تێریزا مەى دۆڕا
پەرلەمانی بەریتانیا پلانی چونە دەرەوەیان لە یەکێتیی ئەوروپا رەتکردەوە

- 1/15/2019 10:41:00 PM 26171 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو پەرلەمانى بریتانیا دەنگدانى لەسەر رێککەوتنى برێکزیت ئەنجامداو تیایدا تیریزا مەى سەرۆکوەزیرانى بریتانیا بە دەنگى 432 دەنگ بە نەخێر بەرامبەر بە 202 دەنگ بە بەڵێ تووشى شکستێکى گەورە بوو.

ماوەى پێنج رۆژە کۆبوونەوەو گفتوگۆ لەسەر ئەو پرۆژەیەى تیریزا مەى ئەنجام دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر چونە دەرەوەى بریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا.

پێشتر سەرۆکوەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی هۆشیاریدایە ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا و وتی " هەندێک دەیانەوێت جیابوونەوەکە دوابخەن یان بەربەستی لەبەردەمدا دابنێن و هەموو هۆکارێک بەکاردەهێنن تاوەکو ئەوە بکەن."

لە وتەیەکدا بۆ پەرلەمانتارانى بریتانیا وتی: بەربەست دانان لەبەردەم جیابوونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەگەرێکی زۆر زیاترە لە جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن، هەرچی بڕیارێکتان دابێت پێشتر، لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری داهاتوودا چاوێکی دیکە بخشێننەوە بە ڕێکەوتنەکەدا."

بەپێچەوانەى پێشبینییەکانییەوە تەنانەت ئەندامانى پارتەکەى تیریزا مەى دژى رێککەوتنەکە وەستانەوەو بەپێى سەرچاوە هەواڵییەکان 150 ئەندامى پارتى پارێزگارانى بریتانیا بە نەخێر دەنگیانداوەو دژى جیابوونەوەى بریتانیا بوون لە یەکێتى ئەوروپا.

سەرۆك وەزیرانی بریتانیا هۆشداریدایە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە ئەگەری دەنگدان بە جیانەبوونەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و رایگەیاند، گەلەكەتان "بێهیوا دەكەن و یاری بە وەفای خۆتان بەرامبەر خواستی گەلەكەتان دەكەن".

پێشتر جێرێمی كوربین، سەرۆكی پارتی كرێكارانی بریتانی رایگەیاند، "سەرۆك وەزیرانی بریتانیا توشی شکستێکی گەورە دەبێت لەو دەنگدانەدا".

پارتی كرێكارانی بریتانیا كە ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیایە، تێرێزا مەی-یان دڵنیاکردووەتەوە لەوەی توشی "شکستێکی ترسناك" دەبێتەوە، دوای دەنگدانی پەرلەمانتاران.

پارتی نیشتیمانی سكۆتلەند-یش رایگەیاندووە، "تێرێزا مەی لە جیهانێكی خەیاڵدا دەژی، پێویستە لەسەر حكومەت لەو هەڕەشانە بوەستێـت سەبارەت بە چونە دەرەوەیان لە یەكێتی ئەوروپا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP