خەندان نهێنییەکى گرنگى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى یەکێتى و پارتى ئاشکرا دەکات

- 1/14/2019 9:55:00 PM 18859 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

سەرچاوەیەک لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان سەرسوڕمانى خۆى بەرامبەر لێدوانەکانى هێمن هەورامى دەربڕى و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پارتى و یەکێتى رێککەوتن کراوە بۆ دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەش بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم کێشەکانى نێوانیان.

ئەمشەو هێمن هەورامى ئەندامى شاندى دانوستانکارى پارتى لە بەرنامەى رووداوى ئەمڕۆ رایگەیاند، "یەکێتى و پارتى لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیاندا گەشتونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەى کێشەکانى هەرێم و کەرکوک و بەغداد ھاوتەریب بەڵام بەجیا چارەسەر بکەن".

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکى باڵا لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە خەندان-ى راگەیاند" بەهیچ شێوەیەک وتەکانى هێمن هەورامى راست نین و ئێمە سەرمانسوڕماوە لەو زانیارییە هەڵانە، چونکە ئەوە تەنھا بۆچونی پارتی خۆی بووە".

وتیشى : "بەپێچەوانەوە لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆدا پارتى و یەکێتى رێککەوتوون لەسەر دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان هەردوو حزب بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم کێشەکانى نێوانیان و لیژنەکە چوارچێوەیەک و میکانیزمەکانی چارەسەر بۆ ڕێکەوتن لەسەر ھەرێم و کەرکوک و بەغداد بەیەک پاکێچ دەدۆزێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد کە پارتى رازى بووە بە پاکێجەکەى یەکێتى و خودى نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە کە "پارتى بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی  کێشەی کەرکوک و مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق کە جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیە لەگەڵ یەکێتی ھەنگاو دەنێت" .
 
بەوتەى سەرچاوەیەکی باڵای پارتى کە بەمەرجی ناو نەھێنانی قسەی بۆ خەندان کرد، تاکە داواى پارتى لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە بوە کە دەکرێت بە گفتوگۆو لە ڕێگەى دروستکردنى لیژنەیەکى هاوبەشەوە سەرجەم کێشەکانى هەرێمى کوردستان و کەرکوک و بەغداد چارەسەر بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتن کراوە بۆ دروستکردنى لیژنەکە.

پێشتریش خەندان لە چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە یەکێتى بە پارتى دیموکراتى کوردستانى وتووە کە بەهیچ شێوەیەک سازش لەو پاکێجە ناکات کە داویەتییە پارتى و بەروونى ئاماژەى بەوەکردووە کە دەبێت رێککەوتنێکى سیاسى لەسەر تەواوى پرسەکانى هەرێمى کوردستان و کەرکوک و بەغداد بکرێت، لەبەرامبەردا پارتى داواى کردووە کە سەرەتا با پرسەکانى سەرۆکى هەرێم و حکومەت و پەرلەمانى کوردستان یەکلابکرێنەوەو دواتر پرسەکانى کەرکوک و بەغداد گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، یەکێتیش بەروونى بەپارتى وتووە ناکرێت لەبەغداد و کەرکوک کێشە هەبێت و لە هەرێم رێککەوتن هەبێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP