سەربازانی ئەمەریکا لە موسڵ و كه‌‌ركوك جێگیردەکرێن
واڵستریت ژورناڵ: چەکدارانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌‌ركوك و موسڵ جێدەهێڵن

- 1/13/2019 1:58:00 PM 38935 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ-ی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەمەریکا چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی موسڵ و کەرکوک دەردەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمەریکی چوونه‌‌ته‌‌ دەوروبەری ئەو دوو پارێزگایە.

رۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ-ی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەیەک زۆر سەربازی ئەمەریکی لە دەوروبەری موسڵ جێگیرکراون و پێدەچێت ژمارەیەکی زیاتر رەوانەی ئەو ناوچانە بکرێن.

به‌پێی راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌، هێزه‌‌كانی ئه‌‌مەریكا هه‌موو هێزه‌ چه‌كدارەکانی وەک حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە جێبهێڵن.

جێگیرکردنی سەربازی ئەمەریکی لە دەروبەری موسڵ هاوکاتە لەگەڵ رەوانەکردنی ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمەریکی بۆ سه‌‌ربازگه‌‌ی "كه‌‌ی وه‌‌ن" له‌ كه‌‌ركوك كه‌ پێشتر سه‌ربازی هێزه‌كانی عیراق-ی تێدابوو.

نۆی ئەم مانگەش خەندان لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە کەرکوکەوە بڵاویکردبووەوە، دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکوک رادەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکرێت و هێزێکی ئەمنی هاوبەشیش لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دروستدەکرێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە بۆ خەندان، "رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک بە یەکێتی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدایە و یەکێتی رۆڵی گرنگی دەبێت لەو بوارەدا، ئەوەش بە چاودێری ئەمەریکا".

سەرچاوەکەی خەندان رونیشیکردەوە، هەموو هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دەکشێنەوە و ئەو رۆڵەی پێشوویان لێدەسەندرێتەوە کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پێیان سپێردرابوو.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە رادەستی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقیەکانی دیکە کرا، بەڵام چاوەڕواندەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بدرێتەوە دەست یەکێتی.

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP