کەجەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی چاوپێکەوتنی ئۆجەلان بڵاوکردەوە

- 1/13/2019 1:29:00 PM 5117 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان هەوڵی شەڕی تایبەتى دەسەڵاتى ئاکەپەو مەهەپەیە بۆ تێکشکاندنی هەڵمەتەکەیان بە ناوی "ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێنن، فاشیزم هەڵدەوەشێنین".

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى چاوپێکەوتنى نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتەکە و براکەی راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە رایگەیاندووە، "هەڵمەتى بەرخودانمان لە ژێر دروشمی ئێمە گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەین بە هەموو شوێن و ئاستێکدا بڵاوبووەتەوە و بەردەوامە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە زیندانەکانی تورکیادا سەدان زیندانى بە پێداگرییەوە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەبەن. لە چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات، گەلەکەمان چالاکیى مانگرتن لە خواردن، رێپێوان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدات".

دوای نزیکەی 800 رۆژ دوێنێ شەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگەیاندا بە محەمەد ئۆجەلان تاوەکو لە دورگەی ئیمڕاڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان بکات.

کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە دۆخێکی لەوجۆرەدا بەڕێوەبەریى ئاکەپە و مەهەپە کە چەندین ساڵە گوشارێکى قورس و گۆشەگیری دەسەپێنن محەمەد ئۆجەلانیان نارد بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتنى لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گەلی کورد".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "دەبێت پێش هەموو شتێک ئەوە بزانرێت، ئەوەى کە چاوپێکەوتنى 12ی کانوونی دووەمی رێکخست، هەڵمەتى بەرخودانى گەلەکەمان بوو، لەسەر ئەو بنەمایە سەرکەوتنى دەستپێکى هەڵمەتى بەرخودانەکەمان بە پێشەنگایەتى لەیلا گیوڤەن دەستیپێکرد".

کەجەکە هەروەها دەڵێت، "روونە چاوپێکەوتنی ئۆجەلان بە مانای ئەوە نییە، کە گۆشەگیری کۆتایى پێهاتبێت، بۆیە گوشار و سزاکانى فاشیزم لە ئیمراڵی لە دژی رێبەر ئۆجالان بەردەوامیى هەیە".

نیشانەکردن :

#ئۆجەلان #كه‌جه‌كه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP