆن سودى هەیە، وە پارتى کێشەى هەبووە لەگەڵ چۆنیەتى ئیدارەدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ده‌وڵه‌تانى دراوسێدا".

پارتى دەیەوێت رەچاوى هێزو قورسایی کۆمارى ئیسلامى ئێران بکات

رونیشكرده‌وه‌، کۆمارى ئیسلامى ئێران هێزێکى کاریگەرە لە عێراقدا، لەو بابەتانەى پەیوەندى بە کوردستانەوە هەیە، بۆیە پارتى دەیەوێت رەچاوى هێزو قورسایی کۆمارى ئیسلامى ئێران بکات لە ناوچەکەدا.

بەڵام ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ پێیوانییە ئەوە لەسەر حسابى فەرامۆشکردنى پەیوەندییەکانى بێت لەگەڵ ئەمریکا، بەڵکو بەشێک لە پەیوەندییەکان لە ڕوانگەى ئەرکێکى قۆناغى تێپەڕەوە رێکدەخرێت.

به‌بڕوای ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، "پارتى تێگەشتووە ئەگەر بیانەوێت هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ بەغدا هەبێت، دەبێت پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران هەبێت".

هاوكات رێبوار كه‌ریم وه‌لى، رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ری نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایه‌، "په‌یوه‌ندى پارتى و ئێران مێژووییه‌"، به‌ڵام ده‌ڵێت، "هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌رده‌مى شا هه‌ندێك ئاڵۆزى هه‌بووه و له‌ دواى هاتنه‌ سه‌ر حوكمى كۆمارى ئیسلامى ئێران نزیكترین هێزى كوردى له‌ ئێران پارتى بوه‌".

رێبواركه‌ریم وه‌لى بۆ خه‌ندان-ی رونكرده‌وه‌، "پارتی به‌شدارى له‌ شه‌ڕى هه‌شت ساڵەى ئێران و عێراق كرد و شانبه‌شانى ئێران شه‌ڕى له‌ دژى به‌عس كردوه‌، تا ئه‌وكاته‌ى یه‌كێتى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێران دروستكردوه‌، پارتى هێزێكى خوازراوتربوه‌ لاى ئێران تا یه‌كێتى". 

ئێران په‌یوه‌ندییه‌كى قوڵى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت تێكى بدات

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ی نزیك له‌ پارتی راشیگه‌یاند، "په‌یوه‌ندییه‌كان پارتی و ئێران به‌رزونزمى به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌ڵام ئێران له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا په‌یوه‌ندییه‌كى قوڵى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌ كه‌ ناتوانێت تێكى بدات، شاره‌زاى یه‌كتربون و ده‌ستى یه‌كتریش باش ده‌خوێننه‌وه‌ له‌ گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كاندا".

په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و ئێران دوای ریفراندۆم به‌جۆرێك تێكچو ئه‌وكاته‌ی ئێران له‌ 8-9-2018 دا بۆردومانی بارەگایەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ی كرد له‌ كۆیه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 17 ئه‌ندامی و سه‌ركرده‌ی حدك و حدكا گیانیان له‌ده‌ستدا، پارتی به‌توندی ئیدانه‌ی كرد، هاوكات میدیاكانی سه‌ر به‌و حزبه‌ یه‌كێتی-یان به‌هاوكاریكردنی ئێران له‌و هێرشه‌دا تۆمه‌تباركرد. 

هه‌ندێك كار هه‌یه‌ به‌ یه‌كێتى ئاسانتر ده‌كرێت تا پارتى

وه‌لی ده‌شڵێت، "جۆرى په‌یوه‌ندى پارتى و یه‌كێتى بۆ ئێران جیاوازه‌، ئه‌ویش به‌وجۆره‌ى كه‌ ئێران یه‌كێتى ده‌بینێت به‌و شێوه‌ى كه‌ قیاده‌ى بكات، به‌ڵام پارتى وه‌ك هاوشانێك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و هه‌ندێك كار هه‌یه‌ به‌ یه‌كێتى ئاسانتر ده‌كرێت تا پارتى بۆ ئێرانى بكات".

وه‌لی، ئه‌وه‌ش وت، "هێزه‌ كوردییه‌كانى دژ به‌ ئێران زیاتر له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێن، ئه‌و مێژوه‌ش له‌ كۆمارى مهاباده‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئێران سه‌نگى پارتى به‌ مه‌ترسى بۆ سه‌رخۆى ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت بڕیاربوو له‌ كاتى ڕیفراندۆم هێزێكى زۆرى ئێرانى و عێراقى په‌لامارى پارتى بده‌ن و هه‌ولێریش داگیربكه‌ن، ڕاسته‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز كردى، به‌ڵام به‌عه‌مه‌لى نه‌یتوانى ئه‌و كاره‌ بكات".

دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی ئه‌نجامدا و له‌سه‌دا 92.67ی هاوڵاتیان به‌ به‌ڵێ ده‌نگیاندا ته‌نها له‌ ماوه‌ی چوار رۆژدا سه‌رجه‌م ئاسمانی هه‌رێم و به‌شێكی زۆری ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، به‌ڵام كاتێك هه‌وڵیاندا "هه‌ڵه‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌" وه‌ك به‌رپرسانی ئه‌وكاتی پارتی وتیان، ئێران وه‌ك یه‌كه‌م وڵات پێشوازی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد.

ئێران مه‌به‌ستێتى باڵانسى سه‌رجه‌م هێزه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ بپارێزێت

رێبوار وه‌لی زیاتر ده‌دوێت و ده‌ڵێت، "ئێران نایه‌وێت باڵانسى هه‌رێمى كوردستان تێكبچێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت نه‌ پارتى زاڵ بێت نه‌ یه‌كێتى، 31ى ئابیش نمونه‌یه‌كه‌ پارتى كوردستانى گرت، به‌ڵام ئێران ڕێگه‌ى نه‌دا و یه‌كێتى هاته‌وه‌، ئێران مه‌به‌ستێتى و ده‌یه‌وێت باڵانسى هێزی سه‌رجه‌م هێزه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ بپارێزێت".

"نێچیرڤان بارزانى حه‌زده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران زۆر باشبێت، به‌ڵام لەبەر شعورى قه‌ومى كاك مه‌سعود حه‌زده‌كات ته‌حه‌فوز بكات و هه‌ندێك دیدار و سه‌ردانیش ڕێكخراوه‌ له‌به‌ر ھەستی‌ قه‌ومی‌ بۆ هێزه‌كانى دژ به‌ ئێران،  له‌وانه‌ دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ و زه‌حمه‌تكێشان سه‌ردانی نه‌كردوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ عورفى دیبلۆماسیدا كارێكى خراپه‌"، رێبوار كه‌ریم وایوت.

ڕێبوار کەریم وه‌لی پێی وایه‌، پێگه‌ی د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق جوڵه‌یه‌كى سیاسى و دیپلۆماسى گه‌وره‌ی خستوه‌ته‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئێران و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ گه‌مارۆى جۆراوجۆریان له‌سه‌ره‌، بۆیە پێگەی سەرۆککۆمار هاوكاره‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان.  

دوای ڕیفراندۆم هه‌نگاو بۆ كردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان درا

دوای ڕیفراندۆم یه‌كه‌م وڵات ئێران بوو ده‌رگاى سیاسى و دیبلۆماسیه‌كانی به‌ڕوی ھەرێمدا كرده‌وه‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی تارانی كرد و چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامدا و هێدی هێدی هه‌نگاو بۆ كردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان درا.

نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنوس له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و ئێرانه‌وه‌ ده‌ڵێت، "ئێران و پارتى هیچ کات بەبێ یەکتر نەبون، هەمیشە پەیوەندییەکانیان زۆر بە قوڵى رەنگیداوەتەوە، تەنانەت بۆ جێبەجێکردنى بەشێک لە داخوازییەکانى ئێران، پارتی ئامادەبوە دەیان چالاکوانى کوردانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستگیربکات لە هەولێر و بۆ ماوەیەک لە زیندان بیانهێڵێتەوە".

لەکاتى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر پارتى پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەبو

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "لە دواى ریفراندۆم ئەم جۆرە لە پەیوەندى گۆڕانکارى بەسەردا دێت، ئەوکات باس لەوە دەکرا کە خودى پارتى بە پەرۆشەوە چاوەڕوانى هاتنى قاسم سولەیمانى بوون بۆ هەولێر، بۆ هەوڵى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانیان، تەنانەت لەکاتى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەریش پارتى لەبەر ئەوەى مەترسى زۆرى هەبوو کە حەشدى شەعبى سنورى ماددەى 140 تێپەڕێنێت بەرەو هەرێم، ئەوان لە هەوڵى پەیوەندى بەردەوام بوون لەگەڵ ئێران بۆ وەستاندنى ئەم جۆرە پێشڕەویانە و ئەوەشیان کرد".

نیاز ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "چۆن یەکێتى ئێستا لە هەوڵى چاککردن و پێشڕەوییە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا، پارتیش لە ململانێدایە لەگەڵ یەکێتى بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران، لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئێران لە دۆخێکدا کە هەمان سنوورى لەگەڵ زۆنى زەرد نییە، دەبێت ئەوەمان لەیادبێت ئه‌گه‌ر ئێران بیەوێت هەر بەرەو پێشچونێک لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێم بکات بەبێ هەولێر نابێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پارتى تا ئێستا نوێنەرایەتى لە ئێران هەیە و ئەوەش نیشانەى ئەوەیە کە ئەو هێزە کاریگەرى و پەیوەندییەکانى لەو وڵاتە کارا دەکات، دەبێت ئەوەش بزانین کاتێک ئێران یادى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى دەکاتەوە لە هەولێر بە گەرمى بە ئامادەبونى بەرپرسانى پارتى بەڕێوەدەچێت لە هۆڵى پێشەوا قازى محەمەد.

ئێران بەشوێن هاوبەشەکانى لەناو هەرێمى کوردستان دەگەڕێت

"دواى هاتنى جەواد زەریف دەکرێت بڵێین تێڕوانینەکان جیاوازترن و ئێرانیش بە شوێن دروستکردنى هاوبەشەکانى لەناو هەرێمى کوردستان دەگەڕێت، چۆن هەوڵیداوە کە پرسەکانى خۆى لەناو حکومەتى نوێى عێراق جێبکاتەوە بە دڵنیایی بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستانیش هەمان کار دەکات"، نیاز عه‌بدوڵا وایوت.

به‌بڕوای ئه‌و پارتى لە ماوەى رابردوو "ویستویەتى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى کورد لە رۆژهەڵات بەکاربهێنێت و هەر لەژێر دەسەڵاتى پارتى لە ساڵى رابردوو بینیمان کردەى تیرۆرکردنى ئەندامان و لایەنگران و کادیرانى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان روویدا،بەڵام پارتى نەیتوانى بیانپارێزێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP