"گۆڕان سه‌ربه‌خۆیانه‌ داوایكردوه‌"
كامه‌ران بابانزاده‌: هه‌نگاوێكى دیكه‌ چاوه‌ڕوانى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كه‌ین

- 1/15/2019 7:22:00 PM 4662 جار خوێندراوەتەوە
کامەران بابانزادە

خه‌ندان - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى رایگەیاند، گۆڕان سه‌ربه‌خۆیانه‌ داوایكردوه‌ به‌شدارى به‌كۆمه‌ڵ بكرێت له‌ حكومه‌ت، ده‌شڵێت"ئێمه‌ گۆڕانمان ڕانه‌سپاردوه‌ ئه‌و داوایه‌ بكات".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، شاندێكى پارتى سه‌ردانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى كرد له‌ شارى سلێمانى و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا شاندى گۆڕان داوای له‌ پارتى كردووه‌، به‌شدارى به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان بكات له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

ئێمه‌ كاتێك بڕیار ده‌ده‌ین بگاته‌ كاتى پێكهێنانى حكومه‌ت

كامه‌ران بابانزاده‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ خه‌ندان-ى وت، كۆمه‌ڵى ئیسلامى تائێستا به‌رچاو ڕون نییه‌ بۆیه‌ بێ بڕیارى كۆتایى ماوه‌ته‌وه‌، كاتى ئه‌وه‌یه‌ بپرسین باشه‌ حكومه‌ت تا ئێستا بۆچى پێكنه‌هاتووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێكى جدیشى نه‌بڕیوه‌ و گفتوگۆكانیش به‌رچاو ڕونین، ئێمه‌ كاتێك بڕیار ده‌ده‌ین بگاته‌ كاتى پێكهێنانى حكومه‌ت.

وتیشى، ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ى كه‌ ده‌كرێت ڕووبدات له‌ نێوان هه‌رسێ لایه‌نى پارتى و گۆڕان و كۆمه‌ڵ، تا بزانرێت پێكهێنانى حكومه‌ت به‌كوێ ده‌گات، ئه‌و كاته‌ ده‌توانرێ له‌وێ كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان بڕیارى كۆتایى خۆى به‌گوێ خه‌ڵك و هێزه‌ سیاسیه‌كاندا بدات.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌كرد، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ حكومه‌ت زۆر دوا ده‌كه‌وێت و خه‌ڵك به‌ره‌و بێ ئومێدى ده‌بات، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵ له‌ئه‌گه‌رى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت بڕیارێكى دیكه‌بدات به‌به‌شدارینه‌كردن له‌ حكومه‌ت، ئێستا بڕیارمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌نگاوێكى دیكه‌ چاوه‌ڕوانى  پێكهێنانى حكومه‌ت بكه‌ین.

هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و په‌ڕله‌مان كۆنه‌بۆته‌وه‌ و ئه‌جێنداى حكومه‌تیش ناڕوونه‌

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت په‌یوه‌یست نییه‌ به‌ په‌له‌كردن، نه‌ریتى ئۆپۆزسیۆن بوونە کەده‌بێت لیستى براوه‌ گفتوگۆت له‌گه‌ڵ بكات له‌ ئه‌نجامى ڕازینه‌بوون  له‌به‌رنامه‌ و ئه‌جێندا و كارنامه‌كه‌ى بڕیار ده‌درێت، نه‌ك تا ئێستا هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و په‌ڕله‌مان كۆنه‌بۆته‌وه‌ و ئه‌جێنداى حكومه‌تیش ناڕوونه‌.

"ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵیش بچێته‌ ناو حكومه‌ت به‌پێویستى ده‌زانێت گۆڕانى له‌گه‌ڵ بچێته‌ حكومه‌ت، له‌ ڕابردوودا په‌یوه‌ندى گۆڕان و كۆمه‌ڵ زۆرترین هاوبه‌شى هه‌بوه‌ و نزیكترین دوو هێز بوون له‌ِرا و بۆچونه‌كاندا و ده‌مانه‌وێت بڕیاره‌كان زۆرجار پێكه‌وه‌ بده‌ین" كامه‌ران بابانزاده‌ واى وت.

مشتاقى به‌شداركردن نین له‌ حكومه‌ت تا ڕێگه‌ى جیاواز بدۆزینه‌وه‌ 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ ده‌شڵێت، تا ئێسا به‌فه‌ڕمى له‌لایه‌ن پارتى دیموكراتى كوردستان و كۆمه‌ڵ داواى هاوبه‌ش نه‌كراوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ و كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مشتاقی به‌شداركردن نییه‌ له‌ حكومه‌ت و تا كه‌ناڵ و ڕێگه‌ى جیاواز بدۆزێته‌وه‌ بۆ چوونه‌ ناو حكومه‌ت.
   



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP