دواى نزیکەى سێ ساڵ دیدارى ئۆجەلان دەستیپێکردەوە

- 1/12/2019 10:22:00 PM 7143 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دواى نزیکەى سێ ساڵ، ئەمڕۆ بۆ جارێکى دیکە رێگە بە بینینى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى پەکەکە درا، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت تەندروستى باشە.

عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری هەدەپەی ڕەحا ئاشکرایکرد کە ڕێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ئەمڕۆ چاوی کەوتووە بە محەمەد ئۆجەلان-ى براى.

عومەرئۆجەلان  ئەوەشی خستۆتەڕوو، چاوپێکەوتنەکە لەسەر ئاگاداری لە دۆخی تەندروستی و مافی ژیانە و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو شتە پێوەندی بە گۆشەگیرییەوە نییە.

لاى خۆشیەوە، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دەربارەی چاوپێکەوتنەکە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندووە، " ئەمڕۆ محەمەد ئۆجەلان توانیویەتى براکەى  عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە ببینێت و تەندروستى زۆر باشە و لەماوەى داهاتوودا زانیارى ورد لەسەرى بڵاودەکرێتەوە.

لەدواى دروستبوونەوەى پێکدادانەکانى نێوان حکومەتى تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان، حکومەتى تورکیا لە بەروارى ١١ ى ئەیلولى ٢٠١٦ ەوە رێگەى نەداوە دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامبدرێت و هیچ کەس لە ئەندامانى پارتەکەى و خێزانەکەى نەیانبینیبوو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP