ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بەرهەم ساڵح و شا عه‌بدوڵای دووه‌م

- 1/14/2019 2:27:00 PM 4622 جار خوێندراوەتەوە
د. بەرهەم ساڵح و شا عه‌بدوڵای دووه‌م

خەندان-

له‌ سه‌ر بانگهێشتی د. بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیێراق شا عه‌بدوڵای دووه‌م، پادشای ئوردن سه‌ردانی عێراقی كرد و لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی سیاسی و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، له‌ سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك کۆمارەوە ئەمڕۆ دووشەممە شا عه‌بدوڵای دووه‌م، پادشای ئوردن به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عێراق و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح-ەوە پێشوازی لێكرا و دواتر له‌ مه‌راسیمێكدا پشكنینی پاسه‌وانی سه‌رۆكایه‌تی و مارشی نیشتمانی عێراق و ئوردن ئه‌نجامدرا.

هاوكات سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح هیوای خواست ئه‌م سه‌ردانه‌ ببێته‌ مایه‌ی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندی نێوان ئوردن و عێراق و ئارامی ناوچه‌كه‌.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دوای مه‌راسیمی پێشوازی سه‌رۆك كۆمار و پادشای ئوردن له‌ كۆشكی سه‌لام، به‌ئامادوبوونی شاندی هه‌ردوو وڵات كۆبوونه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنی هه‌لومه‌رجی سیاسی ناوچه‌كه ‌و ‌ په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات‌ و چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌و پێشبردنیان له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا‌ به‌جۆرێك خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات و گه‌لی دۆست بكات.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی ئابووری و بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات گفتوگۆی له‌باره‌وه‌كرا.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیکەی كۆبونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ئاڵوگۆڕ كرا و تیایدا جەخت له‌ رۆڵی گرنگی عێراق و ئوردن كرایه‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش و ئارامی به‌ جۆرێك كه‌ به‌غدا و عه‌مان پێگه‌ی سه‌ره‌كی لێكگه‌یشتن و پێكگه‌یشتنی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ بن بۆ كۆتایی هێنانی یه‌كجاره‌كی قه‌یران و گرژیه‌كان دوور له‌ توندوتیژی.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP