فڕێدانى دوو منداڵ لە هەفتەیەکدا کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە

- 1/12/2019 8:47:00 PM 30976 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا تەرمی دوو منداڵی ساوا لە هەرێمی کوردستان فڕیدراون پارێزەرێکێش دەڵێت" فڕێدانی منداڵ لە لایەن هەر کەسێکەوە بە تاوانی کوشتن هەژماردەکرێت"، هاوڵاتییەکیش وەک ئاماژەیەک بۆ بێبەزەیی هەندێک مرۆڤ نوسیویەتى، من لە هەولێرم و ناتوانم پشیلەکەم جێبهڵێم و بێمە سلێمانى.

رۆژی ٩ی ئەم مانگە لە ناحیەی زنانەی سەر بەقەزای کفری تەرمی منداڵێکی ساوا لە ناو چاڵێکدا دۆزراوەتەوە، ئەمڕۆش لە شاری هەولێر تەرمی منداڵێکی ساوا لە گەڕەکی قەڵاتی نوێی رێگەی زێرەڤانی لە تەنیشت فەرمانگەی کارەبای ئەو گەڕەکە و بەرامبەر گۆڕستانەکەی فڕێدراوە. 

علی جەمال قدووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە خەندان-ی راگەیاند، تا ئێستا کەس لەسەر فڕێدانی ئەو منداڵە دەستگیرنەکراوە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرانەکراوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کەلارە.

لای خۆشییەوە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە خەندان-ی راگەیاند، دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادارکرایەوە بە بوونی تەرمی منداڵێکی ساوا لە رەگەزی نێر لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ، تیمێک چوونەتە شوێنەکە و تەرمی منداڵەکەیان بردووە و رادەستی پزیشکی دادوەریانکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری فڕێدانەکەی و مردنەکەی.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ: ئەو منداڵانە ئەگەر زۆره شەرعی نەبن

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت" ئەو منداڵانە ئەگەری زۆری هەیە منداڵی شەرعی نەبن، بۆئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوادا نەیات فڕێدەدرێن".

زیاپترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە خەندان-ی راگەیاند، فڕێدانی منداڵی ساوا پێشێلکردنی مافەکانی منداڵە و تاوانێکی گەورەیە و بە کوشتن ئەژماردەکرێت و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای ئەو حاڵەتانەدا بچن و ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە ئەو کارانە ئەنجامدەدەن.

زیا پترۆش  دەشڵێت، ئەو منداڵانە منداڵێکی شەرعی نین، چونکە دایک و باوک منداڵ فڕێنادات و یاخود رەنگە ئە منداڵە هی خێزانە کوردەکان نەبن، لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاری بیانی و کەسانی دیکە هەن، رەنگە بەرێگەی ناشەرعی لەدایکبووبێت و نەتوانێت لە خۆی بگرێت، چونکە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەو حاڵەتە بە یاسا رێکنەخراوە، بۆئەوەی منداڵێک بێ دایک و باوک هەبێت و کێشەی کۆمەڵایەتی دروست نەبێت، بۆیە ئەو ڕێگایە دەگرنەبەر.

پارێزەرێک : ئەگەر دایکەکە خۆى فڕێی دابێت دەبێتە تاوان

رێکخراوەکانی منداڵانیش لەسەر فڕێدانی منداڵ لە گۆڕستان و شوێنە گشتییەکاندا و بەجێهێشتنیان ناڕەزایی دەردەبڕن لەو بارەیەوە سەیران سەلاح، سەرۆکی رێکخراوی ئەستێرەی منداڵان کە رێکخراوێکە لە بواری منداڵاندا کاردەکات لەبارەی کەیسی فڕێدانی ئەو منداڵانەوە بۆ خەندان وتی؛ ئەوان بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو حاڵەتانە و ئەگەری هەیە ئەو منداڵە دزرابن، فڕێدرابن یاخود دایکەکانیان دەستدرێژی کرابێتە سەریان و پێویستە بەدواداچوونی بۆبکرێت.

گەشەدارا، دەشڵێت، دادوەر لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکە دەکات و جۆری سزاکە دیاریدەکات، بەڵام ئەگەر بە ئەنقەست بێت ئەوا سزاکەی قورستر دەبێت و ئەگەر لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسییەوە ئەو حاڵەتە روویدابێت بۆ پەردەپۆشکردنی حاڵەتەکە ئەوا دایکەکە سزا نادرێت، و ئەویش قوربانییە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر خۆی ویستی ئەوەی هەبێت ئەوا بە تاوان بۆی هەژماردەکرێت.

چۆن توانیتان ئەو منداڵە بە زستانی دڵتەزیو بسپێرن؟

دواى بڵاوبوونەوەى وێنەى ئەو منداڵەى هەولێر، هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەریەک بە جۆرێک نیگەرانى و ناڕەزایی خۆیان دەربڕى، دیمەن بورهان-ى رۆژنامەنووس لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک دەڵێت" هیچ ناڵێم ئەسڵەن هیچم پێ ناوترێ، من پشیلەیەکم هەیە دڵم نایە بۆ یەک رۆژ جێیبهێڵم ئەو دایکە ئەی خوایە منداڵ چی هەرچی بێ، بەهەر شێوەیەک بێ چۆن توانیتان بە زستانی دڵتەزیوی بسپێرن لە بەیانیەوە نان و ئاوم پێناخورێ راماوم بەدیار ئەم وێنەیە .... تۆش لای یەزدان سکاڵاکە".

دیمەن نووسیویەتی "پێش ناسینی پەموو واتە سێ مانگ بەر لەئێستا و حەوت ساڵ بەتەواوی قاچێکم لە هەولێر قاچێکم لە سلێمانی بوو، هەمیشە دەموت لە مۆبایل ئەچم نەچمەوە بۆ سلێمانی لەقفڵەوە ئەکوژێمەوە .... بەڵام پەموو ژیانمی گۆڕی کاتێک چاوە هەنگوینەکانی ئەبڕییە چاوم ئەمزانی ئەڵێت مەڕۆ پێویستم پێتە، هەربۆیە لەو ڕۆژەی پەموو هاتووەتە ماڵەکەم بۆ شەوێک لە سلێمانی ماومەتەوە تەنانەت دڵم نایە بیبەم خەو جێگای لێبگۆڕێ". 
هاوڵاتییەک نوسیویەتى "سەگەکان بەوەفاترن لە مرۆڤەکان"

هاوڵاتییەکی دیکە لە پەیجەکەى خۆى نوسیویەتى " سەگەکان بەوەفاترن لە مرۆڤەکان، ئەوەتا ئەو منداڵەی شاری هەولێر سەگێک لە دیاریبووە و پاسەوانی کردووە تا نەبێتە خۆراکی گیانلەبەرانی دیکە، بەڵام مرۆڤی دڕەندە نەک نایپارێزێت فڕێشی دەدات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP