پەخشی تەلەفیزیۆنی بەرەو نەمان هەنگاودەنێت

- 1/13/2019 2:32:00 PM 6847 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دڵشاد بیتوێنی

رەنگە زۆرێک بەلایانەوە سەیر بێت کە بڵێیت یارییەکانی تۆپی پێی خولێکی بەهێزی ئەوروپی لە ڕێگەی فەیسبوک یان یوتیوبەوە بەبێ بەرامبەر دەگوازرێتەوە، کە بە قۆناغی نوێی پەخشی تەلەفزیۆنی ناودەبرێت کە تەلەفیزیۆن لەو قۆناغە نوێیەدا بوونی نییە.

لە ئێستادا و وەک یەکەم هەنگاو لەو قۆناغە نوێیەدا یوتیوب کە سەر بە کۆمپانیای گۆگڵ-ە لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا رێککەوتووە بۆ گواستنەوەی یارییەکانی خولی پلە دووی لالیگای ئیسپانیا بەبێ بەرامبەر.

بەوتەی مێلیسیۆ سۆلێر، بەرپرسی گواستەوەی یاریەکانی LaLiga 1l2l3 مەبەست لەو ڕێککەوتنەی نێوان یەکێتی تۆپی پێی و یوتیوب زیادکردنی بینەر و ناساندنی زیاتری ئەو خولەیە بە بینەرانی وەرزش لە سەرانسەری جیهاندا، و یوتیوب-یش هەڵسەنگاندنێکی زۆر باشە بۆ قۆناغی نوێ لە پەخشکردنی یاریەکان. 

پەخشەکە بۆ 11 یاری دەبێت لەهەر هەفتەیەکدا، لەگەڵ بەرنامەیەکی هەفتانەی 50 خولەکی لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی یاریەکان، بە بێژەری ئینگلیزی دەبێت و لە ڕێگەی کەناڵی LaLiga 1l2l3 وە لە یوتیوب دەگوازرێتەوە و لە زیاتر لە 155 وڵات بەردەست دەبێت لەوانە وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریکای باکور و ئەمەریکای باشور.

یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا و یوتیوب هاوبەشن لە داهات و بە بازاڕکردنی یاریەکان و ئامانجێکی گەورەتریان هەیە بۆ داهاتوو لەوەی ئێستا.

بەپێی ئامارەکانی یوتیوب لە ساڵی 2016دا لالیگای ئیسپانیا زیاتر لە دوو ترلیۆن بینەری هەبووە لە رێگەی کەناڵی یانەکان و لالیگای ئیسپانیا لە یوتیوبەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP