تۆمەتبارێک دواى ١٠ساڵ دەستگیردەکرێت

- 1/12/2019 5:49:00 PM 83120 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى ئاشکرایکرد توانیویانە، ئەمڕۆ تۆمەتبارێک دەستگیربکەن کە ١٠ ساڵە لەدادگا هەڵاتووە.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک کرا لە نێوان ئاسایش و پۆلیسى سلێمانى بەمەبەستى هەماهەنگى و دانانى پلان بۆ ساڵى ٢٠١٩، دواى کۆبوونەوەکەش نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیان: تۆمەتبارێک کە لەساڵى ٢٠٠٩ ەوە بەتۆمەتى کوشتن و بە ماددەى ٤٠٦ فەرمانى دەستگیرکردنى هەبوو، ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانى پۆلیسى سلێمانییەوە توانرا دەستگیربکرێت و رووبەرووى دادگاى بکەنەوە.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەى سێوان قادر تەواو بوون
 
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو تۆمەتبارە لەگەڵ سێ کەسى تردا کەسێکیان کوشتووەو یەکێک لە تۆمەتبارەکان گیانى لەدەستداوەو دوو کەسەکەى تریش فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ئەوەشى خستەروو کە ئەمڕۆ هێزەکانی نەهێشتنى تاوان توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە هەستاوە بە دزینی ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ئەڤەلۆن لە هاوڵاتییەکى شارى سلێمانى، لەئێستادا تۆمەتبارەکە دەستبەسەرەو چاوەڕێى فەرمانى دادوەرین.

ئاماژەى بەوەشکرد کە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاکو ئەمڕۆ ٢٠ فەرمانى دەستگیرکردن جێبەجێکراوە.

لەبارەى دۆسیەى سێوان قادر هەموو لێکۆڵینەوەکان تەواو بوون و خراوەتە بەردەستى دادگا و دوابڕیار لاى دادگایە و ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو دۆسیەیە نەداوە.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP