لەسەر پۆستێکی فەیسبووک بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی لێپرسینەوەی لەگەڵدەکرێت

- 1/12/2019 9:44:00 PM 28398 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لێپێچینەوە لە بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی دەکات و بەپێی نوسراوێک دەبێت رۆژی ١٦ی مانگ لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگا ئامادەبێت.

لە نووسراوێکدا کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتووە بەرزان محەمەد، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى داواى بانگهێشتى بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى سلێمانى کردووە، بەپێی نووسراوەکە دەبێت رۆژى ١٦ى کانوونى دووەمى ٢٠١٩ کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى لە هۆڵى ئەنجومەنى پارێزگا ئامادەبێت.

هاوسەر هۆشیار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئەو پرسە بە خەندان-ی راگەیاند، "بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەو پۆستە کە لە فەیسبووک لەسەر ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا و کۆی ئەنجومەن بەگشتی نووسیویەتی بانگهێشتی ئەنجومەن دەکرێت".

هاوسەر هۆشیار دەشڵێت، دەبێت روونکردنەوە بدات لەسەر ئەو پۆستەی، چونکە دەبوو وەڵامی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن بداتەوە نەک سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، چونکە ئەو قسەی لەسەر تەواوی ئەنجومەنەکە کردووە، بەوەی کە ئەنجومەنی پاریزگا موزایەدەی کردووە یاخود پشتگیری هەندێک حاڵەتیکردووە و پشتگیری هەندێک بابەتی دیکەی نەکردووە، بۆیە دەبێت روونیبکاتەوە ئەنجومەن لە کوێ و لە چ بابەتێکدا موزایەدەی کردووە.

پێشتر سالار حسامەدین بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە وەڵامى رزگار حەمە نوری ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، سەبارەت بە دانانى جۆزەى ٢٠ ئەمپێرى بۆ ماڵان ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەتەوە و نوسیوویەتى، "پڕۆژەى دانانى جۆزە لە ئەنجومەنی پارێزگاکەی کاک ڕزگارەوە بە نوسراوی فەرمی کۆنووسی جێبەجێنەکردنی کارەکەیان ئەنجامدا بە چەند مەرجێکی کۆنکرێتی."

سالار حسامەدین نووسیویەتی"ئەوکات چەند ئەندامێکى ئەنجومەن بۆ موزایەدەی سیاسی کەوتنە تانەلێدان و سەرئێشە دروستکردن بۆ پرۆژەکە و جوڵاندنی ڕاگەیاندنەکان و خەڵک دژی ئەم کارە، بەوەش پڕۆژەکە ئامانجە گشتگیرییەکەی خۆی لەدەستدا و ئەوکات جیبەجێنەکرا، بۆیە ئەوکات وەک پرۆژەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبا ئەنجامنەدرا، بەڵام لەسەر داوای ناوچەکان و یەکە ئیدارییەکان خۆیان کاریان بۆ کرد لەو ناوچانەی کە ئێستا جۆزەیان ھەیە، لە ئێستاشدا چاوەڕێی پرۆژەی پێوەری زیرەکن کە ھەمان کار دەکات وکە لە ھەنگاوەکانی سەرەتایی پرۆژەکەن، ئەو ناوچانەی جۆزەیان نییە سەرەتا پرۆژەی پێوەری زیرەک لەوانەوە دەستپێدەکەن".

خەندان چەندینجار پەیوەندیکرد بە سالار حسامەدین بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.




نیشانەکردن :

#كاره‌با

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP