ترسى بەرپرسانى حزبى و حکومى لەبەرامبەر پرسیارى رۆژنامەنووساندا

- 1/12/2019 7:14:00 PM 4998 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەو کاتەى رۆژنامەنووسان بە شەو و رۆژ سەرقاڵى گواستنەوەى زانیاریین بۆ هاوڵاتیان، بەشێکى زۆر لە بەرپرسە باڵاکانى هەرێمى کوردستان، زۆر کات نەک هەر ئامادە نین لەسەر کۆبوونەوەکانیان زانیارى بە رۆژنامەنووسان بدەن، بەڵکو هەندێکجار وشەى نەشیاو و هەڕەشەو زمانى زبر بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەى بیر لەوە بکەنەوە کە لێپرسراوێتى ئەوان وابەستەیە بەو مافانەى خەڵک هەیەتى لەسەریان، لە کاتێکدا ئەوان بیریان چووە کە ئەگەر لێپرسراوێتیان نەبووایە، هەرگیز رۆژنامەنووسان ئامادەنەبوون داواى زانیارییان لێبکەن لەسەر بابەتە گەرمەکانى رۆژ.

لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى میدیا بە دەسەڵاتى چوارەم ناسراوەو چاودێرە بەسەر هەرسێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەى دیکەوە، رۆژنامەنووس مافى بەدەستهێنانى زانیارى هەیەو پێویستە لە هیچ دەزگایەکى وابەستە بە هاووڵاتیان لەمپەرى بۆ دروست نەکرێت و زانیارییەکانى بخرێتە بەردەست، تەنانەت لە هەرێمى کوردستانیش لە یاساى رۆژنامەگەرى کوردى مافى بەدەستهێنانى زانیارى دراوەتە رۆژنامەنووسان.
بەرپرسان کاتێک کێشەیەکى تایبەتیان هەیە، هەرزوو دەکەونە لەدەرگادانى رۆژنامەنووسان
ئەوەى ئەمڕۆ بووەتە دیاردەیەکى سەیرو گرفتى بۆ بەشێکى زۆر لە رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانى دەزگا راگەیاندنەکان دروستکردووە، خۆدزینەوەى بەرپرسانى یەکەمى حزبە سیاسییەکان و خۆشاردنەوەیانە لە رۆژنامەنووسان، سەیرەکە لەوەدایە هەر ئەو بەرپرسانە کاتێک کێشەیەکى تایبەتیان لەگەڵ لایەنێک یاخود کەسێکى ناو حزبەکانیان دەبێت، هەر زوو دەکەونە لەدەرگادانى رۆژنامەنووسان و خۆیان زانیارى ناو کۆبوونەوە نهێنییەکانیان بۆ دەنێرن و دەیانەوێت بابەتەکانیان بۆ بڵاوبکەنەوە و ئامانجەکانیان بپێکن.

رۆژنامەنووسێک دەڵێت کاتێک سەرقاڵى کۆکردنەوەى زانیاری بووم لەسەر پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، تەلەفۆنم بۆ چەندین بەرپرسى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد، لەپڕ یەکێک لە بەرپرسەکان وەڵامى دامەوەو ئاهێک هاتەوە بە دڵ و دەروونمدا کە دەتوانم زانیارى لێوەربگرم لەسەر سەردانى ئەو حزبە بۆ لاى گۆڕان، بەڵام خۆزگە وەڵامى نەدامایەتەوە، چونکە ئەوەى بیرچوویەوە کە بەرپرسێکى باڵاى حزبێکى سیاسییە و ئەرکە لەسەرى وەڵامی رۆژنامەنووسان بداتەوە، هەر کە پرسیارەکەم ئاڕاستە کرد پێیوتم ئەرێ ئەم "جڕە جڕە"ت لە چییە، ئیشم هەیە بەبێ وەڵامدانەوە و خواحافیزییکردن تەلەفۆنەکەی بەسەردا داخستمەوە، خەندان ناوى رۆژنامەنووسەکە و بەرپرسەکەى لاى خۆى پاراستووە.

دیمەنێکى لەوە سەیرتر ئەوەیە رۆژنامەنووسێک لەکاتێکدا کە زۆربەى خەڵکى سەرقاڵى کارى رۆژانەیان بوون تەلەفۆن دەکات بۆ یەکێک لە ئەندامانى رێکخراوێکى داکۆکى لە مافى رۆژنامەنووسان و داواى زانیارى لێدەکات، ئەویش زۆر بە شێنەیی پێی دەڵێت "ئێستا سەرقاڵى خواردنەوەم".
سێ حزبە گەورەکە وەڵامى رۆژنامەنووسان نادەنەوە
ئەوەى کاریگەرى گەورەى کردە سەرمان لە  ئامادەکردنى ئەم راپۆرتە، (کۆبوونەوەى رۆژى ١٧/١٢/٢٠١٨ ى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، راپۆرتێک لەسەر بەشداریکردنى گۆڕان لە حکومەت، سەردانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ سلێمانى) ستافى خەندان لەم رۆژەدا پەیوەندی بە تەواوى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى پارتییەوە کرد و وەڵام نەدرایەوە، پەیوەندى بە ئەندامانى مەکتەبى سیاسى یەکێتییەوە کردو پێیان وتین کە وتەبێژەکەمان قسە لەسەر ئەو پرسە دەکات، بەڵام ئەویش دواى چەندینجار هەوڵدان پەیوەندییەکەى بەردەست نەبوو، هەرچى بزووتنەوەى گۆڕانە، هیچ کام لە ئەندامانى خانەى ڕاپەڕاندن یان وەڵامیان نەداینەوە یاخود ئامادەى لێدوان نەبوون لەسەر پرسى بەشداریکردنى بزوتنەوەکەیان لە حکومەت، خەندان تەواوى کاتى پەیوەندییەکانى لاى خۆى پاراستووە.

ئەوەى لێرەدا جێگەى سەرنج و پرسیارکردنە، ئایا ئەو سێ حزبە گەورەیە، کە زۆرینەى خەڵکى هەرێمى کوردستان شوێنکەوتەیانن، کاتێک لەسەر ئەو پرسە گرنگانە کە پەیوەندى راستەوخۆى بە جەماوەرەکانیانەوە هەیەو ئەندامانیان رۆژانە لەرێگەى تەلەفۆن و نامەوە داوا لە دەزگاى میدیایی خەندان دەکەن راپۆرت و هەواڵیان بۆ ئامادەبکەین لەسەر بابەتە گەرمەکانى رۆژ، ئامادەنەبن لەڕێگەى دەزگا میدییایەکانەوە جەماوەرەکانیان لە بڕیارەکانیان ئاگاداربکەنەوە، چۆن دەتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنگرانیان بەردەوامى پێ بدەن؟ ئایا لایەنگرانى ئەو حزبانە گرنگ نییە لە ڕێگەى دەزگا میدیاییەکانەوە لە وردو درشتى کۆبوونەوەی  حزبییەکانیان ئاگاداربن؟ باشە ئەگەر میدیا و میدیاکاران لە هەرێمى کوردستان بایکۆتى بەرپرسان بکەن، هەڵوێستى ئەو حزبانە چى دەبێت؟
لەجیاتى وەڵامدانەوە پێى وتم ئێستا سەرقاڵى خواردنەوەم
یەکێکى دیکە لە رۆژنامەنووسەکانى هەرێمى کوردستان بە خەندان-ى راگەیاند : ئێوارەیەکی هەینی بۆ لێدوانێکی رۆژنامەوانی پەیوەندیم کرد، بە یەکێک لە لێپرسراوانی داکۆکى لە رۆژنامەنووسان، بەمجۆرە وەڵامم وەرگرت: "تۆ ئێستا بۆ پەیوەندی دەکەیت ؟ من وا لە مەجلیسام و دانیشتووم ئەخۆمەوە"، خەندان لەچوارچێوەى ئەخلاقى کارى رۆژنامەنووسیدا ئامادەنەبوو ناوى رۆژنامەنووسەکە و بەرپرسەکە بڵاوبکاتەوە.
بەرپرسێک پێى وتم ئەرێ ئەم "جڕە جڕە"ت لە چییە؟
هەروەها پەیامنێرى خەندان لە شارى سلێمانى لەکاتى وەرگرتنى زانیارى لەسەر پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت و دواین کۆبوونەوەى نێوان پارتى و یەکێتى پەیوەندى دەکات بە ئەندامێکى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە هاوکات ئەندامى لیژنەى دانوستانى ئەو حزبەیە، وەک ئەو رۆژنامەنووسە وتى "هەر کە پرسیارەکەم ئاراستە کرد پێى وتم ئەرێ ئەم "جڕە جڕە"ت لە چییە، ئیشم هەیە بەبێ وەڵامدانەوە و خواحافیزیکردن تەلەفۆنەکەی بەسەردا داخستمەوە".
بەهۆى وەڵامنەدانەوەى رۆژنامەنووسان زانیارى ناراست بڵاودەکرێتەوە
یاساكانی تایبەت بە میدیا لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەردوو یاسای ژمارە (35)ی ساڵی (2007)ی تایبەت بە ڕۆژنامەگەری و یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2013 ی تایبەت بە بەدەستهێنانی مافی زانیاری، جەختیان لەسەر ئەو مافە كردوەتەوە بۆ میدیاكان.

د.كارزان محەمەد پسپۆڕ لە یاساكانی میدیا لەو بارەیەوە بە خەندان-ى راگەیاند: "هەر دەزگایەكی حكومی و حزبی ئەگەر كەمتەرخەمی لەو ئەركە قانونییە بكات، ئەوا دەرفەت بۆ میدیاكان دەڕەخسێنێ كە پەنا بۆ سەرچاوەی تایبەت ببەن، تەنانەت زۆرجاریش بەوهۆیەوە واتەوات و زانیاری ناڕاستیش سەبارەت بەو مەسەلانە بڵاوكراوەتەوە، كە زانیاری تەواوەتی لەبارەیەوە ناخەنەڕوو".

لە یاسای بەدەستهێنانی زانیاریدا، ماددەی چوارەم جەختی لەسەر مافی بەدەستهێنانی زانیاری كردوەتەوە، لە ماددەی حەوتەمیشدا ئاماژەی بەوە داوە كە هەر دامودەزگایەكی گشتی یاخود تایبەتی فۆرمی داواكردنی زانیاری ئامادە بكات بۆ پێدانی زانیاری، نابێ ماوەی وەڵامدانەوەش لە (15) رۆژ بترازێت.
بەرپرسان زانیاری گرنگیان داوەتە میدیا بیانییەكان
ئەو پسپۆڕەى یاساى رۆژنامەگەرى راشیگەیاند، "هۆكاری وەڵام نەدانەوە و خۆدزینەوەی بەرپرسانی حكومی و حیزبی لە پێدانی زانیاری بۆ میدیاكان دەگەڕێتەوە بۆ بێ منەتبوونیان لە میدیای كوردی، چونكە زۆرجار هەر ئەو بەرپرسە باڵایانە زانیاری گرنگیان داوەتە میدیا بیانییەكان، خۆدوورخستنەوەشیان لە میدیای كوردی، بێباكییە دەرهەق بەو جەماوەرەی كە لە كاتی هەڵبژاردندا داوای دەنگیان لێ دەكات".

سەبارەت بەو پرسیارەش كە هەندێكجار لەبری وەڵامدانەوەی دروستی رۆژنامەنووسان لەكاتی وەرگرتنی زانیاریدا، "پێویستە هەر رۆژنامەنووسێك ئەگەر تەشهیر یاخود سوكایەتی پێكرا لە كاتی وەڵامدانەوەدا، ئەوا بەپشتبەستن بە یاسای رۆژنامەگەری پەنا بۆ دادگا ببات، چونكە هەرجۆرە دەستدرێژییەك بۆسەر رۆژنامەنووسان، بە دەستدرێژی و پێشێلی كارمەندێكی گشتی حكومی دادەنرێت". كارزان محەمەد وادەڵێت.
وتەبێژەکەى حکومەت دوو مانگە جوابى خەندان ناداتەوە
هەر سەبارەت بە پرسى وەڵامنەدانەوەى رۆژنامەنووسان لەلایەن بەرپرسانى حکومى چەندین نموونەى زیندوو هەن، سەفین دزەیی کە وتەبێژە تاقانەکەى حکومەتى هەرێمى کورستانە، لەماوەى دوو مانگى رابردوودا خەندان چەندینجار پەیوەندى پێوەکردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک وەڵامى نەداوەتەوە، زۆرجاریش لە برى وتەبێژەکەى حکومەت کەسێک وەڵامدەداتەوەو دەڵێت بەنامەیەک پرسیارەکەت ئاڕاستەى وتەبێژى حکومەت بکە، بەڵام دواتر وەڵامى ئەو پرسیارەش ناداتەوە کە لەڕێگەى نامەوە ئاڕاستەى دەکرێت، خەندان ژمارەى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و کاتەکانى لاى خۆى پاراستووە.
بەشێک لە بەرپرسەکان ئەتەکێتی وەڵامدانەوەیان نییە

لاى خۆشیەوە رۆژنامەنووس سەردار محەمەد بەخەندانى راگەیاند، "کاری رۆژنامەنووسی یەکێکە لە پیشە قورسەکان، بەتایبەت بۆ ئەو میدیایانەی ئەهیلین یاخود سەربەخۆن یان سەر بەحزبی دەسەڵات نین، ئەوە وایکردووە زۆر کێشە بۆ رۆژنامەنووسان دروست دەبێت کە بەشێک لە بەرپرسەکان ئەتەکێتی وەڵامدانەوەیان نییە، پەی بەو گۆڕانکارییانە نابەن کە لەژیانی ئەمڕۆدا رووداودات، هەست بەو بەرپرسیارێتیە ناکەن کە بەرامبەر کۆمەڵگا هەیانە، تا کارەکانیان بۆ ڕایگشتی روونبکەنەوە، بەشێکیان بەشێوەیەکی ناشرین مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەکەن.

بەوتەى سەردار محەمەد تا ئێستا لە کوردستان کار بە یاسای بەدەستهێنانی زانیاری نەکراوە، بۆیە بۆ رۆژنامەنووسە سەربەخۆکان کارێکى قورسە، لە بەڕێوەبەرێکەوە تاکو لوتکەى دەسەڵات زانیارى نادەنە رۆژنامەنووسان لە کاتێکدا هەندێک بابەت هەیە پێویستى بە بنکۆڵکارییە.

بەرپرسان ئەگەر زانیاریش بدەن بە دەزگاکانی خۆیانی دەدەن

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت، گرفتی زۆر هەیە لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان لە کوردستان لە کاتێکدا کە یاسایەکی تایبەت هەیە بەو بوارە ئیهمالکراوە و جێبەجێناکرێت و بەرپرسەکان رێز لە یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ناگرن.

حکومەتی هەرێم و حزبەکان هەموو زانیارییەک بە نهێنی گەورە تەماشا دەکەن

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە خەندان-ی وت" حکومەتی هەرێم و حزبەکان هەموو زانیارییەک بە نهێنی گەورە تەماشا دەکەن، جیاکارییەکی زۆر دەکەن لە نێوان رۆژنامەنووسی دەزگاکانی راگەیاندندا و ئەگەر زانیاریش بدەن بە دەزگا راگەیاندنەکانی خۆیانی دەدەن".

دەشڵێت، ئەو بەرپرسەی کە زانیاری نادات بە رۆژنامەنووسان دوو یاسا پێشێلدەکات یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری، بۆ نموونە ئەگەر بەرپرسێکی حکومی زانیاری نەدات لەسەر فەرمانگە و ئەدای ئیشەکانی دامەزراوەکەی ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت شەفافییەت نییە لەو دامەزاوەیەدا.

وتیشی،" ئەم حکومەتە دروشمی بەرهەڵستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرزکردووەتەوە کە بە شەفافیەت دەبێت، نەک ئەوەی کە بەڕووی میدیاکان و رۆژنامەنووساندا داخراوبن، بە پێچەوانەوە ئەگەر بیانەوێت لێپرسینەوە بەهێز بکەن، دەبێت شەفافییەت هەبێت، چونکە ئەوکاتە حکومەت راستگۆیە لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڵام لەبەرئەوەی شەفافیەت و لێپرسینەوە نییە لەهەرێمی کوردستان، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش تەنها دروشمە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

تێبینى: خەندان ناوى دەیان رۆژنامەنووسى لایە کە لەماوەى رابردوودا بەرپرسان دەرگاى وەڵامدانەوەى کارە رۆژنامەنووسییەکانیان لێداخستوون.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP