سێ سه‌رۆكایه‌تییەکەی عێراق ‌په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی دوپاتدەکەنەوە‌

- 1/16/2019 8:57:00 PM 6610 جار خوێندراوەتەوە
کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق

خەندان-

سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کۆبونەوە و جەختیان له‌ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی به‌پێی دواگۆڕانكاری پێویست و كارئاسانی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاوڵاتیان‌ کردەوە.‌

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە به ‌به‌شداری سه‌رۆككۆمار د.به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران د.عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران محه‌مه‌د حه‌لبوسی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كەی عێراق‌ كۆبونه‌وه‌.

كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌باره‌ت به دۆخی سیاسی و ئاسایش و نزیككردنه‌وه‌ی دید و بۆچوونی لایه‌نه‌کان و دورخستنه‌وه‌ی شه‌قام له‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كان بیروڕا ئاڵوگۆڕكراوە.

هاوکات، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ جەختیان له‌ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی كرده‌وه‌ به‌پێی دوا گۆڕانكاری پێویست و كارئاسانی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتیان‌‌، له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكرایه‌وه‌ بۆ كاری هاوبه‌ش له ‌پێناوی سه‌رخستنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و پشتیوانی له ‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌یدا و ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویشیکردۆتەوە، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ی پادشای ئوردن و شاندی باڵای وڵاتان بۆ عێراق كرا، سه‌ره‌ڕای ڕۆڵی عێراق له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ و سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکە به‌جۆرێك كه‌ سه‌روه‌ری نیشتمانی پارێزراوبێت و خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP